ناكۆكیەكانی بەغدا‌و هەولێر لە نەینەوا
رێگای هاتوچۆی فەرمانبەرانی پێنج هێندەی جاران درێژكردۆتەوە

December 1, 2017 at 5:17 pm

دەشتی نەینەوا، 11-10-2017، داخستنی رێگای نێوان هەرێمی كوردستان‌و موسڵ فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

نەینەوا – كەركوك ناو
غەزوان جومعە، مامۆستایەكی خەڵكی ناحیەی باشیكە‌و پێویستە زیاتر لە چوار كاتژمێر بەرێگاوە بێت تا دەگاتە قوتابخانەكەی لە قەزای شێخان، لە كاتێكدا چەند هەفتەیەك لەمەوبەر تەنیا بە 30 خولەك هەمان رێگای دەبڕی، ئەوەش بەهۆی كاردانەوەكانی دوای بڵاوبونەوەی هێزی فیدراڵی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

هێزە عیراقیەكان لە 19-10ی ئەمساڵەوە گەڕاونەتەوە بۆ دەشتی نەینەوا‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لەوكاتەوە رێگاكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و پارێزگای موسڵ داخراون، تەنیا دەروازەی كەڵەك بۆ بەستنەوەی هەردوو ناوچەكەوە بە یەكترییەوە ماوەتەوە.

مامۆستا غەزوان بە (كەركوك ناو)ی وت “بەر لە داخستنی رێگەكە لە ماڵی خۆمەوە لە باشیك بە نیو كاتژمێر (30 خولەك) دەگەیشتمە قوتابخانەكەم لە شێخان بە ئۆتۆمبێل”، بەڵام ئێستا كاتژمێر پێنجی بەیانی بەڕێدەكەوێت‌و كاتژمێر 9 بۆ 10 دەگات، چونكە ناچارن زیاتر لە كاتژمێر لە ریزی ئۆتۆمبێلەكاندا رابوەستن تا بە تەنیا بازگەی نێوان نەینەوا‌و هەرێمی كوردستاندا تێپەڕن.

رێگای نێوان ناحیەی باشیك (12كم باكوری موسڵ) لەگەڵ قەزای شێخان (45كم باكور موسڵ) تەنیا 27 كیلۆمەترە، بەڵام بەهۆی داخستنی دەروازەكانەوە ئێستا هەمان خەڵك لە نێوان ئەو دوو ناوچەیەدا 140 كیلۆمەتر ببڕێت، ئەوەش لە باشیكەوە دەرۆن بەناو بەرتڵە‌و دواتر حەسەن شام‌و خازر‌و دەوروبەری چیاكانی مەقلوب‌و زەردك تا دەگاتە ناوچەی كەڵەك ئینجا بۆ قەزای بەردەڕەش‌و لەوێوە بەرەو شێخان.

باشیك، شوباتی 2017، هەڵمەتێك بەناوی پەنجەی هیوا بۆ سڕینەوەی دروشمەكانی داعش لە ناحیەكە فۆتۆ: موهەنەد سنجاری

ئەسعەد محێدین، بەرێوەبەری پەروەردەی قەزای شێخان بۆ (كەركوك ناو) باسی لەوەكرد دۆخی مامۆستایان لەبەرچاو دەگرن‌و كەمتەرخەم نەبون لەوبارەیەوە، بۆیە هیچ رێكارێكیان نەگرتۆتەبەر لەبەرانبەر ئامادەنەبونی مامۆستایان یان دورخستنەوە یاخود بڕینی دەرماڵە، بۆ ئەو مەبەستەش راپۆرتێكیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كردووە.

بەرێوەبەری پەروەردە داوا لە مامۆستایان دەكات بەرگە بگرن‌و هاوكار بن، لە بەشە ناوخۆییەكان‌و قوتابخانەكاندا بمێننەوە، چونكە ئەو بارودۆخە وەكو ئەو دەڵێت كاتییە‌و بەمزوانە نامێنێت.

بەشێكی زۆر لەو مامۆستایانەی رێگەی هاتوچۆیان دوركەوتۆتەوە، بە ناچاری هەفتەیەك جارێك یان دوجار دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان.

مامۆستا غەزوان جومعە وتی “دوای داخستنی رێگاكە، من‌و بەشێك لەهاوپیشەكانم ناچاربوین خانویەك لە كۆمەڵگەی نیشتەجێبونی مەهد بدۆزینەوە بۆ مانەوە، تا بەردەوامی بە دەوام بدەین”.

لە یەكشەممەی هەموو هەفتەیەكەوە تا پێنجشەممە، ئەو مامۆستایە لە شێخان دەمێنێتەوە‌و ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، چونكە كرێی هاتووچۆی هەردووسەر دەگاتە 30 هەزار دینار رۆژانە، لەكاتێكدا موچەكەی لە 400 هەزار دینار تێناپەڕێت لە مانگێكدا.

مانەوەی لە شێخان، وایكردووە نەتوانێت كاری دوای مامۆستایی بكات كە نوسینگەیەكی وێنەگرییە لە باشیك، “ئەگەر پەروەردە رەزامەندی بدات لەسەر مۆڵەتی مانگانە بە موچەوە هەموو فەرمانبەرانی باشیك وەریاندەگرت”، مامۆستا غەزوان وای وت.

موسڵ، 2017، وێرانكارییەكانی شەڕی دژ بە داعش فۆتۆ: رۆیتەرز

بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەكانی نێوان حكومەتی ناوەند‌و هەرێمی كوردستان، رێگاكانی نێوان شێخان-موسڵ، بەردەڕەش-موسڵ، تلكێف-دهۆك، شەنگال-دهۆك، زومار-شەنگال، رەبیعە-شەنگال، ئەلقوش-موسڵ، حەمدانییە-هەولێر‌و بەرتڵە هەولێر داخراون.

كەریم سلێمان، وتەبێژی ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ی وت “داواكارییەكمان داوەتەوە لایەنی پەیوەندیدار بۆ كردنەوەی رێگای شێخان لەبەردەم هەزاران فەرمانبەر‌و خوێندكاردا، تا باج-ی تایبەت بە فەرمانبەران دەربكرێت بۆ كارئاسانی هاتوچۆكردنیان، لە ئێستادا چاوەڕێی وەڵامی داواكارییەكە دەكەین”.

هەروەها جەختیكردەوە زیانمەندی داخستنی رێگاكان تەنیا فەرمانبەر نییە، بەڵكو دامودەزگا حكومییەكانیشە لە هەرێمی كوردستان، زۆرێك لە كەرتە تەندروستی‌و پەروەردەییەكان پشت بە فەرمانبەرانی ئەو ناوچانە دەبەستێت كە بەمدواییە كەوتنە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی، لە نێویاندا قەزای تلكێف‌و ناحیەی باشیك.

گەرانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ نەینەوا‌و كەركوك‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بوو بەناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، دوای ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا‌و هەولێر بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی بارگرژیی‌و تائێستاش سەرباری نێوەندگیری نێودەوڵەتی، بە تەواوی هێورنەبۆتەوە‌و دانوستانیان دەستپێنەكردووە.

2 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری