ئەرکان شەریف نیو کاتژمێر لە ئازاردا تلایەوە
چیرۆکی دواشەوی وێنەگرەکەی کوردستان تیڤی لە داقوق

November 1, 2017 at 4:11 pm

داقوق/ ساڵی 2016/ ئه‌ركان شه‌ریف، وێنه‌گری سه‌ته‌لایتی كوردستان له‌كاتی روماڵی شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ دژ به‌ داعش، وێنه‌كه‌ له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك وه‌رگیراوه‌

فه‌رمان سادق

تەواوی کارەبای ماڵی رۆژنامەنووس ئەرکان شەریف دەکوژێتەوە، چەند چەکدارێکی دەمامکدار کاتژمێر دووی بەرەبەیان لەسەر دیوارەوە دەچنە حەوشەى ماڵەکەیەوە لە قەزای داقوق، بە توندی لە دەرگای مەدخەلەکە دەدەن، لەگەڵ کردنەوەى دەرگادا رۆژنامەنوسەکەی سەتەلایتی کوردستان قۆڵبەست دەکرێت.

“تەنها زیان بە خێزانەکەم مەگەیەنن، پارەتان دەوێت، هەرچیتان دەوێت ئامادەم”، ئەمە یەکەم وتەى ئەرکان، (49 ساڵ)، دەبێت کاتێک دەرگا لە چەکدارە دەمامکدارەکان دەکاتەوە لە ماڵەکەى خۆی لە گەڕەکی خۆرس-ی  قەزای داقوق. چەکدارەکان پێیدەڵێن ئەویان مەبەستە نەک پارە.

ئەرکان شەریف، لە ساڵی 2006ەوە وەک وێنەگر لە سەتەلایتی کوردستان تیڤی زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کاری دەکرد، خێزاندار بوو و دوو کچ و کوڕێکی هەیە، ئەو شەوە لەلایەن چەکدارەکانەوە دەکرێتە ژورێکی ماڵەکەیەوە و بەر حەربە –چەقۆی سەربازیی– دەدرێت، لەکاتێکدا، ژن و منداڵەکانی بە قۆڵبەستکراویی لە ژورێکی تردا دەرگایان لێداخرابوو.

بەگوێرەی پشکنینە پزیشکییەکان کە بە (کەرکوک ناو) دراون، هەشت حەربە لە سەر و سنگ و پشتی ئەرکان دراوە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.

رووداوەکە کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی 30-10 روویدا لە داقوق 44کم باشوری کەرکوک، کە دانیشتووانەکەى تێکەڵەیەکن لە عەرەب، کورد و تورکمان، لەگەڵ پێکهاتە ئاینیەکانی کاکەیی، شیعە و سوننە.

محەمەد شەریف، براگەورەى ئەرکان لە یەکەم رۆژی پرسەى ئەرکاندا لە هەولێر بە (کەرکوک ناو)ی وت “چەکدارەکان دەمامکداربوون، سەرەتا کارەبایان کوژاندۆتەوە، کامێرای چاودێریی ماڵەکەیان لێکردۆتەوە، ئەرکانی برام پێی وتوون پارەتان پێدەدەم، ئەوانیش وتویانە بۆ پارە نەهاتووین”.

چەکدارەکان لایتیان پێبووە و لە ژورێکدا ژن و منداڵەکانی ئەرکانیان قۆڵبەستکردووە و دەرگایان لێداخستون، محەمەد شەریف دەڵێت “وتویانە نابێت هاواربکەن”، لە ژوورێکی تریشدا بە حەربە لە ئەرکانیانداوە.

هاوژینەکەی ئەرکان بە (کەرکوک ناو)ی وت “ئێمە لە ژوورەکەى تر بووین کە دەنگی ئەرکان نەما، ئینجا زانیم کوشتویانە و چەکدارەکان رۆیشتون”، تەواوکردنی تاوانەکە نزیکەى نیوکاتژمێری خەیاندووە.

تا کاتژمێر شەشی بەیانی ژن و منداڵەکانی ئەرکان هاواردەکەن، تا دراوسێیەکیان گوێی لێدەبێت و دەچێتە ماڵی ئەرکان، تەرمی ئەو رۆژنامەنووسە دەبینێت و دەرگا لە ژن و منداڵەکانی دەکاتەوە، دواتر خەڵکی گەڕەک پۆلیس ئاگاداردەکەنەوە.

داقوق/30-10-2017/ ته‌رمی ئه‌ركان شه‌ریف له‌ زێدی خۆی له‌ داقوق به‌خاكسپێردراو له‌ هه‌ولێر پرسه‌ی بۆ دانرا، وێنه‌كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاری ئه‌ركانه‌وه‌ دراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)

لە سێ ساڵی رابردوودا، ئەرکان یەکێک بووە لە وێنەگرەکانی بەرەى جەنگی پێشمەرگە دژی داعش، هاوکات وێنەی ڤیدیۆیی کۆنگرە رۆژنامەوانیی و هەواڵەکانی قەزای داقوقی بۆ سەتەلایتی کوردستان گواستۆتەوە کە بارەگاکەى لە هاوینەوهەواری پیرمامە لە باکوری شاری هەولێر.

رۆژی 16ی تشرینی یەکەم کاتێک هێزە عیراقییەکان چوونە ناو قەزای داقوق و کەرکوکەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە ناوچەکانی جێناکۆک بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وه‌زیرانی عیراق، ئەرکان شەریف وەک هەزاران خێزانی تری پارێزگاکە ماڵەکەى بەرە و سلێمانی بەجێهێشت، محەمەدی براشی ماڵەکەى بۆ هەولێر گۆاستۆتەوە.

سامان محەمەد، برازای ئەرکان، وتی “25ی تشرینی یەکەم مامم (ئەرکان) تەلەفونی بۆ کردین و وتی من دەگەڕێمەوە داقوق، وتمان داقوق ئارام نییە چەند رۆژێک بوەستە بزانین دۆخەکە چی لێدێت، بەڵام ئەو وتی من کێشەم لەگەڵ کەس نییە و پێشتریش کێشەم بۆ کەس دروستنەکردووە و دەچم وانە دەڵێمەوە”.

بنەماڵەى ئەرکان خەڵکی رەسەنی داقوقن و باوکی زیاتر بە کاری کشتوکاڵییەوە سەرقاڵ بووە، لە پاڵ کاری وێنەگری ئەرکان بەڕێوەبەری خوێندنگەی ناوباخی سەرەتایی بوو لە گوندی حەوتەغاری نزیک داقوق.

سامان بە (کەرکوک ناو)ی وت “ئەوەندەى زانیاریمان هەبێت هۆکاری چوونە سەر ماڵى ئەرکان دوو خاڵە، یەکەم رۆژنامەنووسی پارتی بووە، دووەم کوردە”، هەرچەندە نەیویست زانیاریی تر بڵێت بۆ ئەوەى ژیانی ئەو خزم و کەسوکارەى کە لە داقوق ماون نەکەونە مەترسییەوە.

بەڵام محەمەد شەریف برای ئەرکان کە خۆی لە 16ی تشرینی یەکەمەوە ئاوارەى هەولێر بووە، وتی “تەنانەت وەک بنەماڵەکەشمان کێشەمان لەگەڵ کەس نەبووە، بە پێچەوانەوە زۆر تێکەڵی هەموو پێکهاتەکان بووین و یارمەتى زۆر خەڵکمان داوە”.

خێزان و سێ منداڵەکەى ئەرکان ئێستا داقوقیان بەجێهێشتووە و بڕیاریانداوە جارێ نەگەڕێنەوە بۆ داقوق.

هەرچەندە سەرەتا بە ئەرکان دەڵێن پارەمان ناوێت، بەڵام چەکدارەکان بڕی 20 هەزار دۆلاریش لە ماڵی ئەرکان لەگەڵ خۆیان دەبەن، لەگەڵ کامێرای وێنەگرتنى سەتەلایتی کوردستان و کامێرای چاودێریی ماڵەکە.

خێزانەکەى دەڵێت کاتێک چەکدارەکان چوونەتە دەرەوەى ماڵ دەنگی تەقەى زۆر هاتووە، دەنگی تەقە لە دوای رووداوەکانی 16ی تشرینی یەکەمەوە بە هەرەمەکی لەناو قەزای داقوقدا چەندبارە دەبێتەوە.

کاروان ئاکرەیی، بەڕێوەبەرى سەتەلایتی کوردستان، وتی “ئیشکردن لە پەیامنێران و رۆژنامەنووسانی ئێمە لە کەرکوک و دوای هاتنی هێزە عیراقییەکان قەدەغەکراوە، هەموو کارمەندەکانمان هاتوونەتە هەولێر و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابینکراوە، تەنیا ئەرکان نەبێت کە چووە سلێمانى”. وتیشی “تا گەیشتە سلێمانی ئاگاداربووین، بەڵام بێ پرس و ئاگاداری ئێمە گەڕاوەتەوە داقوق چونکە مامۆستا بووە”.

ئاکرەیی چەکدارانی حەشدی شەعبی بەو رووداوە تۆمەتبارکرد، “دیارە ئەو چەکدارانە زیاتر لە کامێرا و راگەیاندن دەترسن بەو پێیەى راستییەکان دەخەنەڕوو… ئەو کوشتنە هەڕەمەکی نەبووە، بەڵکو ئامانجدار بووە کە ئەو کەسە کادیری پارتییە و رۆژنامەنووسە و کوردە”.

داقوق/ ئەركان شەریف لەگەڵ كوڕ‌و دوو كچەكەیدا لە ماڵەكەی خۆی لەداقوق فۆتۆ: ئەكاونتی ناوبراو لە فەیسبوك

به‌ڵام جه‌وده‌ت عه‌ساف، لێپرسراوی راگه‌یاندنی میحوه‌ری باكوری حه‌شدی شه‌عبی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “سەتەلایتی كوردستان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ‌ له‌سه‌ر كوشتنی وێنه‌گره‌كه‌یان له‌ قه‌زای داقوق پێشكه‌ش نه‌كردووه”.

وتیشی “له‌كاتی هه‌بوونی هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی حه‌شد ئه‌و كاره‌یان كردبێت، ئه‌وا فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبی  به‌ڵێنده‌دات هه‌ركه‌سێك كه‌ تێوه‌گلابێت له‌و رووداوه‌ ئه‌وا‌ پێشكه‌شی دادگا و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانی ده‌كه‌ین”، داواشیان لێده‌كات هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كیان لایه‌ پێشكه‌شی بكه‌ن.

محه‌مه‌د مه‌هدی به‌یاتی، لێپرسراوی لقی باكوری رێكخراوی به‌در و یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی وتی “هیچ هێزێكی حه‌شد له‌ ناوه‌ندی قه‌زای داقوقدا نییه‌ ته‌نیا له‌ ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه‌ نه‌بێت، ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌ لایه‌نی ده‌ره‌كی بیه‌وێت كێشه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كانی كورد و عه‌ره‌ب و توركماندا دروستبكات”.

بڕیارە بەشێک لە رۆژنامەنووسانی هەولێر سبەى پێنجشەممە 2-11 بە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بچنە بەردەم نوسینگەى نەتەوەیەکگرتووەکان و دواتریش کونسوڵخانەکان و داوای پاراستنی گیانی رۆژنامەنووسان بکەن.

ئاکرەی وتی “سکاڵا لەسەر بکوژانى ئەرکان تۆماردەکەین چونکە ناسراون، رەنگە سکاڵاکە لە دادگاکانی کوردستان تۆماربکەین”.

محەمەد شەریف براگەورەکەى ئەرکانیش وتی کە زانیارییان هەیە “بکوژەکان چەکدارانی حەشدی شەعبیی بوون…  دەیانناسین کێن و گروپێکی ناسراون”، بێئەوەى هیچ زانیارییەکی تر بدرکێنێت.

یەکەم رۆژی کوشتنی ئەرکان، پۆلیس وتەى لە خێزان و منداڵەکانی وەرگرت، دوێنێ 31-10 جارێکی تر بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوە سەردانی ماڵی ئەرکانیان کردووە.

سەرچاوەیەکی پۆلیسی داقوق کە لەبەر دۆخی هەستیاری قەزاکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە (کەرکوک ناو)ی وت “تائێستا لێکۆڵینەوەکان ئەنجامیان نەبووە و نە کەس دەستگیرکراوە و نە کەس تۆمەتبارکراوە”.

زوربەی شەوان قەدەغەى هاتوچۆ لە داقوق رادەگەیەنرێت و تەقەی هەرەمەکیش دەکرێت، دوای کوشتنی ئەرکان، ماڵی سێ لێپرسراوی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە ناوەندی داقوق تەقێنراونەتەوە.

سەرچاوەکەى پۆلیس وتی “شەوی 31-10 بۆمبێکی چێنراو لە حەوشەى ماڵێکی تورکماندا تەقییەوە، بەڵام تەنیا زیانی گیانی هەبووە”.

ده‌رباره‌ی تێوه‌گلانی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پشێویی داقوق-دا جه‌وده‌ت عه‌ساف وتی “هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای هاتنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی چه‌ندین تۆمه‌ت بۆ هێزه‌كانمان دروستكراوه‌ ‌بێئه‌وه‌ی‌ به‌ڵگه هه‌بێت بۆ ئه‌و تۆمه‌تانه‌”.

رۆژنامەنووسێکی کوردی هاوڕێی ئەرکان، کە لە زۆرکات لە بەرەکانی جەنگ و کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان پێکەوەبوون، وتی “ئەرکان کێشەى لەگەڵ کەسدا نەبووە، کوڕێکی لەسەرخۆ و بێوەی بووە… دوای ئەو رووداوە منیش ئەمڕۆ چوارشەممە 1-11 داقوق جێدەهێڵم، چونکە شەوان ژیانمان نییە بەدەست تەقەکردن و هاتوچۆی چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری