ئەنجومەنی قەزای خانەقین
داوای گەڕانەوەی هێزەكانی ئاسایش دەكات

November 12, 2017 at 8:19 pm

شەقامێكی سەرەكی لە ناوەندی قەزای خانەقین-ی پارێزگای دیالە فۆتۆ: هاوڕێ‌ ئازاد

هاوڕێ‌ ئازاد
ئەنجومەنی قەزای خانەقین، داوای گەڕانەوەی هێزەكانی ئاسایش، پۆلیسی دراستان‌و هاتووچۆی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆ كۆنتڕۆڵكردن‌و ئاساییكردنەوەی زیاتری باردودۆخەكە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.

داواكارییەكانی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، لە نوسراوێكدا بە واژۆی سەرۆكی ئەنجومەن ئەمڕۆ دووشەممە 12-11 ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كراوە، لە ئێستادا چاوەڕوانن بە فەرمی وەڵامبدرێنەوە.

سەمیر محمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت “خاڵێكی نوسراوەكە بریتییە لە دەستبەكاربوونەوەی یاریدەردەرێتی ئاسایشی خانەقین‌و بەشداریپێكردنیان لە پاراستنی ئەمنییەتی خانەقین، چونكە ئاسایش ڕۆڵ‌و كاریگەری زۆری هەبووە لە پاراستنی ئارامی قەزاكە”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا ژمارەی دانیشتوانی خانەقین‌و دەوروبەری نزیكەی 200 هەزار كەسە، جگە لەوەی هەزاران ئاوارە لە قەزاكە خانەقین نیشتەجێن‌و بارودۆخەكە، پێویستی بە هێزی زیاتر هەیە.

لە 17ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە، تەواوی هێزە چەكدارییە كوردییەكانی سەر بە حزب‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی جێناكۆكی دیالە كشانەوە، دوای ئەو سنورە كەوتنە ژێر دەستی هێزە عیراقییەكان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بە ناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی.

سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خانەقین دەڵێت یەكێكی تر لە داواكانیان دەستبەكاربوونەوەی پۆلیسی داراستانی خانەقینە كە سەر بە بەرێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانە، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی دارستان‌و باخەكانی قەزاكە‌و ئاژەڵە كێوییەكان، بە مەرجێك لە ژێر دەسەڵاتی پۆلیسی خانەقیندا بن.

بەپێی خاڵێكی تری نوسراوەكەی ئەنجومەن، داوای گەراندەوەی پۆلیسی هاتوچۆی خانەقین كراوە كە سەر بەهەرێمی كوردستانە، بۆ رێكخستنی هاتوچۆ لە نێوشار بە هاوبەشی لە گەڵ پۆلیسی هاتوچۆی سەر بەدیالە.

سەمیر محمەد وتی “نوسراوەكە رادەستی نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كراوە‌و هیوادارین بەجدی بەدەم داواكارییەكانمانەوە بێن”.

قەزای خانەقین لە باكوری پارێزگای دیالە، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك‌و زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن، لەگەڵ بەشێك لە عەرەب و توركمان، لە دوای 2003ەوە دۆسییەی ئەمنی قەزاكە بەدەست هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بوو.

پێشتریش لە سنوری پارێزگای كەركوك، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵیدا بە رێككەوتن لەگەڵ لایەنی عیراقی هێزەكانی ئاسایش بۆ شارەكە بگەڕێننەوە، بەڵام ئەو هەنگاوە كێشەی تێكەوت‌و هێشتا پرۆسەكە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری