عیراق: حه‌وت كه‌س به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌وه‌‌ گیانیانله‌ده‌ستداو 200ی تریش برینداربوون

November 13, 2017 at 10:53 am

كه‌ركوك/12-11-2017/ بریندارێكی بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو كه‌ زۆرێك له‌ پارێزگاكانی عیراقی گرته‌وه‌، حه‌وت كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداو 200ی تریش برینداربوون.

بومه‌له‌رزه‌كه‌ كاتژمێر 9:18 خوله‌كی شه‌وی رابردوو 12-11 به‌ پله‌ی جیاواز پارێزگاكانی عیراقی گرته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ركوك، سلێمانی، دیاله‌و هه‌ڵه‌بجه كه پلەکەی‌ 7.2 رێخته‌ر بووه‌.

رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماری قوربانییه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ حه‌وت كه‌س به‌هۆی رووداوی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

ئه‌و حه‌وت كه‌سه‌ خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانی بوون، چوار كه‌سیان نیشته‌جێی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان و دووانی تریان خه‌ڵكی كه‌لار و یه‌كێكی تریان نیشته‌جێی ناوه‌ندی سلێمانی بوو.

هه‌روه‌ها 320 كه‌س به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون، كه‌ 200یان برینداربوون و 120ی تریان به‌هۆی ترسه‌وه‌ بوراونه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ری پێویستیان وه‌رگرتووه‌.

شه‌وی رابردوو شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامی قەزای كەلار بە (كەركوك ناو)ی راگەیاند كە لە ئەنجامی بومەلەرزەكەدا منداڵێكی تەمەن 12 ساڵ گیانیلەدەستداوە بەهۆی روخانی دیوار و كه‌سێكی به‌ته‌مه‌نیش به‌هه‌مان شێوه‌ مردووه‌.

به‌پێی ئاماره‌كان كه‌ په‌یامنێرانی (كه‌ركوك ناو) له‌ نه‌خۆشخانه‌ و ئیداره‌ی پارێزگاو قه‌زاو ناحییه‌كان وه‌ریانگرتووه‌ له‌ كه‌ركوك 65 كه‌س به‌هۆی كاریگه‌ری بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون، له‌ قه‌زای كه‌لار و كفری 100 كەس به‌هۆی برینداربون و بورانه‌وه‌ و له‌ قه‌زای ده‌ربه‌ندیخانیش 50 كه‌س ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون.

هه‌روه‌ها محەمەد حەسەن، قایمقامی قەزای خانەقین سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌ بە (كەركوك ناو)ی راگەیاند بەهۆی بومەلەرزەوە پێنج هاوڵاتی برینداربوون ‌و نزیكەی 40 هاوڵاتی دیكەش لە ئەنجامی بەرزبونەوەی فشاری خوێن‌ و ترسەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

سفانە عەبدولكەریم، بەرێوەبەری كەشناسیی ‌و بومەلەرزەزانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “بومەلەرزەكە بە گوڕی 7.2 پلەی رێختەر بووە ‌و سەرەتا لە سنوری هەڵەبجەی داوە له‌ خۆرهه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ سنوری ئێران، بەڵام لە زۆربەی ناوچەكانی تری عیراق‌ و كەركوكیش هەستی پێكراوە”.

رێنمایی هاوڵاتیانیشیكرد لەبەر سەلامەتی زیاتر گیانیان باشترە خەڵك لە نزیكی كارەبا ‌و تەباخ ‌و ئاگر دوربكەنەوە‌و لە سوچی خانووەكاندا بمێننەوە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌ چاودێری رەوشی هاوڵاتیان ‌و بارودۆخیان بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی وڵاتی گرتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەكه‌ی عه‌بادی داوای لە هێزەكانی بەرگری شارستانی ‌و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان كردووه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە ئامادەباشی تەواودا بن.

كه‌ركوك/12-11-2017/ چه‌ند بریندارێكی بومه‌له‌رزه‌كه‌‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كوردستانیش لە راگەیەندراوێكیدا داوای لە كارمەندانی نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی و هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كرد پەیوەندی بە شوێنی كاریانەوە بكەن‌و لە ئامادەباشیدا بن.

هه‌ردوو ئیداره‌ی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ پشووی فه‌رمی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت راگه‌یه‌نرا بۆ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌.

ناوەندی بوومەلەرزەكە له‌ نێوان باكوری خۆرهه‌ڵاتی عیراق پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و باكوری خۆرئاوای ئێران شاری كرماشان بووه‌.

میدیاكانی ئێران ئاماژه‌ به‌ گیانله‌ده‌ستدانی زیاتر له‌ 200 كه‌س ده‌كه‌ن به‌هۆی كاریگه‌ری بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌گه‌ڵ برینداربوونی دوو هه‌زارو 500 كه‌س.

 

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری