پارێزگارێکی نوێ بۆ که‌رکوک
له‌ چاوه‌ڕوانی کۆبونه‌وه‌ی حه‌وت پێکهاته ‌و لایه‌ندا

October 31, 2017 at 2:34 pm

2015/ كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

که‌رکوک ناو

یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری که‌رکوک به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌، پێویستی به‌ رێکخستنی کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجومه‌نی پاریزگایه‌‌ که‌ تیایدا ‌لانی که‌م حه‌وت پێکهاته ‌و لایه‌نی جیاواز و ناکۆک کۆبکاته‌وه‌.

سێ لایه‌نی ناکۆکی نێو لیستی برایه‌تی (کورد) له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، دوو پێکهاته‌ی ئاینیی تورکمانی (شیعه‌و سوننه‌)، پێکهاته‌ی عه‌ره‌ب و کریستیانه‌کان، کۆکردنه‌وه‌یان بۆ یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەختە بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگبده‌ن به‌ رزگار عه‌لی کاندیدی ئه‌و حزبه‌ پۆ پۆستی پارێزگاری نوێی که‌رکوک.

هه‌وڵه‌کانی یه‌کێتیی بۆ رێکخستنی دانیشتنێکی ئه‌نجومه‌ن، له‌ دووه‌م رۆژی هاتنی هێزه‌کانی عیراق بۆ که‌رکوک 16ی تشرینی یه‌كه‌م ده‌ستیپێکردووه دوای ئەوەی بڕیاردرا به‌ دانانی راکان سەعید جبوری، جێگری پارێزگاری که‌رکوک و له‌ پێکهاته‌ی عه‌ره‌ب ‌بۆ رایکردنی کاره‌کانی نه‌جمه‌دین که‌ریم که‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ له‌ پۆستی پارێزگار دورخرایه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری، ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی له‌ پشکی یه‌کێتی، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “هه‌وڵه‌کانمان هه‌ر به‌ر‌ده‌وامه تا21 ئه‌ندام ئاماده‌بن بۆ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن،‌ به‌ڵام تائێستا نه‌مانتوانیووه‌ رێژه‌ی یاسایی ئاماده‌بووان کۆبکه‌ینه‌وه‌”.

لیستی برایه‌تی له‌ ئێستادا سێ بۆچوونی جیاوازی تێدایه‌، یه‌کێتی په‌له‌ده‌کات بۆ رێکخستنی کۆبوونه‌وه‌، پارتی دیموکراتی کوردستان که‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی پێکده‌هێنێت ئاماده‌نییه‌ به‌شداریی بکات، یه‌کگرتووی ئیسلامیش به‌شداریکردن ره‌تناکاته‌وه‌ به‌ڵام داوای دڵنیایی ئه‌منی و مافه‌کانی ده‌کات تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ که‌رکوک.

كه‌ركوك/2005/ لایەنگرانی یەكێتی‌ له‌ بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان فۆتۆ: فەریق هەڵەبجەیی

جوان حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی له‌ یه‌کگرتووی ئیسلامی، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “ئێمه‌ نه‌مانوتووه‌ به‌شداریی کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ناکه‌ین، هه‌رکات واژۆی پێویست کۆکرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆبونه‌وه‌ بکرێت ئێمه‌ش به‌شداریی ده‌که‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕینی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا نین، چونکه‌ جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پشکی یه‌کگرتووه‌”.

جوان ده‌ڵێت که‌ ئه‌وان وه‌ک یه‌کگرتووی ئیسلامی نیگه‌ران بوون به‌ راگه‌یه‌نراوی ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا که‌ تیایدا داوای کۆبونه‌وه‌یان کردبوو بۆ گۆڕینی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی.

“دۆخی ئه‌ندامانی یه‌کگرتوو و کاک رێبوار تاڵه‌بانی بۆ به‌شداریکردن له‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن جیاوازه و نابێت تێکه‌ڵبکرێت‌، کاک رێبوار ماڵی سوتاوه ‌و فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی هه‌یه‌، ئێمه‌ش داواده‌که‌ین رێوشوێنی ئه‌منی بگیرێته‌به‌ر بۆ به‌شداریکردن له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ و مافی یه‌کگرتووشه‌ به‌پێی رێککه‌وتن له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تیدا بمێنێته‌وه‌”، جوان وای وت.

یه‌‌‌‌کێتی شه‌ممه‌ی رابردوو 28-10 دواین هه‌وڵی رێکخستنی کۆبونه‌وه‌یه‌کی نێوخۆیی لیستی برایه‌‌تی (کورد)یدا له‌ ئوتێل سه‌نا له‌ سلێمانی، به‌ڵام کۆبونه‌وه‌که‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی پارتی ره‌تیانکرده‌وه‌ به‌شداریی بکه‌ن.

هاوکات عه‌ره‌ب به‌ ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن نییه‌ بۆ دیاریکردنی پارێزگار، تورکمانه‌کانیش بۆچونیان جیاوازه‌و ئاستی داواکارییه‌کانیان به‌رزتربۆته‌وه‌، هه‌رچی دوو ئه‌ندامه‌که‌ی کریستانه‌کانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداریی بکه‌ن له‌ هه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجومه‌ن، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی که‌ دراوه‌ به‌ (که‌رکوک ناو).

ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری وتی “هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته‌کان مه‌رجییان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی کۆبونه‌وه‌ بکه‌ن‌، عه‌ره‌ب ده‌یه‌وێت بارودۆخه‌که‌ به‌مشێوه‌یه‌ بمینێته‌وه‌ و ده‌ڵێت خوا نه‌یبڕێ.. تورکمانه‌کانیش له‌نێو خۆیاندا رێکناکه‌ون و بوون به‌ دوو به‌شه‌وه خۆشمان (کورد) ژماره‌ی ئاماده‌نه‌بومان زیاتره‌ له‌وانه‌ی ئاماده‌ده‌بن”.

نه‌جات حوسێن، ئه‌ندامی تورکمانی شیعه‌ مه‌زهه‌ب له‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “ئه‌گه‌ر به‌ مه‌نتقی بیربکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌که‌ ده‌بێت سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ تورکمان بێت، ئه‌گه‌ر موزایه‌ده‌ش بکه‌ین داوای پۆستی پارێزگاری که‌رکوک ده‌که‌ین”، قسه‌که‌ی زیاتر روونکرده‌وه‌ و وتی “به‌پێی مادده‌ی 23ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکان پۆستی پارێزگار مافی گه‌وره‌ترین لیسته‌ که‌ لیستی برایه‌تییه‌، بۆیه‌ مافی ئێمه‌شه‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ خۆمان بێت”.

قه‌ڵای كه‌ركوك/نیسانی 2017 فۆتۆ: كاروان ساڵحی

یه‌کێتیی نیشتیمانی کوردستان شه‌ش ئه‌ندامی هه‌یه‌ له‌ کۆی 26 ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی که‌رکوک. عه‌ره‌ب شه‌ش کورسیی و تورکمان نۆ کورسی هه‌یه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری ده‌ڵێت کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن قورس بووه‌ بۆ یه‌کێتیی، به‌ڵام هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وامن و روون نییه‌ ده‌گه‌ن به‌ چ ئه‌نجامێک.

رزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کاندید بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک، به‌ رۆژنامه‌ی ژیان-ی وتووه‌ “کێشەکە لەناو ئەنجومەنی پارێزگادایه‌ 21 کەس کۆناکرێته‌وه‌، هەندێک لە ئەندامانى لیستی برایەتى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک چونەتە هەولێر کە ژمارەیان لە نێوان 15 بۆ 16 ئەندام دەبێت. جگە لەوەش تورکمانەکان زیاتر لەسێ کاندیدیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا”.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ 41 ئه‌ندام پێكدێت، كه‌ 26 ئه‌ندامی له‌ لیستی برایه‌تی زۆرینه‌ كورد، توركمان به‌ هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه‌و سوننه‌ نۆ ئه‌ندام و پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب شه‌ش ئه‌ندام.

له‌ ساڵی 2005ه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ كه‌ركوك نه‌كراوه‌ به‌هۆی ناكۆكی پێكهاته‌كان له‌سه‌ر شێوازی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وكات زۆرینه‌ی عه‌ره‌ب بایكۆتی هه‌لبژاردنیان كرد.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری