داوای هاوكاری‌و دیالۆگ لە بەغدا دەكات
حكومەتی هەرێم بۆ یەكڕیزی دەچێتە لای حزبەكان

November 13, 2017 at 7:01 pm

هەولێر، 13-11-2017، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی حكومەت

كەركوك ناو
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، یەكڕیزی حزبە سیاسییەكان بە پێویست دەزانێت‌و بۆ ئەو مەبەستە سەردانیان دەكات، داواش لە حكومەتی عیراقی دەكات دەرگای دیالۆگ بكاتەوە‌و بە پیر لێقەوماوانی بومەلەرزەكە بچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 13-11 ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی لە شاری هەولێر كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك‌و لە بارەی بومەلەرزەكە تیمێكی بە پەلەی دروستكرد بۆ بەهاناوەچونی لێقەوماوان‌و داوایكرد، حكومەتی عیراق بەپیر لێقەومانەوە بچێت.

شەوی رابردوو بومەلەرزەیەكی بەهێز هەرێمی كوردستان‌و عیراقی گرتەوە‌و بەهۆیەوە، حەوت هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا‌و دەیانی تر برینداربوون، زیانی زۆری ماددیشی لێكەوتەوە.

بەپێی بەلاغی كۆبوونەوەكە جەخت لە پێویستی و گرنگیی یەكڕیزیی ناوخۆیی هەرێم كراوەتەوە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئەمڕۆی سیاسی‌و ئابوری، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت لە سەردانی لایەنە سیاسییەكان بەردەوام دەبێت.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە پێویستی چارەسەری هەموو كێشەكان كردووە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لەرێی دیالۆگێكی جددییەوە لەسەر بنەمای دەستوور، نیگەرانیی خۆیشی نیشانداوە لەوەی “حكومەتی فیدراڵ وێڕای ئەوەی باس لە پابەندبوون بە دەستوورە دەكات، بەڵام لە كرداردا وانییە‌و هەنگاوی نادەستووری بەرامبەر بە هەرێم دەگرێتەبەر”.

بەپێی پرۆژەیاسای بودجەی عیراق كە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكراوە‌و بڕیارە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە سەدا 17وە بۆ سەدا 12 كەمكراوەتەوە، ئەوەش جێگەی ناڕەزایی هەولێرە.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە 13-11 رامۆن بلیكوا، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عیراق لە میانەی دیداریدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێم جەختیان لەوەكردۆتەوە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و ئەوروپا ڕۆڵی خۆیان لە زەمینەسازی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی جددی لە نێوان هەولێر و بەغدا بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان ببینن.

لە دوایین هەڵوێستیدا حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق داوای لە هەرێمی كوردستان كرد كەمێك ئارام بگرن بۆ پێدانی شایستە داراییەكانیان، نیگەرانی خۆیشی نیشاندا لە تۆمەتباركردنی هێزەكانی پێشمەرگە بە خیانەت بەهۆی روبەڕونەبونەوەیان لەگەڵ سوپا.

پەیوەندییەكانی هەرێم‌و عیراق چەند مانگێكە لەئاڵۆزیدایە‌و لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە لە 25-9-2017 گەیشتۆتە لوتكەی بارگرژیی، تائێستاش هەردولا نەیانتوانیووە گفتوگۆكانیان دەستپێبكەنەوە، دوای ئەوەی بەغدا دەسەڵاتی فیدراڵی گەڕاندەوە كەركوك‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری