بڕیارەكە جیابونەوەی لە عیراق رەتكردۆتەوە
حكومەتی هەرێم: رێز لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەگرین

November 14, 2017 at 1:49 pm

بەغدا، باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی لە عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری

كەركوك ناو
حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێز لەراڤەكردنەی دادگای باڵای فیدراڵی دەگرێت بۆ ماددەیەكی دەستور‌و رەتكردنەوەی هەر جیابوونەوەیەك لە عیراق، داوادەكات ئەو هەنگاوە ببێتە بنەمایەك بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانی.

دادگای باڵای فیدراڵی لە عیراق، 6-11 لە چوارچێوەی بریارێكدا جەختیكردەوە لەوەی دەستووری هەمیشەیی رێگە بە جیابوونەوەی هیچ پێكهاتەیەك نادات‌و پێویستە حكومەتی ناوەندی یەكپارچەیی وڵات بپارێزێت، ئەوەش لەوەڵامی داواكارییەكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عیراق بۆ شیكردنەوەی مادەكانی دەستور دەربارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 14-11 لە پەیامێكدا جەختیكردەوە “رێز لەو ڕاڤەكردنەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ماددەی یەكەم لە دەستوور دەگرین، لە هەمان كاتیشدا دووپاتی دەكەینەوە بڕوامان وایە كە پێویستە ئەمە ببێتە بنەمایەك بۆ دەسپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان”.

داوای ئەوەشدەكات لە ڕێگەی جێبەجێكردنی تەواوی ماددەكانی دەستووری عیراقەوە كار بۆ زامنكردنی پاراستنی ماف و دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی هاتوو لە دەستووردا بكرێت، بەوپێیەی تاكە ڕێگەیە بۆ زامنكردنی یەكێتیی عیراق.

پێشتریش حكومەتی عیراقی لە پەیامێكدا جەختیكردەوە لە پێویستی پابەندبون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی‌و یەكپارچەیی خاكی عیراق، داواشی لە هەرێمی كوردستان كرد بەڕونی پابەندبوونی خۆی رابگەیەنێت لەوەی جیانابێتەوە‌و سەربەخۆیی لە عیراق راناگەیەنێت.

هەروەها نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق (یونامی) 7-11، داوای لە هەرێمی كوردستان كرد رێز لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بگرن دەربارەی راڤەكردنی مادەی یەكی دەستور‌و رەتكردنەوەی جیابونەوە.
بەپێی مادەی یەكی دەستور “كۆماری عیراق دەوڵەتێكی فیدراڵیی سەربەخۆیە، خاوەن سەروەریی تەواوە كە سیستەمی حوكمڕانی تیایدا كۆماریی پەرلەمانیی دیموكراتییە، ئەم دەستوورە زامنی یەكێتیی عیراقە”.

مەسعود بارزانی و بەشێك لە سەركردەی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان 25ی ئەیلولی رابردوو ریفراندۆمیان لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك ئەنجامداو سەدا 92ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیاندا، بەوهۆیەوە پەیوەندییەكی بەغدا‌و هەولێر گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

8 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری