تەمەنی بە شوودان بۆ 9 ساڵ كەمدەكاتەوە
ناڕەزاییەكان دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی زیاتر دەبن

November 14, 2017 at 12:51 pm

سلێمانی، 13-11-2017، گردبوونەوەیەكی نارەزایی دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی عیراق فۆتۆ: گروپی ژیان

كەركوك ناو
گروپ‌و رێكخراوەكانی بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ و ژنان، ناڕەزاییەكانیان دژی رەشنوسی هەمواری یاسای باری كەسێتی عیراق بە تایبەت كەمكردنەوەی تەمەنی بەشودان زیاتر دەكەن، بە تاوان‌و توندوتیژی دژ بە كچانی منداڵی دەزانن.

لە دوایین گردبونەوەی ناڕەزایییدا، گروپی ژیان -لە ژمارەیەك رێكخراوی مافەكانی ژنان پێكهاتون- دووشەممە 13-11 بەیانێكیان ئاراستەی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عیراق كرد‌و داوایانكرد، رێگری بكرێت لە هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی.

بە بڕوای رێكخراوە‌و چالاكوانانی مافەكانی ژیان، ئەو هەموارە پێشێلكاری‌و توندوتیژییە دژ بە منداڵانی كچ كاتێك رێگەدەدرێت لە تەمەنی 9 ساڵیدا بەشوو بدرێن، بۆ ئەوەش لەرێی چەندین چالاكی‌و گردبونەوەوە هەوڵەكانیان بۆ پەكخستنی هەموارەكە چڕكردۆتەوە.

یەكشەممە 12-11یش لە گردبونەوەیەكدا ژمارەیەك ڕێكخراوی ژنان‌و مافەكانی مرۆڤ، جەختیانكردەوە لەوەی هەموارەكە تایفییە‌و لەگەڵ پرەنسیپە یاساییەكانی تردا، ناگونجێت.

رێزان شێخ دلێر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لەو گردبونەوەیەدا رونیكردەوە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە كۆی دەنگ دژی هەمواری یاساكە دەوەستنەوە.

سلێمانی، 12-11-2017، رێكخراوەكانی بەرگری لە ژنان دژی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی عیراقن فۆتۆ: گروپی ژیان

كۆتایی هەفتەی رابردوو نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق (یونامی)، لە بەیاننامەیەكدا بەپێویستی زانی ڕاوێژی بەرفراوان‌و چڕوپڕ بكرێت بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە‌و تەواوی مافەكانی كچان، بپارێزرێن.

“بەدەستهێنانی یەكسانی نێوان ژنان و پیاوان و سڕینەوەی هەموو جۆرەكانی جیاكاری دژ بە ژنان و كچان لە بنەما سەرەكییەكانی مافەكانی مرۆڤ و بەهاكانی نەتەوە یەكگرتوەكانە”.

یان كۆبیش، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عیراق لەو بەیاننامەیەدا داوا لە پەرلەمان دەكات دەرفەتەكە بەهەند وەربگیرێت دەربارەی ئەو رەخنانەی لەبارەی هەموارەكەوە هەیە‌و بواری زیاتر بدرێت بۆ دڵنیابوون لە ڕێزلێنانی تەواو و پاراستن و دەستەبەركردنی مافەكانی كچان.

بەپێی پرۆژەی هەمواری یاسای باری كەسێتی عیراق ناسراو بە “جەعفەری”، تەمەنی‌ شووكردنی كچان بە نۆ ساڵ دیارییكراوە لە كاتێكدایە لە یاسایی باری كەسێتی عیراقی ساڵی (1959) تەمەنی یاسایی بۆ شوكردنی‌ كچان 18 ساڵە.

ئەو هەموارە لە ناوەڕاستی‌ تەمموزی‌ 2013 حەسەن شەمری، وەزیری‌ ئەوكاتی دادی‌ حكومەتی عیراق لەچوارچێوەی دوو پرۆژەیاسای گرێدراو بەناوی‌ (یاسایی دادگای‌ شەرعی‌ جەعفەری عیراق‌و یاسای باری‌ كەسێتی جەعفەری) پێشكەشیكرد بە ئەنجومەنی وەزیران كرد‌و دوای پەسەندكردنی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی پەرلەمانتارانەوە نەخرایە دەنگدانەوە‌و لە ئێستاشدا جارێكیتر، هەوڵدەدرێت ببرێتە گفتوگۆكانی پەرلەمانەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری