نەوت وەک خەڵاتی راستەقینەی سه‌ركێشییه‌ کوردییەکەی ئێران

November 16, 2017 at 11:25 am

كه‌ركوك/17-10-2017/ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سەرچاوە: رۆیتەرز

دوای یارمەتیدانی عیراق بۆ خامۆشکردنی تەوژمێکی کوردی بەرەو سەربەخۆیی، ئێران ئێستا خۆی ئامادەدەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی هەناردەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوك، لەکاتێکدا بە قسەی چەند لێپرسراو  و بازرگانێك پێشبینیدەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەم کاروانی بەرهەمی ئەوە گۆڕانکارییە نوێیانە بگەنەجێ.

لە چەند هەفتەی دوای ریفراندۆمە شکستخوادووەکەی بۆ سەربەخۆیی کرا، عیراق بۆ یەکەمجار قایل بوو بە ناردنی نەوتی خاوی پارێزگای کەرکوك، کە لە کوردەکانی سەندەوە، بۆ ئێران. کە ئەویش دەگات بە پاڵاوگەیەك لە شاری کرماشان.

ئێران کەوتۆتە جەنگێکی به‌وەکالەتەوە دژی نەیارە ناوچەییەکەی و هاوپەیمانی ئەمریکا کە عەرەبستانی سعودییەیە. هاوشێوەی عیراق، ئێران خەریکی زیادکردنی کاریگەریی خۆییەتی لە سوریا و یەمەن و لوبنان، کە ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی واشنتن و ریاز‌.

بە پێی رێکكەوتنە نوێیەکە، یەکەم کاروانی نەوت بە بارهەڵگر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەنارده‌ی ئێران دەکرێت. بە پێی ووتەی چەند لێپرسراوێکی عیراقی و بازرگانی، لە سەرەتادا ئێران (پانزە هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا وەردەگرێت، کە بە بەهای (یەك ملیۆن) دۆلارە، پاشان بە هەناردەکە زیاددەکات بۆ (شەست هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

هاوکات، بەغداد و تاران پرۆژەیەکیان زیندووکردۆتەوە بۆ راکێشانی بۆرییەکی نەوت، بەمەبەستی ناردنی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوك لە عیراقەوە بەرەو ناوەندی ئێران و لەوێوە بەرەو کەنداو بۆ هەناردەکردن.

حەمید حوسەینی، سکرتێری گشتی ژووری بازرگانی ئێران-عیراق، وتی ئێران دەیەوێت  هێڵێکی بۆری نەوت دروست بکات کە توانای گواستنەوەی 650 هه‌زار بەرمیل نەوتی کوردیی هەبێت لە ڕۆژێکدا بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان و بۆ هەناردەکردن.

ئەو هێڵە نوێیە جێگرەوە دەبێت بۆ ئەو هێڵەی ئێستای هەناردەی نەوتی خاوی باکوری عێراق لە ڕێی تورکیا و دەریای ناوەڕاستەوە، ئه‌وه‌ گورزێك دەبێت بۆ ئەو هیوایانەی حکومەتی تورکیا کە دەیەوێت ببێتە دەروازەیەكی وزە بۆ ئەوروپا.

ئەمە بەڵگەیەکیش دەبێت بۆ شکستی ئەمریکا لەڕێگرتنی نزیکبوونەوەی یەکێك لە هاوپەیمانەکانی، کە عیراقە، لەگەڵ یەکێك لە گەورەترین نەیارە سیاسییەکانی، کە ئێرانە؛ ئەو وڵاتەی بە خێرایی کاریگەریی خۆی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پەخش دەکات.

ئەمە بەشێکی لە سایەی (قاسم سولەیمانی)ی سەرکردەی هێزی (قودس)ە، کە لقە نێودەوڵەتییەکەی سوپای پاسدارانە. سوپای پاسدارانیش چاوی بڕیوەتە بازرگانی نەوتیی ئێران لە عیراقدا.

سولەیمانی سەردانی کوردستانی عیراقی کرد لە مانگی ئەیلول بۆ هۆشداریدانی هەرێمەکە لە سەر ئەنجامنەدانی دەنگدان لە سەر سەربەخۆیی، هەر ئەویش بەشێک بوو لە دەستبەسەرداگرتنەوەی سوپا بەسەر کەرکوکدا.

كەركوك، ئەیلولی 2017، هەڵمەتێكی گەڕان‌و پشكنینی هێزەكانی ئاسایش لەشاری كەركوك فۆتۆ: ئاسایشی یەكێتی

هەفتەی رابردوو سێناتۆری ئەمریکی (جۆن مەک-کەین) لە واشنتن وتی “هێزە ئێرانیەکان لە عیراق خەریکی چاندنی ناڕێکیین، وەك لەم دواییەدا لە کەرکوك بینیمان، کاتێك ئامادەبونی قاسم سولەیمانی بووەهۆێ دروست بوونی گرژی لە نێوان کوردەکان و حکومەتی عیراق”.

پەرتبونی کورد

سەرچاوەیەکی نزیك لە حکومەتی هەرێم وتی “خەونەکەی کورد له‌ بوون بە هەناردەکەرێکی  گەورەی نەوت، وردوخاش بووە”، پێشبینی ئەوەی کرد کە “ئێران ببێتە پادشای گەمەکە”.

هەنگاوەکەی کورد بەرەو سەربەخۆیی، تورکیا و ئێرانی توڕە کرد. ئەو دوو وڵاتەی دانیشتوانێکی زۆری کوردیان هەیە و تانەیان لە راپرسییەكه‌دا بەوەی کە ناوچەکە ناجێگیر دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکاش داوای لە کوردستان کرد ڕاپرسییەکە فەرامۆش بکات.

بەڵام پێدەچێت پەرتبونی ناوخۆیی کورد زەنگی مەرگی راپرسییەکەی لێدابێت، بەوتەی هەندێك سەرچاوەی سیاسی ناوخۆیی. نەوت لە چەقی ئەم ناکۆکییەدا بووە.

کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوك لە ژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیی عیراق (سۆمۆ)دا بوو پێش ئەوەی لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە دەستی بەسەردابگیرێت لە ساڵی ٢٠١٤دا کاتێك سوپای عیراق لەبەرامبەر هێرشەکانی داعش کشایەوە.

ئەوکات، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی، پارتی دیموکراتی کوردستانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی بەوە تاوانبار دەکرد کە داهاتی نەوتی بەش نەدەکرد لەگەڵیان. یه‌كێتیی دەیویست نەوتی کەرکوك هەناردەی ئێران بکات.

شێرزاد یابە، راوێژکارێکی سیاسی نزیك لە یه‌كێتیی وتی “هەوڵماندا بارزانی قایل بکەین کە ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش هه‌بێت له‌ نێوان سلێمانی و هەولێر بۆ بەڕێوه‌بردنی کێڵگەکان، بەڵام ئەو بە توندی دژایەتی ئەوەی کرد”.
یابه‌ وتیشی “بۆ کۆتاییهێنان بە کۆنترۆڵی نایاسایی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر نەوتی کەرکوك، لێپرسراوانی باڵای یه‌كێتیی پەیوەندییان بە هەریەك لە بەغداد و تارانەوە کردو هانی ئێرانییەکانیاندا بۆ بنیاتنانی هێڵی گواستنەوەی نەوت بەمەبەستی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکوك لەڕێی بەندەرعەباس-ەوە”.

ئەنبار، 29-10-2010، سەردانی مەیدانی ئەبو مەهدی موهەندیس بۆ چاودێری شەڕی دژ بەداعش فۆتۆ: حەشدی شەعبی

هەرچەندە وەزیری نەوتی عیراق عەبدلوجه‌بار ئه‌للوعێبی، لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێران بێژەن زه‌نگه‌نه‌ لە مانگی شوباتی رابردوودا یاداشتێکیان لەسەر پڕۆژەکە واژۆکرد.

دوای راپرسییەکە، پارتی دیموكراتی كوردستان، یەکێتی تاوانبارکرد بە ئه‌نجامدانی رێکكەوتنێك لەگەڵ ئێران بۆ کشانەوە لە کەرکوك. یه‌كێتیی نکۆڵی لەمە دەکات.

دەستبەسەراگرتنەوەی کەرکوك بە هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ (سولەیمانی) کرابووکە بوەهۆی ئەوەی نیوەی وەبەرهێنانی نەوتی کوردی خستەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی عیراقەوە.

کاتێك ئەندازیارە کوردەکان لە کێڵگەکان هەڵاتن، وەبەرهێنان لە کەرکوك لە پێنج هەفتەی رابردوودا بە وەستاوی ماوەتەوە، چونکە بەغداد و هەولێر رێكناکەون لەسەر دابه‌شکردنی داهاتەکەی

بەهۆی وەستانی وەبەرهێنانی 300 هه‌زار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەرەوە زیانەکەی گەیشتۆتە یەك ملیار دۆلار، بەووتەی هەندێك سه‌رچاوەی کوردیی بواری پیشەسازیی.

بەووتەی هەندێك سەرچاوەی عیراقی و کوردی، بۆ وەستاندنی ئەوە زیانانە عیراق و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان گفتوگۆیان لەگەڵ ئێران دەستپێکردەوە.

عه‌لا ئه‌لیاسری بەڕێوه‌بەری کاتیی (سۆمۆ)، وتی لێپرسراوانی کۆمپانیای حکومیی عیراق و ئێران، (سۆمۆ) و (نیکۆ)، مانگی رابردوو کۆبوونەوە بۆ رێکكەوتن لە سەر وردەکاریی فرۆشتنی نەوت و ناردنی بۆ پاڵاوگەی کرماشان.

هەروەها وتی گفتووگۆی بەردەوام  هەیە لەسەر پڕۆژەکەی راکێشانی هێڵی بۆری.

سەرهەڵدانی پاسداران

هەرچەندە گفتووگۆکانی نێوان بەغدا و تاران لە لایەن لێپرسراوانی وەزارەتی نەوت و ژوری بازرگانییەوە ئەنجامدراوە، سوپای پاسدارن خۆی ئامادەکردووە بۆ جێگرتنەوەیان.

ره‌زا مسته‌فاڤی ته‌باته‌بایی، بەڕێوه‌بەری (ENEXD)، کە کۆمپانیایەکە لە لەندەن و تایبەتە بە بازرگانیی کەلوپەلی وزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وتی “هەر کڕین و فرۆشتنێکی نەوت لە نێوان ئێران و عیرا‌ق پێویسته‌ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە پەسەند بکرێت، نەك وەزارەتی نەوت”.

ئەو ئیشوكارانه‌ لە لایەن نوسینگه‌ی لێپرسراو لە وه‌به‌رهێنانه‌كانی ئێران لە عیراق لە ئۆفیسی سەرۆك کۆمار چاودێری دەکرێن و لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەبرێت.

ته‌باته‌بایی وتی پڕۆژە نوێیه‌کەی راکێشانی هێڵی بۆری، خەڵاتی سوپای پاسداران دەبێت بۆ کوردەکان، وەك پاداشت بۆ گرتنەوەکەی کەرکوك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری