گۆڕانکارییەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر
زیاتر لە 20 پۆستی ئیداریی‌و ئەمنی لە ناوچەكانی جێناكۆك پڕكراونەتەوە

November 10, 2017 at 8:44 pm

كه‌ركوك/ته‌موزی 2017، بازاری شاره‌كه‌ نزیك قه‌ڵای كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

كەركوك ناو
حكومەتی ناوەندی عیراق، لە یەكەم هەنگاویی دوای سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵیدا دەستیكرد بە پڕكردنەوەی پۆستەكانی پێكهاتەی كورد لە كەركوك‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك، پاش ئەوەی لێپرسراوانی ئیداریی‌و ئەمنی بەهۆی بارگرژییەكانەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە لە كەركوك‌و ناوچەكانی جێناكۆكی هەردوو پارێزگای نەینەوا، دیالە‌و قەزای دوزخورماتوو زیاتر لە 20 پۆستی ئیداریی‌و ئەمنی گۆڕانكارییان تێدا كراوە یان بە وەكالەت پڕكراونەتەوە.

پارێزگای كەركوك، وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی مام جەلال، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌و توركمان پێكهێنرا‌و لە ناوەڕاستی 2014یشەوە، پێشمەرگە‌و كورد زیاتر تێیدا باڵادەست‌و هێزی یەكەم بوون.

لە یەكەم بڕیاری گۆڕانكارییدا 16-10ی ئەمساڵ‌و لەگەڵ جوڵەی هێزە عیراقییەكان، عەبادی بڕیاریدا بە دانانی راكان سەعید لە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كە پێشتر جێگری نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك بوو.

نەجمەدین كەریم لە پشكی یەكێتی، ناوەڕاستی ئەیلولی ئەمساڵ لەلایەن پەرلەمانەوە دورخرایەوە‌و دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر سەرۆككۆمارلابردنەكەی پەسەندكرد، لە ئێستاشدا یەكێتی هەوڵی كۆكردنەوەی دەنگی پێویست ئەنجومەنی پارێزگا دەدات تا ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

سەرچاوەیەك لە یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت “تا ئەوكاتەی پارێزگاری كەركوك دەستبەكاردەبێت، یەكێتی ڕەزامەندی دەربڕیوە پۆستەكان بەپێی ئەو سیستەمە دابنرێت كە مام جەلال پێشنیاریكردووە، واتە بەرێژەی سەدا 32 بۆ نەتەوەكان، دواتر پۆستەكان بەڕێكەوتن دابەشدەكرێت‌و گۆڕانكاری تێدا دەكرێت”.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت، كە 26 ئەندامی لە لیستی برایەتی زۆرینە كورد، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعەو سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەب شەش ئەندام، لە ساڵی 2005ەوە هەڵبژاردن نەكراوە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانەوە.

2015/ كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، پۆستی قایمقامی كەركوك كە لە پشكی كورد (پارتی) بوو بە كەسێكی تر لە پێكهاتەی عەرەب پڕكراوەتەوە، پۆستی قایمقامی دوبز-یش بە هەمان شێوە پڕكراوەتەوە‌و پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك كاندیدێكی هەمان پێكهاتە بە وەكالەت ئەركەكان رادەپەڕێنێت.

قایمقامی داقوق، هەرچەندە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە كاتی پڕكرایەوە بەڵام دواتر‌و وەكو لێپرسراوانی یەكێتی ئاماژەیان پێدا، بە هەوڵی فراكسیۆنەكەیان لە بەغدا توانیویانە قایمقام بگەڕێننەوە بۆ ئەركەكانی.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (كورد-یەكێتی) بە (كەركوك ناو)ی وت “گۆڕانكاری نەكراوە، بەڵكو ئەو بەڕێوبەرانەی نەگەڕانەتەوە سەر كارەكانیان ئێستا كاری بەڕێوەبەری فەرمانگە گشتیەكان لەلایەن یاریدەرەكانەوە بەڕێوەدەبڕێت، تائێستا بە فەرمی كەس نەبووە بە بەڕێوبەری ئەو فەرمانگانەی بەڕێوه‌بەرەكانیان دەوامەكانیان بەجێهشتووە”.

هەر لە دوای بارگرژیی‌و رووداوەكانەوە قایمقامی دوزخورماتوو وەكو تاكە ناوچەی جێناكۆكی پارێزگای سەڵاحەدین، لەگەڵ هەزاران خێزاندا ئاوارە بوو، پۆستەكەیشی لەلایەن بەغداوە پڕكراوەتەوە بەوەكالەت.

بەشێكی تر لە گۆڕانكارییەكان لە سنوری كەركوك،بۆ پۆستە ئەمنییەكان بووه‌ ‌و بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكان سەرەتا بە وەكالەت درا بە كەسێكی پێكهاتەی عەرەب‌و دواتر كاندیدێكی تری كورد لە پۆستەكەدا دەستبەكاربوو لە جێی عەمید سەرحەد قادر.

هەروەها پۆستی بەرێوەبەری بنكەكانی پۆلیسی ئازادی، قەزای دوبز، قەزای داقوق، بنكەی نەهێشتی مادەی هۆشبەر، پۆلیسی فریاكەوتن، حەویجە‌و چەند شوێنێكی تر پڕكراونەتەوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گۆڕانكارییە ئەمنییەكان بۆ (كەركوك ناو) “سەرجەم ئەو بەرپرس‌و بەڕێوەبەری بنكانەی لە پشكی پارتی بوون كەسانی عەرەب یان كورد لە پشكی یەكێتی دانراون”.

هەر لە كەركوك‌و دوزخورماتوو، چەندین پۆستی تری بەڕێوەبەر‌و فەرمانگە‌و بنكەكان لەلایەن جێگری بەرێوەبەر یان یاریدەدەرەوە بە وەكالەت پڕكراونەتەوە.

موسڵ، 29-5-2017، كۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەن

لە ناوچەكانی جێناكۆكی سنوری پارێزگای نەینەواش، لەگەڵ گەیشتنی هێزە عیراقییەكاندا لە 17-10-2017 لە چوارچێوەی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكی ئیداریدا كراوە كە لەلایەن كورد‌و لە پشكی پارتی بەرێوەدەبران.

لە یەكەم گۆڕانكاریدا بڕیاردرا بە لابردنی مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شەنگال كە لە دوای روداوەكانی هێرشی داعش لە ساڵی 2014دا ئەو پۆستەی وەرگرت‌و لە جێگەی ئەو، فەهد حامد دانراوە.

بەپێی زانیاریی ‌و بە دواداچونەكانی (كەركوك ناو) لە نەینەوا، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێی سەر بە شەنگال‌و چەند پۆستێكی تری ئیداری لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە گۆڕانكارییان تێدا كراوە.

هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش لە قەزای باشیك، كە لەچەند مانگی رابردوودا‌و لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا درا بە ژنێك، دوای گەرانەوەی هێزە عیراقییەكان بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەكە بۆ پۆستەكەی گەڕێندرایەوە.

هەفتەی رابردووش لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی لێپرسینەوەدا لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، متمانە لە نۆفڵ حەمەد سوڵتان پارێزگاری موسڵ وەرگیرایەوە بە تۆمەتی گەندەڵی، ئەوەش بەبێ‌ ئامادەبوونی ناوبراو.

خانەقین‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك لەسنوری پارێزگای دیالە، كەمترین گۆڕانكاری تێدا كراوە‌و لە كاتی گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكانیشدا، هیچ بارگرژیی‌و ئاڵۆزییەك رووینەدا.

لەو سنورە تەنیا بەرێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە، لە وەهاب ئەحمەد پشكی كورد-یەكێتی وەرگیراوەتەوە‌و دراوە بە وەسفی تمیمی، كە پێشتر ئەندازیار بووە لە فەرمانگەی كشتوكاڵی‌و لەپێكهاتەی عەرەبە.

رەحیم عەزیز، سەرۆكی ئەنجومەنی ناحیەی قەرەتەپە بە (كەركوك ناو) ی وت “لەكۆبونەوەی 29-10-2017ی ئەنجومەندا ئەو گۆڕانكارییه‌ ئیدارییە لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە كرا‌و وەسفی تمیمی، بە كۆی دەنگ هەڵبژێردرا”.

مانگی رابردووش بە بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری، كارەكانی دادگای بەرایی قەزای خانەقین گواسترایەوە بۆ سەر حكومەتی ناوەندی عیراق، كە لە ساڵی 2003وە خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان.

لە ئەیلولی ئەمساڵیشدا بەرێوەبەری ناحیەی مەندەلی لە پێكهاتەی كورد لە پۆستەكەی دورخرایەوە، بەهۆی بڕیاری بەشداری لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان‌و تائێستا، جێگاكەی پڕنەكراوەتەوە.

ئەو گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە، تائێستا زۆریەی حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان‌و لێپرسراوانی باڵای ئەو پارتانە نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، بەهۆی بەردەوامی بارگرژییەكانی بەغدا‌و هەولێر، رێكنەكەوتنیان لەسەر ئیدارەدان‌و سنوری هێزی یەكتری.

هەنگاوەكانی حكومەتی ناوەندی دوای ئەوەهات، پرۆسەی ریفراندۆم لە 25-9ی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی جێناكۆك بەرێوەچوو سەرباری ناڕەزایی بەغدا‌و زۆرینەی وڵاتانی جیهان، بەهۆیەوە عیراق زنجیرەیەك رێكاری گرتەبەر لە نێویاندا گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری