عەبادی داواكارییەكی لە هەرێمی كوردستان هەیە

November 14, 2017 at 7:54 pm

بەغدا، 7-11-2017، كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیی عەبادی سەرۆكوەزیرانی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكوەزیران

كەركوك ناو
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات پابەند بێت بە جێبەجێكردنی دەستور‌و جەختیی لەوەشكردەوە، هەموو رێوشوێنێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان دەگرنەبەر.

لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 14-11، عەبادی پێشوازی لە راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی‌و داواشیكرد، هاوكاربن بۆ جێبەجێكردنی دەستور.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە پەیامێكدا رایگەیاند رێز لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەگرن بۆ راڤەكردنی دەستور كە تێیدا هەموو جۆرە جیابونەوەیەكی لە عیراق رەتكردۆتەوە.

سەرۆكوەزیرانی عیراق لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بە هەنگاوەكانی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی كرد لە ناوچەكانی جێناكۆك، جەختیكردەوە بەبێ‌ روبەروبونەوەی توانیویانە زیاتر لەوەی دەیانویست بە دەستی بهێنن، ئەوەش سەركەوتن نییە‌و تەنیا بۆ چارەسەری كێشەكانە نەك دروستكردنی كێشەی تر.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا لەسەر هەمان هەنگاو بەردەوام دەبن‌و بەڵێنیدا دەروازە سنورییە نێودەوڵەتیەكان بەبێ‌ ئاڵۆزی كۆنتڕۆڵبكەنەوە، بۆ ئەوەش باسی لەوەكرد رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر چونكە هەرێمی كوردستان لە رەشنوسی رێككەوتن پاشەكشێی كردووە.

داوای لە هەرێمی كوردستان كرد بگەڕێنەوە بۆ سنوری 2003‌و بە پەلە ئەو پرسە‌و دۆسیەی خاڵە سنورییەكان یەكلاییبكەنەوە، وتیشی ئەو دەتوانێت سوپا بنێرێت بەڵام ئەو هەنگاوە نانێت‌و بە ئازایەتی نازانێت.

عەبادی جارێكیتر بەڵێنیدا بە پابەندبوون بەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان‌و رونیكردەوە، ئەوان لە ئێستادا پرۆسەی وردبینییان لە ژمارەی فەرمانبەراندا دەستپێكردووە‌و دەیانەوێت بزانن ئەو بودجەیەی دەینێرن دەگاتە كوێ‌، بۆیە مەبەستیانە ئەوانەی فەرمانبەری راستەقینن موچەیان پێبدرێت نەك لایەنگر‌و ئەندامانی حزب‌و لایەنەكان.

پەیوەندییەكانی هەرێم‌و عیراق چەند مانگێكە لەئاڵۆزیدایە‌و لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە لە 25-9-2017 گەیشتۆتە لوتكەی بارگرژیی، تائێستاش هەردولا نەیانتوانیووە گفتوگۆكانیان دەستپێبكەنەوە، دوای ئەوەی بەغدا دەسەڵاتی فیدراڵی گەڕاندەوە كەركوك‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری