بەرهەمهێنانی غازی ماڵان لە موسڵ دەستپێدەكاتەوە

November 14, 2017 at 10:12 pm

موسڵ، 27-7-2017، بەهۆی شەڕەوە زیانی زۆر لە بەری راستی شارەكەوە كەوتووە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
حكومەتی عیراق، لەرێی بەگەڕخستنەوەی دوو كارگەوە بەشی ناوخۆیی شاری موسڵ غازی شلی ماڵان بەرهەمدەهێنێت، ئەوەش دوای زیاتر لە سێ‌ ساڵ لە پەككەوتنی.

هەردوو كارگەی بەرهەمهێنانی غازی حەدبا لە بەری راست‌و حەمام عەلیل لە باشوری موسڵ، ئەمڕۆ سێشەممە 14-11 دوای نۆژەنكردنەوەیان لەلایەن حكومەتی ناوەندی عیراقەوە كاركردنیان دەستپێكردەوە‌و لە توانایاندایە، پێداویستی ناوخۆیی شارەكە پڕبكەنەوە.

ئەحمەد حەسەن ئەلساعدی، لێپرسراوی پەیوەندییەكان‌و راگەیاندن لە كۆمپانیای بەرهەمهێنانی غازی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت “كارگەی حەدبا لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار‌و حەمام عەلیلیش بە هەمان شێوە رۆژانە سێ هەزار بوتڵ غاز بەرهەمدەهێنێت”.

هەروەها رونیكردەوە هەردوو كارگەكە، دەتوانن پێداویستی ناوخۆیی موسڵ بۆ قۆناغی ئێستا دابینبكەن، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بە بودجەی نۆژەنكردنەوەیان بدات.

لە ئێستادا هەردوو كارگەی حەدبا‌و حەمام عەلیل، هەریەكەیان دوو هێڵی بەرهەمهێنانیان نۆژەن كراوەتەوە، ئەوەش لە كۆی چوار هێڵی بەرهەمهێنان‌و پێش سەرهەڵدانی داعش، لەرێی بۆرییەوە غازی شلی بۆ دابیندەكرا‌و لە ئێستاشدا لەرێی تانكەرەوە.

لێپرسراوەكەی كۆمپانیای بەرهەمهێنانی غاز دەڵێت، ئەگەر هەر چوار هێڵەكەی بەرهەمهێنان لە دوو كارگەكەدا بخرێنەكار‌و 24 كاتژمێر كاربكات، ئەوا توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی دەگاتە 40 هەزار بوتڵ غاز.

ئەحمەد حەسەن ئەلساعدی وتی “ئەوە قۆناغی یەكەمە‌و لە داهاتوودا بەشەكانی دیكەشی نۆژەن دەكەینەوە كە خۆی لە بۆرییەكانی دیكەی بەرهەمهێناندا دەبینێتەوە”.

شاری موسڵ‌و ناوچەكانی تری پارێزگای نەینەوا، لە ئەنجامی شەڕێكی نۆ مانگی سەرەتای تەمموزی ئەمساڵ بە تەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە، ئەوەش دوای زیاتر لە سێ‌ ساڵ مانەوەی لەژێر دەستی داعش.

شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، زیاتر لە یەك ملیۆن هاوڵاتی شارەكەی ئاوارە كرد‌و تائێستاش، بەشێكی زۆریان لە كەمپەكاندان‌و نەگەڕاونەتەوە، بەهۆی دۆخی ئەمنی‌و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری