600 هاوڵاتی حەویجە گەڕانەوە
هەر خێزانێك ملیۆنێك‌و 500 هەزار دیناری پێدەدرێت

November 13, 2017 at 9:35 pm

كەركوك، 13-11-2017، گەرانەوەی ئاوارەكانی كەمپی داقوق بۆ قەزای حەویجە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی
لە كەمپی ئاوارەكانی داقوقەوە، یەكەم كاروانی هاوڵاتیانی حەویجە گەڕێندرانەوە‌و هەر خێزانێك بە بڕە پارەیەك هاوكاری دەكرێن، ئەوەش دوای تێپەڕینی نزیكەی دوو مانگ مانگ بەسەر كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو قەزایەی پارێزگای كەركوك.

قۆناغی یەكەمی گەڕانەوەی هاوڵاتیانی قەزای حەویجە‌و دەوروبەری، ئەمڕۆ دووشەممە 13-11 لە كەمپی ئاوارەكانی داقوقەوە دەستپێكرد‌و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا، چەندین كاروانی تری خەڵك بۆ گوندەكانی خۆیان بەرێبكرێن.

عەممار سەباح، بەرێوەبەری نوسینگەی كۆچ‌و كۆچبەرانلە عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت “وەكو هەنگاوی یەكەم 600 هاوڵاتی بە هاوكاری دەزگا ئەمنیەكان‌و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كەركوك بەرەو گوندەكانی خۆیان گەڕێندرانەوە”.

لە قەزای حەویجەوە زیاتر لە 40 هەزار كەس، بەهۆی هێرشەكانی داعش‌و شەڕی ئەو رێكخراوەوە ئاوارەبوون‌و زۆرینەیان بەسەر حەوت كەمپدا، لە كەركوك‌و قەزاكانی دەوروبەری دابەشكراون.

لێپرسراوەكەی نوسینگەی كۆچ دەڵێت بۆ گەرانەوە هاوكاری بەردەوامی ئاوارەكان دەكەن‌و لە ئێستاشدا هەر خێزانێك، بڕی ملیۆنێك‌و 500 هەزار دیناری پێدەدرێت.

داقوق، 13-11-2017، ئاوارەكانی حەویجە لەرێی پاسەوە دەگەڕێندرێنەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئۆپەراسیۆنەكانی قەزای حەویجە، 21-9ی ئەمساڵ دەستیپێكرد لە رێی دوو قۆناغەوە تەواوی ئەو سنورەی پارێزگای كەركوك وەكو دواناوچەی جێناكۆك لە ژێر دەستی داعش كۆنتڕۆڵكرانەوە‌و 5-10 سەركەوتنی هێزە عیراقییەكان، راگەیەندرا.

عەلی فلەیح، هاوڵاتی ئاوارەی ناحیەی عەباسی لە قەزای حەویجە سوپاسی خەڵكی كەركوكی كە ساڵێكە داڵدەیان داون‌و بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێستا لەوپەڕی خۆشیداین كە بەرەو ماڵ‌وحاڵی خۆمان دەچینەوە، بەڵام ئەوە نازانین ئایە هیچ خانو ماڵ‌و سەروەت‌و سامانێكمان ماوە بە هۆی دەسەڵاتی داعشەوە یاخود نا”.

قەزای حەویجە (55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك)‌‌‌و ناحیەكانی دەوروبەری، لە ناوەڕاستی 2014دا كەوتنە دەستی داعش، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عیراق.

لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی كۆچ‌و كۆچبەران رونیكردەوە ناردنەوەی خێزانە ئاوارەكان لەسەر خواستی خۆیانە‌و پاسیان بۆ دابینكراوە، هەر خێزانێكیش نەیەوێت بگەڕێتەوە ئاساییە‌و زۆری لێناكرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری