هێزه‌ ئه‌منییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ ده‌نگۆی ده‌ركه‌وتنی گروپی چه‌كدار

November 8, 2017 at 11:48 am

كه‌ركوك/ساڵی 2012/ گوندێكی پارێزگاكه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاروان ساڵحی

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌رده‌وامدان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاستی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی له‌باره‌ی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی “چه‌كدارانی داعش” له‌ چه‌ند گوندێكی خۆرئاوای كه‌ركوك بڵاوبۆته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند خێزانێك ماڵه‌كانیان بۆ چه‌ند رۆژێك جێهێشت.

ئه‌و گوندنشینانه‌ ده‌ڵێن شه‌وان هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر بووه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی نه‌ناسراوه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ دوای ئاڵۆزیی و شه‌ڕی روداوه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ “سه‌پاندنی یاسا” له‌  16ی تشرینی یه‌كه‌م.

فریاد عومه‌ر قادر (50ساڵ)، جوتیارێکی گوندی قەڵەهەربەت (قەرەحەربوت)، 20كم باكوری خۆرئاوای كه‌ركوك رۆژی 16ی تشرینی یەکەم هەر خۆیی و شوانێک لە گوندەکە مانەوە و خەڵکی گوند تەنانەت خێزانەکەى خۆیشی لە ترسی شەڕ بەرە و قەزای دوبز برد.. کاتێک هەواڵی کشانەوەى پێشمەرگە و هاتنی هێزە عیراقییەکان بۆ کەرکوک بڵاوبۆوه‌.

فریاد سێ رۆژ دوای هێرشەکە و درەنگانێکی شەوی 19-10 گوێی لە دەنگە دەنگ دەبێت، به‌ڵام چۆته‌ده‌ره‌وه‌ و هیچی نه‌بینیوه‌.

دوای سێ رۆژ لەو روداوە، کاتێک هەستدەکات دۆخەکە ئاساییە، فریاد خێزان و منداڵه‌كانی دەگەڕێنێتەوە گوندەکەى. “بۆ شەوەکەى دەنگە دەنگ دەستیپێکردەوه‌ و سەگەکەم پەلامارى کەسێکیدا هاوار به‌رزبوویه‌وه‌، چوومە دەرەوە و فیشەکێکم تەقاند و هاوارمکرد ئەگەر حەشدن یاخود داعش قسەبکەن خزمەتان بکەم”، زیاتر وتی “کەسێک بە عەرەبی قسەى کرد وتى ئێمە بەندکرابوین و هەڵهاتوین و برسیمانە، ئیتر ترسام چونکە دۆخەکە ئارام نییەو نازانین بە چ دەزگایەکی ئەمنی بڵێین فریامان کەوێت”.

فریاد تەقە دەکات و بە تەقەش وەڵامی دەدرێتەوە، خێرا منداڵ و شوانەکە دەچنە ئۆتۆمبێلەوە و گوندەکە بەرەو دوبز جێدەهێڵنه‌وه‌.

فریاد هاوڵاتییه‌كی کوردە و گوندەکەى لە پێنج خێزانی کورد و عەرەب پێکدێن.

قەرەهەربەت به‌ر له ‌كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش له‌ سه‌ره‌تای مانگی رابردوو، به‌ ‌دوری 15كم ده‌كه‌وته‌ نزیک سەنگەرەکانی داعش.

سێ رۆژ دواتر، کە هێشتا هێزە ئەمنییەکانی عیراق سەرقاڵی شەڕ بوون لەگەڵ پێشمەرگە، فریاد و ژمارەیەک لە کەسوکاری بە چەکەوە دەچنەوە گوندەکە شوێنه‌واری بوونی خه‌ڵكی له‌ ماڵ و كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ی دەبینن، به‌شێك له‌ ماسییه‌كانی حه‌وزه‌كه‌ی براون و خوراون.

“بەپێی پێشبینی خۆم نزیکەى سێ هەزار ماسییان خواردووە، هەروەها چوار فەردە ئارد و تەنەکەیەک رۆن لەماڵ خوراوە، ماسیییەکانیان برژاندبوو، پێموابێت چەکدارەکان زۆرن”، فریاد وای وت.

هەندێک لە هاوڵاتیانی گوندەکانی قوتان و قوشقایە كه‌ نزیكن له‌ گونده‌‌كه‌ی قه‌ره‌هه‌ربوت، ده‌ڵێن ئه‌وانیش ترسییان هه‌یه‌ له‌ بونی گروپێكی چه‌كدار، دوای ئه‌وه‌ی ته‌رمی هاوڵاتییه‌كیان له‌ ناو كارگه‌یه‌كی گه‌ج له‌ نزیك گونده‌كه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

هاوڵاتییه‌كی گوندی قوشقایه‌ كه‌ له‌به‌ر دۆخی ئه‌منی نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، وتی “هێزەكانی فرقەى ئاڵتونى و پۆلیسى دوبز و هێزە ئەمنییه‌کانى دیکە لە نێو قەزاى دوبزن، بەڵام ئەم گوندە دەکەوێتە شۆێنێکى چەپه‌وه‌ و چه‌كدارانی نه‌ناسراو به‌هه‌لی ده‌زانن بێنه‌ ناو گونده‌كه‌وه‌”.

عەقید ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت “دواى ئاگادارکردنەوەمان لە بوونى چه‌كدارانی نه‌ناسراو له‌و گونده‌ هێزە ئەمنییه‌کان و سوپاى عیراقی و پۆلیسى فیدراڵیمان لێ ئاگادارکردۆته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌‌ی بەزوترین کات رێوشۆێنى توند بگرنەبەر نەک تەشەنە بسەنن”.

وتیشی “قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌واڵگری كردووه‌ و ئه‌وان وتویانه‌ خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارین له‌باره‌ی راستیی و دروستیی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌”.

نەقیب عەلی محه‌مەد، لێپرسراوی بنکەى ئاسایشى دوبز كه‌ له‌دوای روداوه‌كانی 16ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ له‌وێ نه‌ماون، وتی كه‌ دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ به‌ر له‌ سه‌پاندنی یاسا له‌ كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش له‌ گونده‌ دورده‌سته‌كان مابونه‌وه‌ و خۆیان ته‌سلیم نه‌كردبوو.

وتیشی “ئه‌و چه‌كدارانه‌ کەوتبونه‌ نێوان سنوره‌كانی هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عیراقی، دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ خۆیان گه‌یاندۆته‌ ئه‌و گوندانه‌”.

ره‌تیشیكرده‌وه‌ زیندانه‌ داعشه‌كانی لای ئاسایشی پارتی له‌ دوبز له‌ 16ی تشرینی یه‌كه‌م هه‌ڵاتبنو وتی “له‌ 13ى مانگ و سێ رۆژ به‌ر هێرشی هێزه‌كانی عیراق گواستروانه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر”، زیاتر وتی “ئه‌گه‌ر ئێمە ئەو داعشانەمان ئازادکردبێت ئەى کێ چەکى پێداون، هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت بۆ زڕاندنی ناوی ئاسایش بڵێن ئه‌وان زیندانییه‌كانیان ئازادكردووه‌”.

 

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری