رزگار عەلی: تا كێشەكان لەكەركوك‌و بەغدا چارەسەر نەبن وەك پارێزگار دەستبەكار نابم

October 31, 2017 at 1:28 pm

كەركوك، 2012، رزگار عەلی لەکاتی راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو

كەركوك ناو – رۆژنامەی ژیان
رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، دەڵێت “تا كێشەكان لەكەركوك‌و بەغداد چارەسەر نەبن وەك پارێزگار دەستبەكارنابم”.
رزگار عەلی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (ژیان) پێیوایە “پیلانێك هەبووە بۆ ئەوەی كورد بەگشتی‌و بەتایبەتی یەكێتی دەستی لە كەركوك بەربێت”‌و وتی “بەهەر نرخێك بێت كەركوكمان گەڕاندەوە”.

ژیان: دانانت وەك پارێزگاری كەركوك گەیشت بەكوێ؟
رزگار عەلی: كێشەكە لەناو ئەنجومەنی پارێزگایە، ژمارەی یاسایی كە پێویستی بە 21 كەسە بەهۆی هەندێك كێشەوە كۆناكرێتەوە، هەندێك لەئەندامانی لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك چونەتە هەولێر كە ژمارەیان لەنێوان 15 بۆ 16 ئەندام دەبێت. جگە لەوەش توركمانەكان زیاتر لەسێ كاندیدیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا.

ژیان: دەوترێت حكومەتی عێراقی رازی نییەو دەیەوێت كەسێكی سەربازی بۆ ئەو پۆستە دابنێت؟
رزگار عەلی: تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی عێراقی قسەی لەو شێوەیەی نەكردووە.

ژیان: هەوڵتانداوە كێشەكە چارەسەر بكەن؟
رزگار عەلی: بەڵێ برادەدان لەكەركوك‌و برادەرانی دیكەش لەبەغداش سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەی پارێزگاری كەركوكن.

ژیان: كەواتە دەبیتە پارێزگاری كەركوك، كەی دەستبەكار دەبیت؟
رزگار عەلی: وەك وتم تا ئەو كێشانە چارەسەر نەكرێت دەستبەكار نابم.

ژیان: بەڵام یەكلایی بویتەوە بۆ ئەو پۆستە؟
رزگار عەلی: بەڵێ.

ژیان: دۆخی كەركوك دەگەڕێتەوە بۆ پێش 16ی مانگ؟
رزگار عەلی: بەپێی بەرنامەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئێمە لەگەڵ حكومەتی عێراقی كار بۆ ئەوە دەكەین كە هەم دۆخی شارەكە هێمن‌و ئارام بێت‌و هیچ كێشەیەك نەمێنێت، هەم یاساش لەكەركوك بەرقەرار بێت.

ژیان: پارتی لەروداوەكانی كەركوكدا یەكێتی بە خیانەتكار ناودەبات؟
رزگار عەلی: خیانەتكار چۆنە؟ خۆ هەموو هێزەكان تێكەڵن لەناو پارتی‌و یەكێتیدا، ئەوانەی كە شەهید بوون لەناو كەركوك‌و یەكەم رۆژ شەڕیان كرد لەلایەنی حزبییەوە سەیری بكە بزانە سەر بە چ حزبێكن، ئەگەر هەمووی یەكێتی نەبوو هەقی هەموو گلەییەكیان هەیە.

ژیان: كێ بەرپرسی رووداوەكانی كەركوكە، ئەنجامدانی ریفراندۆم هۆكارەكەی بوو؟
رزگار عەلی: لەپێش ریفراندۆمیش هەڵەی دیكە كرابوو، بەڵام ریفراندۆم هەموو هەڵەكانی رابردووی ئاشكرا كرد، هەموو ئەو قەیرانانەی لەكوردستان بەچارەسەر نەكراوی مابوونەوە هەمووی تەقاندەوەو بۆخەڵكی ئاشكرا كرد.

ژیان: ئەم دۆخەی كە بەسەر كەركوكدا هات، لەئەستۆی ئەنجامدەرانی ریفراندۆمە كە بەشێكیان لەناو یەكێتی دان، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەی ناو یەكێتی دەكەن؟
رزگار عەلی: یەكێتی تازە بەشداری كرد، ئەمە تەنیا پەیوەندی بە یەكێتییەوە نییە، بەڵكو گۆڕان‌و كۆمەڵ و هەموو حزبەكانی دیكەش بەرپرسیارن لەریفراندۆم.
ئێمە لەناو یەكێتیدا زۆر هەوڵماندا كە لەهەموو كوردستاندا ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت، چونكە زەمینەی پێنەگەیشتبوو، حكومەتێكمان هەیە سەروی 20 ملیار دۆلار قەرزدارە، سوپایەكی یەكگرتوو و هێزێكی نیشتیمانی نییە، هەروەها ژێرخانی ئابووری نییە، جگە لەوەش هیچ دەوڵەتێك پشتگیری ناكات، لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكانەوە چەندین پێشنیاری جوانیان كرد كەگرەنتی دەكەن لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كە ئەم هەرێمە لەماوەی دوو ساڵدا یان فیدراڵیەتێكی بەهێزی دەبێت، یان كۆنفیدراڵی دەبێت لەگەڵ عێراق یاخود لەعێراق جیادەبێتەوە، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد ئەو هەلەیان لەدەست كورددا. ئێمە مەترسییەكانی ئەمڕۆمان دەزانی كە پیلانەكە بۆ ئەوەیە كورد دەستی لەكەركوك بەربێت، لەناو كوردیشدا یەكێتی دەستی لەكەركوك بەربێت، بەڵام بەهەر نرخێك بێت گەڕاندومانەتەوە.

ژیان: كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەكوێ‌ گەیشتووە؟
رزگار عەلی: ئێمە كێشەمان هەیە، برادەرانی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەتەوە، هیوادارم ئەنجامی باشی هەبێت.

ژیان: دەوترێت، ماڵی مام جەلال‌و بەشێك لە مەكتەب سیاسییەكان لەلایەكن و كۆسرەت رەسوڵیش لەلایەكی دیكەیە؟
رزگار عەلی: راستە ئێمە هەندێك كێشەمان هەیە، بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی خۆی سەركردایەتی حزب دەكات‌و بڕیار لەوە دەدات، هەروەها كاك كۆسرەتیش جێگری سكرتێرەو ئیدارەی هەموو كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی دەدات.

ژیان: باس لەبەستنی كۆنگرەی یەكێتی دەكرێت، كەی‌و چۆن دەبەسترێت؟
رزگار عەلی: بەڵێ وایە كاتی بەستنی هاتووەو پێویستە كۆنگرە ببەسترێت.

ژیان: رای یەكێتی لەبارەی حكومەتی كاتییەوە چییە؟
رزگار عەلی: ئێمە حكومەتێكمان دەوێت چالاك بێت‌و موچەی خەڵك بدات و خزمەتگوزاری پێشكەش بكات.

ژیان: قسەتان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم چییە؟
رزگار عەلی: ئەوە تایبەتە بەپەرلەمانی كوردستان، من ناتوانم وەڵامی ئەوە بدەمەوە ئەوان بڕیاری لێوە دەدەن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری