دادگای فیدراڵی داوایەكی نەجمەدین كەریم رەتدەكاتەوە

November 14, 2017 at 2:39 pm

نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك

كەركوك ناو
دادگای باڵای فیدراڵی لە عیراق تانەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك دەربارەی بڕیاری لابردنی لەو پۆستە رەتدەكاتەوە، بەوپێیەی داواكە لە تایبەتمەندی ئەواندا نییە.

نەجمەدین كەریم، ناوەڕاستی ئەیلولی ئەمساڵ لە پەرلەمانی عیراق بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لێسەندرایەوە وەكو پارێزگاری كەركوك، بەڵام ناوبراو لە دادگای فیدراڵی تانەی لە بڕیارەكەدا‌و بە نایاسایی ناویبرد.

ئەیاس سامۆك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ سێشەممە 14-11 لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا دادگاكەیان تانەیەكی نەجمەدین كەریم-ی دژی سەرۆكی ئەنجومەنی نوینەران سەبارەت بە بڕیاری لابردنی لە پۆستی پارێزگاری كەركوك رەتكردۆتەوە، چونكە بڕیارەكە ئیداریی بووە نەك یاسادانان، بۆیە لە تایبەتمەندی دادگاكەیاندا نییە.

بڕیاری لابردنی نەجمەدین كەریم، لە دانیشتنێكی پەرلەماندا هات بەبێ‌ ئامادەبونی فراكسیۆنە كوردستانییەكان‌و سەرباری ناڕەزایی ناوبراو، فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق دوابەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لە ناوچەكانی جێناكۆك لەسەركار لادانەكەی پەسەند كرد.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند هەفتەیەكە رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی وەكو كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كاندید كردووە‌و لە ئێستاشدا لە هەوڵدایە، بۆ كۆكردنی دەنگی پێویست تا لە ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری