وه‌زیری نه‌وتی عیراق: په‌رۆشین بۆ په‌ره‌پێدانی نه‌وت و غاز له‌ كه‌ركوك

November 13, 2017 at 2:33 pm

كه‌ركوك/13-11-2017/ عه‌بدولجه‌بار لعێبی، وه‌زیری نه‌وتی عیراق فۆتۆ: ئیبراهیم عه‌لی

ئیبراهیم عه‌لی

عه‌بدولجه‌بار لعێبی، وه‌زیری نه‌وتی عیراق ئاشكرایده‌كات كه‌ به‌ په‌رۆشن بۆ په‌ره‌پێدانی نه‌وت و غاز له‌ پارێزگای كه‌ركوك و له‌ هه‌وڵدان ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌رزبكه‌نه‌وه‌ بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكیدا.

ئه‌و وتانه‌ی لعێبی له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا هات له‌گه‌ڵ راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، كه‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13-11 له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور رێكخرابوو.

لعێبی وتی “رۆڵی پارێزگاری كه‌ركوك به‌رزده‌نرخێنین بۆ هاوكاریكردنی وه‌زاره‌تی نه‌وت و دوباره‌ كردنه‌وه‌ی ته‌واوی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگاكه‌… ئێمه‌ زۆر به‌ په‌رۆشین‌ بۆ دوباره‌ په‌ره‌پێدان له‌ بیره‌ نه‌وتیی و دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كان، پلانمان هه‌یه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌ركوك چ له‌ بواری وه‌به‌رهێنانی غاز، نه‌وت و پاڵاوگه‌ یان ژێرخانی تر”.

زیاتر وتی “رێنماییمانداوه‌ به‌دواداچون بكرێت بۆ دروستكردنی پاڵاوگه‌یه‌ك‌ له‌ كه‌ركوك، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی زیندوكردنه‌وه‌ی رێككه‌و‌تنه‌كه‌ین له‌گه‌ڵ كۆمپانیای بی پی به‌ریتانی كه‌ پێش چوار ساڵ واژۆكراوه‌ بۆ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك”.

سه‌باره‌ت به‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق له‌ كه‌ركوك وتی كه‌ دوباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌پێشینه‌ی كاره‌كانیانه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ پلانیان ئه‌وه‌یه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا به‌رزبكه‌نه‌وه‌.

لعێبی كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بوو بۆ پارێزگای كه‌ركوك له‌وه‌ته‌ی پۆستی وه‌زیری نه‌وتی عیراقی وه‌رگرتووه‌، وتی “زۆر به‌ په‌رۆشین بۆ په‌ره‌پێدانی نه‌وت و غاز له‌ كه‌ركوك و كارده‌كه‌ین بۆ دوباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هێڵه‌كانی نه‌وت و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك له‌ڕێی بۆری نه‌وتی جیهان یان بۆ باشور له‌ڕێگه‌ی هێڵی ستراتیژیی و وێستگه‌ی كه‌ی 3”.

سووربونی وه‌زاره‌ته‌كه‌شی نیشاندا بۆ خزمه‌تكردنی پارێزگای كه‌ركوك و وتی كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ژینگه‌یه‌كی له‌بار و ته‌ندروست بۆ كارمه‌ندانی بواری نه‌وت دابین بكه‌ن، له‌گه‌ڵ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری كۆمه‌ڵایه‌تیی و دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر كارمه‌ندانی بواری نه‌وت به‌پێی شایسته‌یی كه‌ له ‌وه‌زارتی نه‌وت كاری پێده‌كرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری