یونامی بۆ هەرێم: رێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی بگرن

November 7, 2017 at 6:36 pm

كەركوك ناو
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق (یونامی)، داوای لە هەرێمی كوردستان دەكات رێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی بگرن دەربارەی ریفراندۆم‌و بەپێویستی دەزانێت، هەولێر‌و بەغدا گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان بكەن.

دادگای باڵای فیدراڵی لە عیراق، دوێنێ‌ دووشەممە 6-11 لە چوارچێوەی بریارێكدا جەختیكردەوە لەوەی لەوەی دەستووری هەمیشەیی رێگە بە جیابوونەوەی هیچ پێكهاتەیەك نادات‌و پێویستە حكومەتی ناوەندی یەكپارچەیی وڵات بپارێزێت، ئەوەش لەوەڵامی داواكارییەكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عیراق بۆ شیكردنەوەی مادەكانی دەستور دەربارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم.

یونامی لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، بە بایەخەوە سەیری بڕیارەكەی وتەبێژی دادگای فیدراڵی دەكەن‌و حكومەتی عیراقیش پابەندیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بە دەستور‌و بڕیارەكانی دادگا، ئەو پابەندبونەش پاراستنی پەكپارچەیی خاكی عیراقە.

هەروەها یونامی هانی هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان دەدات، بۆ دانپێدانان‌و رێزلێگرتن‌و پەسەندكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی.

وەكو لە بەیاننامەكەدا هاتووە یونامی زیاتر جەخت لە پێویستبوونی گفتوگۆ دەكات لە نێوان بەغدا‌و هەولێردا، بە گیانی هاوبەشكاریی‌و رێزگرتن لە دەستور، ئەویش خۆی رێز لە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق دەگرێت.

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەیی نیشاندا بۆ بینینی هەر رۆڵێكی ئاسانكاری لەو گفتوگۆ‌و دانوستانانەدا گەر لەلایەن حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێمی كوردستانەوە ‌داوایان لێبكرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەتی عیراقی دوێنێ‌ دووشەممە لە پەیامێكدا جەختیكردەوە لە پێویستی پابەندبون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی‌و یەكپارچەیی خاكی عیراق، داواشی لە هەرێمی كوردستان كرد بەڕونی پابەندبوونی خۆی رابگەیەنێت لەوەی جیانابێتەوە‌و سەربەخۆیی لە عیراق راناگەیەنێت.

مەسعود بارزانی و بەشێك لە سەركردەی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان 25ی ئەیلولی رابردوو ریفراندۆمیان لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامداو سەدا 92ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیاندا، بەوهۆیەوە پەیوەندییەكی بەغدا‌و هەولێر گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری