دادگای فیدراڵی لەبارەی ریفراندۆمەوە بڕیاریدا

November 6, 2017 at 2:35 pm

بەغدا، باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی لە عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری

كەركوك ناو
دادگای باڵای فیدراڵی، جەخت دەكاتەوە لەوەی دەستووری هەمیشەیی رێگە بە جیابوونەوەی هیچ پێكهاتەیەك نادات، ئەوەش لەوەڵامی داواكارییەكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عیراق بۆ شیكردنەوەی مادەكانی دەستور دەربارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان.

ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی، لە بەیاننامەیەكدا هاتووە كە ئەمڕۆ دووشەممە 6-11 بڵاوكراوەتەوە‌و تێیدا ئاماژە بە نوسراوێكی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە لە رۆژی 5ی هەمان مانگ بۆ دادگاكە، دەربارەی شیكردنەوەی ماددە‌و بڕگەكانی دەستور.

ئەیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی لە بەیاننامەكەدا رونیكردۆتەوە كە بە دەنگی شەش ئەندامی دادگاكە لە كۆی 9 ئەندام گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی هیچ دەقێكی دەستوری نییە رێگە بە جیابوونەوەی هیچ پێكهاتەیەك بدات.

ئاماژەی بەوەشدا كە لە بڕگە‌و مادەكانی دەستوردا، جەخت لە یەكپارچەیی عیراق كراوەتەوە‌و دەسەڵاتی فیدراڵی پابەند كراوە بە پاراستنی ئەو یەكپارچەییە.

ئەوەش لەكاتێكدایە پێنجشەممەی رابردوو 2-11 دادگای باڵای فیدراڵی، رونیكردەوە كە ناتوانن بڵێن ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان نادەستوورییە تا گوێ لە رای لایەنی بەرامبەر (هەرێمی كوردستان) نەگرن.

حكومەتی عیراق پێشتر سكاڵای دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان تۆماركرد لە دادگای فیدراڵی.

مەسعود بارزانی و بەشێك لە سەركردەی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان 25ی ئەیلولی رابردوو ریفراندۆمیان لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامداو سەدا 92ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیاندا، بەوهۆیەوە پەیوەندییەكی بەغدا‌و هەولێر گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری