بارزانی دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت
پەرلەمان دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی دابەشكرد

October 29, 2017 at 7:50 pm

هەولێر، ئابی 2009، سوێندخواردنی مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبەردەم پەرلەماندا فۆتۆ: KRG

كەركوك ناو
مەسعود بارزانی، دوای 12 ساڵ مانەوەی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوامی لەو پۆستەدا رەتكردەوە‌و پەرلەمانیش بەپێی یاسایەك، زۆرینەی دەسەڵاتەكانی ئەو سەرۆكایەتییەی بەسەر دامەزراوە گشتییەكاندا دابەشكرد.

پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 29-10-2017 لە دانیشتنێكی ئاساییدا بە ئامادەبونی هەموو فراكسیۆنەكان نامەیەكی مەسعود بارزانی خوێندەوە‌و بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای “دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە گشتییەكانی هەرێمی كوردستاندا” پەسەند كرد.

بارزانی لەو نامەیەدا سەبارەت بەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم جەختیكردۆتەوە “لەدوای 1-11-2017 بەردەوام بوونم لەم پۆستە رەتدەكەمەوە و نابێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە یان تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێم درێژبكرێتەوە”.

هەروەها بەپێویستی دەزانێت پەرلەمان كۆببنەوە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسای لەئەرك‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دروست نەبێت‌و ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت، دەربارەی داهاتووی خۆیشی بارزانی نوسیویەتی وەكو پێشمەرگە، لە خەبات‌و تێكۆشان بەردەوامدەبێت.

دهۆك، 16-9-2017، بەشداری بارزانی لەهەڵمەتی بانگەشەی بەڵێ‌ بۆ ریفراندۆم فۆتۆ: سایتی سەرۆكایەتی هەرێم

بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمان ئەمڕۆ پەسەندیكرد زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دراونەتە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و ئەنجومەنی دادوەری، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بۆ فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پێشمەرگە نەكراوە.

هەروەها بڕیاردراوە بە مانەوەی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام كاركردن بەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم رادەگیرێت تا هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و خولی پێنجەمی پەرلەمان، كە دەكەوێتە مانگەكانی كۆتایی ساڵی داهاتوو.

مەسعود مستەفا بارزانی، ساڵی 1946 لە شاری مەهاباد لە كوردستانی ئێران لە دایك بووە، ساڵی 1962 بۆتە پێشمەرگە، ساڵی 1971 بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردراوە‌و دواتر كراوەتە ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسی، لە ساڵی 1979دا‌و دوای كۆچی دوایی باوكی بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە‌و تائێستا لەو پۆستەدایە.

بارزانی لە ساڵی 2003 بووە ئەندامی ئەنجومەنی حوكمڕانی عیراق‌و بۆ ماوەی مانگێكیش سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنەكەی كردووە.

لە ساڵی 2005دا مسعود بارزانی وەكو یەكەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرا، لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009 لەرێی دەنگدانی راستەوخۆوە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژاردرایەوە.

هەولێر، 25-9-2017، بەشداری مەسعود بارزانی لە پرۆسەی ریفراندۆم فۆتۆ: سایتی سەرۆكایەتی هەرێم

لە ساڵی 2013دا بە رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لە رێی پەرلەمانی كوردستانەوە، ویلایەتی بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا بۆ دوو ساڵ درێژكرایەوە‌و لە 19ی ئابی 2015وە وادەی یاسایی تەواو بوو، بەهۆیەوە بۆچونی جیاواز لەبارەیەوە دروستبوو بەشێك لە حزبەكان بە تایبەت پارتی پێیوابوو بەبڕیاری ئەنجومەنی شورا بارزانی یاساییانە لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە‌و حزبەكانی تریش بە تایبەت گۆڕان، بە نایاساییان زانی.

بارزانی‌و ژمارەیەك لە سەركردەی پارتە سیاسیەكان، حوزەیرانی 2017 بڕیاریاندا بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك سەرباری ناڕەزایی توندی عیراق‌و وڵاتانی دنیا، دوای پرۆسەكە بەغدا زنجیرەیەك رێكاری دژ بە هەرێم گرتەبەر‌و دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ ناوچەكانی جێناكۆك گەراندنەوە كە لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بوون.

هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگی 11ی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم‌و پەرلەمان بكرێت، بەڵام پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ هەشت مانگی تر درێژكردەوە‌و ئەو پرۆسەیەی دواخست.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن