گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایش بۆ كه‌ركوك
دۆسیه‌ی ده‌ستگیركراوانی لای هێزه‌كانی یه‌كێتیی و پارتی هه‌ڵده‌داته‌وه‌

November 9, 2017 at 2:29 pm

كه‌ركوك/7-11-2017/ كه‌سوكارێكی ده‌ستگیركراوان له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كه‌دا داوا له‌ راكان سه‌عید پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت ده‌كات چاره‌نوسی رۆڵه‌كانیان ده‌ستنیشان بكات فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

كه‌ركوك ناو

له‌وكاته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان سه‌رقاڵی گفتوگۆ بوون بۆ چۆنیه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش بۆ كه‌ركوك، به‌ 10 كیلومه‌تر له‌ دوری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌یان كه‌س داوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی رۆڵه‌كانیان له‌ هه‌ردوو ئاسایشی پارتیی و یه‌كێتی ده‌كرد.

خۆپیشانده‌ران كه‌ زۆرینه‌یان رۆڵه‌كانیان ساڵانێكه‌ ده‌ستگیركراون، ئه‌و دوو هێزه‌ی یه‌كێتیی و پارتی-یان تۆمه‌تبار كرد به‌ ‌ده‌ستگیركردن و یه‌كلایینه‌كردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی رۆڵه‌كانیان.

“ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌م دزه‌ یان پیاوكوژه‌ بیده‌نه‌ دادگا”، دایكی هونه‌ر سه‌ڵاح شوكر، به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی هونه‌ری كوڕ‌ی كه‌ ساڵ و نیوێكه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌ستگیركراوه‌ و چاره‌نوسی نادیاره‌ وای وت، ئه‌وه‌ش له‌ خۆپیشاندانێكی به‌رده‌م بینای پارێزگا له‌ 7-11.

هونه‌ر سه‌ڵاح شكور (30ساڵ) له‌ پێكهاته‌ی كورد له‌ 2ی تشرینی یه‌كه‌می 2016 له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و بێسه‌روشوێنه.

دیاری برای هونه‌ر، ده‌ڵێت ته‌موزی 2016، سێ مانگ به‌ر له‌ ده‌ستگیركردنی هونه‌ر، دوو نارنجۆك لە بەردەم ماڵه‌كه‌یان چێندرابوو پاشان لە لایەن دەزگا ئەمنیه‌كانەوە پوچەڵكرایەوە، “بۆ شەوەكەی براكەم لەگەڵ پورزایەكی لە گەڕەكی شۆریجە له‌ ناوه‌ندی كه‌ركوك تەقەیان لێكرا ‌و پورزاكەم كوژرا”.

ئه‌و شه‌وه‌ هونه‌ر بە سەختی برینداربوە و لە نێو ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵەوە تەقەیان لێكرا.

“هونەری برام شەش فیشەكی به‌ركه‌وت، لە 2-10-2016 سەردانی ماڵی هاوڕێیەكی كرد بە ناوی سەیف حەمودی عاسی تەمەن 30 ساڵ كە لە نەتەوەی عەرەبە، كاتژمێر 3ی شەو هەردوكیان لەلایەن هێزێكه‌وه‌ دەستگیركران”، دیار وای وت.

دایكی هونه‌ر له‌نێو خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “18 جار بۆ سۆراغی كوڕه‌كه‌م چومه‌ته‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی، پێنج جار هاتومه‌ته‌ پارێزگاری كه‌ركوك و پێنج جاریش چومه‌ته‌ سلێمانی… پێشتریش خۆپیشاندانمان كردو ته‌قه‌یان به‌سه‌رماندا كرد، ساڵێك و مانگیكه‌ كوڕه‌كه‌م نه‌مانبینوه‌ و نازانین چاره‌نوسی چییه‌، ده‌مانه‌وێت‌ دادگا دۆسییه‌كه‌ی یه‌كلاییبكاته‌وه‌”.

هاوڵاتییەكی تری خۆپیشاندەر بۆ (كەركوك ناو) باسی لەوەكرد كوڕەكەی ماوەی 14 ساڵە “لەلایەن هێزە ئەمنییە كوردییەكانەوە دەستگیركراوە” و دەیەوێت چارەنوسی ئاشكرابكرێت‌و دۆسیەكەی یەكلاییبكرێتەوه‌.

ئه‌و خۆپیشاندانه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی كۆبونه‌وه‌كانی لێپرسراوانی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق له‌ بینای مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ له‌ كه‌ركوك، بۆ چۆنیه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایشی ئه‌و حزبه ‌و ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌یان له‌ شاره‌كه‌، كه‌ له‌ 16ی تشرینی یه‌كه‌م و دوای پرۆسه‌ی “سه‌پاندنی یاسا” و چونی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ پارێزگاكه‌، له‌ كه‌ركوك نه‌ماون.

هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا، لێپرسراوی ئاسایشی یه‌كێتیی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمه‌ شتی نایاساییمان له‌ كه‌ركوك نه‌كردووه‌، ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ ده‌توانن بچنه‌ دادگاو دۆسییه‌كه‌ له‌وێ یه‌كلاییبكه‌نه‌وه‌”.

وتیشی “ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌مكاته‌دا ده‌ستی له‌ پشته‌ و هاندانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی یه‌كێتی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك… ئێمه‌ به‌شێكین له‌ كه‌ركوك و ده‌ستبه‌رداری گه‌ڕانه‌وه‌ نابین”.

پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی یه‌كێتیی و پارتی له‌ گه‌رمترین ئه‌و مشتومڕانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوو هه‌فته‌ی رابردودا له‌ كه‌ركوك باسده‌كرێت.

به‌ره‌ی توركمانی عیراقی له‌ كه‌ركوك، داوا له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كات رێگری بكات له‌ “رێككه‌وتنی سیاسی” بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایشی كوردی بۆ كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش له‌ به‌یاننامه‌یه‌‌كدا كه‌ تیایدا هاتووه‌ “ده‌بێت رێگه‌نه‌درێت باره‌گای ئه‌منی تایبه‌ت به‌ حزب بێته‌ كه‌ركوكه‌وه‌… ئێمه‌ هه‌واڵمان پێگه‌یشتووه‌ باره‌گای ئاسایشی جارێكی تر بكرێته‌وه”.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌ره‌ی توركمانی دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ محەمەد عوسمان، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق 6-11 بە (كەركوك ناو)ی وت “رێككەوتن لە نێوان هێزە ئەمنییەكاندا هەیە بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی ئاسایشی سەر بە یەكێتی بۆ ناوشاری كەركوك، چونكە هێزەكانی ئاسایش لە ڕابردوودا دەورێكی گرنگیان هەبووە لە پاراستنی ئەمنی شارەكە‌”.

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو 7-11 به‌شێك له‌ هێزه‌كانی ئاسایشی یه‌كێتی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سنورداره‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌یان كێشه‌ی تێكه‌وت.

به‌ره‌ی توركمانی و به‌شێك له‌ لێپرسراوانی عه‌ره‌ب دژایه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایشی یه‌كێتیی و پارتی ده‌كه‌ن بۆ كه‌ركوك و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 8-11 خۆپیشاندانیان كرد.

به‌ره‌ی توركمانی ده‌ڵێت “هه‌ر هه‌نگاوێك په‌یوه‌ست بێت به‌ ئه‌منیه‌تی كه‌ركوك ته‌نیا ده‌بێت به ‌ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ بێت… چونكه‌ زۆرێك له‌ هاوڵاتیانی كه‌ركوك به‌ده‌ست ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به ‌حزبه‌كانه‌وه‌ ناڵاندوویانه‌وه و تائێستا به‌شێكی زۆر بێسه‌روشوێنه‌ توركمانه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌زگایانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون چاره‌نوسیان نادیاره‌”.

كەركوك، ئەیلولی 2017، هەڵمەتێكی گەڕان‌و پشكنینی هێزەكانی ئاسایش لەشاری كەركوك فۆتۆ: ئاسایشی یەكێتی

راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت پێشوازی لە خۆپیشاندەران كرد ‌و لە لێدوانێكدا بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە داواكاری كەسوكاری دەستگیركراوەكان لەلایەنی پەیوەندیدار بە مافەكانی مرۆڤەوە وەردەگیرێت‌و ئەوانیش وەكو ئیدارەی پارێزگا، لیژنەیەكی بۆ بەدواداچونی دۆسییەی دەستگیركراوەكان پێكدەهێنن.

هاوڵاتیانی ناڕەزایی لە كەركوك، لە دروشمەكانیاندا داوایان لە حكومەتی ناوەندی‌و عەبادی دەكرد، هەوڵ بۆ ئازادكردنی دەستگیركراوەكانیان بدات.

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پەیامێكدا سێشەممە 7-11 داوای لێكۆڵینەوەی كرد دەربارەی داواكاری كەسوكاری ئەو زیندانییانەی كه‌ركوك، بە ئامانجی ئاشكراكردنی چارەنوسیان.

ئاسایشی پارتی ئاماده‌نه‌بون لێدوان له‌سه‌ر پرسی گه‌ڕانه‌وه‌یان و دۆسییه‌ی ده‌ستگیركراوان لێدوان بده‌ن و وتیان ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ له‌م ماوه‌یه‌ قسه‌ بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن نه‌ده‌ن.

به‌ڵام هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا، لێپرسراوی ئاسایشی یه‌كێتیی وتی “بوونی ئاسایشی یه‌كێتیی بۆ كه‌ركوك پێویسته‌، له‌وه‌ته‌ی ئێمه‌ له‌وێ نه‌ماوین ته‌قینه‌وه‌ روده‌دات و نائارامی هه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئارامی بپارێزین”.

له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌شیان وتی “هه‌ر ئه‌و قسانه‌ی پێشوو هه‌یه‌و شتی تازه‌ نییه‌ و جارێ نازانین كه‌ی ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری