ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی گه‌ڕه‌كی كۆماری كه‌وت
كوشتن و پێشێلكاریی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ شه‌ڕی دوزخورماتوودا

October 26, 2017 at 1:53 pm

دوزخورماتوو/ 16ی تشرینی یه‌كه‌م/ دوكه‌ڵی شه‌ڕ له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: دڵشاد ئه‌نوه‌ر

 ژینۆ خه‌لیل، عه‌لی مه‌حمود و له‌یلا ئه‌حمه‌د

هێرشی هێزه‌کانی سوپای عیراق بۆ سه‌ر قه‌زای دوزخورماتوو كوژرانی چەند مه‌ده‌نییه‌كی لێکەوتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماڵ و بازاڕی خێزانه‌ كورده‌كانی قه‌زاكه‌ روبه‌ڕوی سوتان و تاڵانكردن بوونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ی كه‌ تیمی رۆژنامه‌نووسانی (كه‌ركوك ناو) له‌چه‌ند رۆژی رابردودا ئه‌نجامیانداوه‌.

خێزانه‌ كورده‌كانی دوزخورماتوو له ‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی شه‌ڕێكی قورسدا له‌ نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ 16ی تشرینی یه‌كه‌م، ماڵه‌كانیان له‌ دره‌نگانێكی شه‌ودا جێھێشت ‌بێئه‌وه‌ی هیچ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌ن، له‌ ئێستادا گوزه‌رانیان خراپه‌ و له‌ ئاواره‌ییدا داوای هاریكاریی مرۆیی ده‌كه‌ن.

شامیل مه‌حمود 65 ساڵ، ئه‌و شه‌وه‌ ئارامی لێهەڵگیرابوو، جارجار‌ ده‌هاته‌ به‌رپه‌نجه‌ره‌ی هه‌یوانی ماڵه‌كه‌ی و ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ژووره‌وه‌، ده‌یوت “گوێم له‌ ده‌نگی ته‌قه‌یه‌كی زۆر و هاوه‌ن ده‌بوو، ده‌مویست بزانم چی رووده‌دات! شاره‌كه‌ جێبهێڵم یان بمێنمه‌وه‌‌”.

“هاوه‌ن و قازیفه‌ یه‌‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌مانی دەدا ‌و دوكه‌ڵ ئاسمانی ته‌نییبوو، ده‌توت كۆتایی دونیایه‌”، شامیل مه‌حمود دانیشتووی گه‌ڕه‌كی كۆماری ئه‌و شه‌وه‌ نه‌خه‌وت، چاوه‌ڕێی یه‌كلاییبوونه‌وه‌ی چاره‌نووسی شه‌ڕه‌كه‌ی ده‌كرد.

شامیل وتی “ته‌قه‌كردن له‌ كاتژمێر 12ی شه‌و به‌ دواوه‌‌ ده‌ستیپێكرد، سه‌ره‌تا پێموانه‌بوو پێشمه‌رگه‌ بشكێت، چه‌ند كاتژمێرێك له‌ باره‌گا كوردییه‌كانه‌وه‌ به‌رگرییان ده‌كرد، به‌ڵام له‌پڕ كاتژمێر پێنج به‌ دواوه‌ هه‌موو شت گۆڕا و خه‌ڵك هه‌ڵات… نازانم چی روویدا… له‌ شه‌قامه‌كان به‌ چاوی خۆم ته‌رمم بینین كه‌وتبوون، خه‌ڵك له‌ ترسی خۆی فریایان نه‌ده‌كه‌وتن، له‌نێو گه‌ڕه‌كی خۆمانەوە ته‌قه‌مان لێده‌كرا”.

كاتژمێر شه‌ش و 10 خوله‌كی به‌یانی شامیل به‌ منداڵه‌كانی وت ده‌بێت دوزخورماتوو چۆڵبكه‌ن.

قه‌زای دوزخورماتوو كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، 16ی تشرینی یه‌كه‌م، یه‌كه‌م ناوچه‌ بوو كه‌ به‌ ته‌واوی كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌ عیراقییه‌كان، ئه‌وه‌ش له ‌دوای بڕیاری حه‌یده‌ر‌ عه‌بادی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات له‌و ناوچانە.

له‌وكاته‌ی شامیل ماڵه‌كه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كی كۆماری كوردنشین جێهێشت، بۆردومانه‌كان‌ چڕتر و رێگاكان قه‌ره‌باڵغتر دەبوون، شامیل ده‌ڵێت ” كه‌ له‌ماڵ ده‌رچووین ته‌قه‌یان لێ ده‌كردین، هیوای ده‌ربازبوون كه‌مبوو، له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار به‌یه‌ك سه‌عات یه‌ك كیلۆمه‌تر رێگامان بڕی، ده‌نگی دۆشكه ‌و هاوه‌ن و دوكه‌ڵی شه‌ڕ ئاسمانی شاره‌كه‌ی داپۆشیبوو، كوێرانه‌ به‌ چه‌كی قورس له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردییه‌كان ده‌درا و خه‌ڵك ده‌كوژرا، له‌ دڵی خۆمدا وتم ئه‌مه‌ ئه‌و رۆژه‌یه‌ ده‌مرین”.

ئامینە حسێن دانیشتووی هه‌مان گەڕەک، كه‌ ئێستا ئاواره‌ی ناحییه‌ی زنانه-یه‌‌ زیاتر له‌ 22كم خۆرهه‌ڵاتی دوزخورماتوو. وتی “هێزه‌ كوردییه‌كان تا كاتژمێر یه‌ك وتیان هیچ نییه‌، دواتر شه‌ڕ ده‌ستیپێكرد و ئێمه‌ به‌ر له‌ خۆرهه‌ڵاتن شارمان جێهێشت… به ‌چاوی خۆم ته‌رمی مه‌ده‌نیی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانم بینی له‌ كۆڵان و سه‌ر شه‌قامه‌كان”.

دوزخورماتوو/ 16ی تشرینی یه‌كه‌م/ سوتانی خانووی هاوڵاتییه‌ك‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی دوزخورماتوو

به‌یانی 16ی تشرینی یه‌كه‌م دانیشتووانه‌ كورده‌کەی قه‌زای دوزخورماتوو و ئه‌و هێزانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌وێ بوون قه‌زاكه‌یان جێهێشت، هه‌ندێك خه‌ڵك كه‌ بۆ رزگاركردنی هه‌ڵاتووه‌كان و رێگری له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق چه‌كیان هه‌ڵگرتبوو ئه‌وانیش هه‌ڵاتن.

سامی ئه‌حمه‌د كه‌ خاوه‌نی چوار منداڵ بوو‌، یه‌كێك بووه‌ له‌و کەسانه‌ی ئەو رۆژه‌ له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یدا له‌ دوزخورماتوو كوژرا‌.

خه‌وله‌ مه‌جید (31 ساڵ) هاوژینی سامی، به‌(كه‌ركوك ناو)ی وت “مێرده‌كه‌م له‌ ده‌وروبه‌ری كاتژمێر پێنجی به‌یانی كاتێك ده‌نگی ته‌قه‌ زۆر بوو چووه‌ به‌ر ده‌رگا و له‌پڕ هاوار له‌ گه‌ڕه‌ك به‌رزبۆوه ‌و وتیان سامی كوژرا”.

خه‌وله‌ وتی “سامی چه‌كی پێنه‌بوو… له‌وكاته‌دا خو‌شكێكم كه‌ ئۆتۆمبێلیان هه‌یه‌ به‌ په‌له‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ و وتی خێراكه‌ ده‌بێت ئێره‌ جێبهێڵێن”، زیاتر وتیشی “ته‌رمی مێرده‌كه‌مم بینی كه‌وتبوو، به‌ڵام ناچاربووم جێیبهێڵم بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی چوار منداڵه‌كه‌م بپارێزم خێرا چووینه‌ ناو ئۆتۆمبیلەکە و رامانكرد”.

منداڵه‌كانی خه‌وله‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان چوار ساڵ بۆ 10 ساڵه‌و دووانیان نه‌خۆش كه‌وتوون و دایكیان به‌ تیمی (كه‌ركوك ناو)ی وتووه‌ سه‌رمایان بووه‌. هاوکات، وتیشی چه‌ند رۆژێكه‌ داوای باوكیان ده‌كه‌ن، چونکە هێشتا پێینه‌وتوون له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌.

خه‌وله‌ 17ی مانگدا گه‌و‌ڕێكی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵی له‌ گوندی (ساله‌ی بان)ی نزیك ناحیه‌ی زنانه‌ خاوێنكرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی تیایدا ده‌ژی، وتی “مێرده‌كه‌م له‌ده‌ستدا، ده‌ڵێن ماڵه‌كه‌شیان سوتاندوین، تەنیا ده‌مه‌وێت مناڵه‌كانم برسییان نه‌بێت”.

به‌گوێرەی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی دوزخورماتوو كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو) دراوه‌، 200 خانووی هاوڵاتیان و 100 دوكان و كۆگا له‌ گه‌ڕه‌كی كۆماری قه‌زاكه‌ سوتێنراون یان تاڵانكراون، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا، 50 خانووی لێپرسراوانی كورد و پێشمه‌رگه ‌و چه‌كداره‌ خۆبه‌خشه‌كان ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌.

(كه‌ركوك ناو) قسه‌ی له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 10 خێزانی هه‌ڵاتووی دوزخورماتوو كردووه‌، هه‌موویان جه‌ختیان له‌وه‌ده‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌چاوی خۆیان پێشێلكاریی جۆراوجۆریان له‌ تاڵانكردن، كوشتن، سوتاندن بینیووه‌.

“11 كوژراوی پۆلیسی به‌رگری فریاكه‌وتنی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ هه‌بووه‌”، محه‌مه‌د فایه‌ق، لێپرسراوی راگه‌یاندنی قه‌زاكه‌ وای وت، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه‌ مه‌ده‌نی كوژرابێت، ته‌نیا وتی “چوار بێسه‌روشوێن هه‌ن‌ و نازانین چییان به‌سه‌ر هاتووه‌”.

هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی سه‌ر به‌ حكومه‌تی عیراق له‌ دووه‌م رۆژی دوای شه‌ڕی دوزخورماتوو 37 دیلیان ئازادكرد.

ره‌شید عه‌بدولڕه‌حمان (50ساڵ)، كه‌ دوكانی فرۆشتنی وشكه‌ی هه‌بوو له‌ دوزخورماتوو، وتی “هێشتا له‌ نێو قه‌زاكه‌دا مابووم به‌ چاوی خۆم بینیم هه‌ندێك خه‌ڵك دوكانه‌كه‌یان شكاندم و ئه‌وه‌ی بردیان بردیان، دواتر ئاگرییان تێبه‌ردا، بڕوابكه‌ به‌ پێی په‌تی رامكرد”.

دوكانه‌كه‌ی ره‌شید له‌نێو گه‌ڕه‌كی كۆمارییدا بوو كه‌ گه‌وره‌ترین گه‌ره‌كی كوردنشینی قه‌زاكه‌یه‌ و وتی “نزیكه‌ی به‌ به‌های 30 هه‌زار دۆلار خۆراكی تێدابوو”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ عه‌تاف نه‌جار، لێپرسراوی ڕێكخراوی به‌در له‌ دوزخورماتوو 18ی تشرینی یه‌كه‌م داوایه‌كی ئاڕاسته‌ی هاوڵاتیانی دوزخورماتوو كرد تا‌ واز له‌ تاڵانی بهێنن.

دوزخورماتوو/19-10-2017/ ئاواره‌كانی قه‌زاكه‌ له‌ سنوری گوندی ئومەرسۆفی سەر بە ناحیەی نەوجول له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی دوزخورماتوو فۆتۆ: عه‌لی مه‌حمود

عەلی هاشم حوسەینی، وتەبێژی هێزه‌كانی حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هه‌موو ئاماره‌كان راست نین، به‌ڵام به‌شێك له‌ ماڵ و بازاڕه‌كان به‌هۆی  بۆردومانه‌كانه‌وه‌ سوتاون، هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌ش بۆردومانی گه‌ڕه‌كه‌ توركمانه‌كانی كردووه‌ و خه‌ڵكی توركمان بۆته‌ قوربانی”.

لەگەڵئەوەشدا، رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ 19ی تشرینی یه‌كه‌م، گروپه‌ چه‌كداره‌كانی تۆمه‌تباركرد به‌ سوتانی نزیكه‌ی ١٥٠ ماڵ و ته‌قاندنه‌وه‌ی ١١ خانوی تر له‌ دوزخورماتوو.

له‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌م، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق دانی به‌وەدا‌نا كه‌ پێشێلكاری له‌ دوزخورماتوو كراوه‌ و وتی “فه‌رمانی توندم داوه‌ به‌

ده‌ستگیركردنی هه‌ر كه‌سێك مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوخۆیی دروستده‌كات و هێرشده‌كاته‌ سه‌ر هاوڵاتیان و ماڵ و حاڵیان”.

60 هه‌زار كورد له‌ قه‌زای دوزخورماتوو ده‌ژین، له‌ كۆی 180 هه‌زار دانیشتوی شارەکە، توركمان و عه‌ره‌ب هاوشانی كورد پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی دانیشتووانه‌كه‌ین، دوزخورماتوو یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق و خاوه‌ندارێتی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق.

ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی زیانیان پێگه‌یشتووه‌ سێ گه‌ڕه‌كی كوردنشین و دوو گه‌ڕەكی تێكه‌ڵن له‌ نێوان كورد و توركماندا، قه‌زاكه‌ له‌ 16 گه‌ڕه‌ك پێكدێت.

شه‌لال عه‌بدول، قایمقامه‌ كورده‌كه‌ی دوزخورماتوو له‌ رۆژی هێرشه‌كه‌وه‌ چه‌ند جارێك رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان به‌هۆی نابه‌رابه‌ری هێزه‌وه‌ شكاون، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ كه‌ركوك نزیكبوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش شكاون. شه‌لال خۆی قه‌زاكه‌ی جێهیشتووه‌ و حكومه‌تی عیراق قایمقامێكی به‌ وه‌كاله‌تی له‌ جێی دانا.

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان كه‌ هێزی یه‌كه‌می كوردی بوو له‌ ناوچه‌كه‌، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دەكات لەبارەی روداوەكانی دوزخورماتووەوە‌ و ئاشكرایدەكات، “دەیان هاوڵاتی لەو قەزایە كوژراون‌ و زیاتر لە دوو هەزار ماڵیش سوتێنراون”.

ئەو داوایەی یەكێتی، لە بەیاننامەیەكی مەكتەبی سیاسی حزبەكەدا هات كه‌ چوارشەممە 25-10 ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و رایگ شتی كراوە ‌و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە دوزخورماتوو “كەوتۆتە بەردەم رقێكی تایفەگەریەوە، هەزاران خێزان ئاوارەكراون،.. دەیان هاوڵاتی شەهید كراون، جگە لە بێسەروشوێنكراوان لەناوچەكەداو سوتاندنی زیاتر لە دوو هەزار ماڵ”.

هه‌روه‌ها هۆشداریدەدات ئەگەر نەتەوەیەكگرتوەكان ‌و حكومەت ‌و پەرلەمانی عیراق‌ و ئەمریكا فریانەكەون، “ئەم ئاگرە تایفییە مەترسی جینۆسایدكردنی كوردی لەو ناوچەیە لێدەكەوێتەوە.

جومعە مه‌حه‌مه‌د ساڵەیی، یه‌كێكی تره‌ له‌و ئاوارانه‌ی كه‌ قسه‌ی بۆ تیمی رۆژنامه‌نووسانی (كه‌ركوك ناو) كردووه‌، ده‌ڵێت “خه‌ڵكی دوزخورماتوو‌ زۆر ترساون، گه‌ڕانه‌وه‌یان ئاسان نییه‌، لانیكه‌م دیانه‌وێت لێرە هاوكاریی بكرێن و شوێنیان بۆ دابینبكرێت”.

 

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن