بارگرژی بۆ دیالە دەگەڕێتەوە
گروپێكی نوێی چەكداری كەوتوونەتە جموجۆڵ

December 3, 2017 at 2:39 pm

دیالە، تشرینی دوەمی 2017، ناوچەی نەفتخانە لە نزیك سنوری نێوان عیراق‌و ئێران فۆتۆ: هاوڕێ‌ ئازاد

هاوڕێ‌ ئازاد
گروپێكی نوێی چەكداری لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای دیالە، كەوتونەتە جموجۆڵ‌و هەراسانكردنی خەڵك، ئەوەش بە وتەی لێپرسراوانی ئیداریی‌و ئەمنی لە پاشماوەكانی داعش پێكهاتوون.

بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا‌و بە تایبەت لە دوای راگەیاندنی كۆتایی داعش لە عیراق چەندین كردەوەی توندوتیژی لە ناوچەكانی پارێزگای دیالە روویانداوە، لە نێویاندا دانانی بۆمبی چێنراو، بۆردومان‌و تەقەكردن لە خەڵك.

شەوی 1 لەسەر 2ی 12ی ئەمساڵ لە گوندی حەمید شەفی لە مەندەلی، بۆمبێكی چێنراو بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی ناحیەی مەندەلیدا تەقییەوە‌و بەهۆیەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی ناحیەكە‌و پۆلیسێك برینداربوون، بەڵام سەرۆك ئەنجومەن كە پێشتر لێپرسراوی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بەبێ‌ زیان رزگاری بوو.

سەرچاوەیەكی سەربازی لە سوپای عیراق كە لەناوچەكانی زەلاو لە نزیك نەفتخانەی پارێزگای دیالە جێگیربوون بە (كەركوك ناو)ی وت “بەشەوان تیرۆریستان جموجۆڵیان هەیە لە ناوچەی ندە‌و ئیمام وەیس بە ماتۆڕسكیل، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانیش ئەو گروپە چەكدارانی داعشە‌و بەناوێكی نوێوە دەستیانكردووە بە چالاكی”.

هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، شەممە 2-12 ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییان لە ناوچەی ندە ئەنجامداوە‌و توانیویانە دوو چەكدار بكوژن، كە یەكێكیان خەڵكی ناحییەی سەعدییەیە‌و پێشتر ئەندامی قاعیدە بووە‌و دواتر پەیوەندی كردووە بە داعش لە ویلایەتی دیالە.

ناوچەی ندە سەر بە ناحیەی مەندەلییە بە دوری 95كم لە باشوری خۆرهەڵاتی قەزای خانەقین، ناوچەیەكی سنوری نێوان عیراق‌و ئێرانە لە پارێزگای دیالە، بەپێی ماددەی 140ی دەستور ناوچەی جێناكۆكە.

دیالە، تشرینی دوەمی 2017، رێگایەكی سەرەكی خانەقین ‌و مەندەلی پێكەوە دەبەستێتەوە فۆتۆ: هاوڕێ‌ ئازاد

زاهد تاهر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت “گروپێكی چەكداری كە ژمارەیان لە نێوان 50 بۆ 70 چەكداردایە جموجۆڵیان هەیە لە ناوچەی ندە لە نزیك مەندەلی و نەفتخانە‌و زنجیرە چیاكانی حەمرین”.

لێپرسراوانی ئەمنی‌و ئیداریی، گوماندەكەن ئەو گروپە نوێییەی لە ناوچەكانی دیالە دەركەوتوون پاشماوەی داعش بن‌و خۆیان رێكخستبێتەوە، هەرچەندە كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەربازی ئەو رێكخراوە بە تەواوی لە عیراق راگەیەندراوە.

زاهد تاهر دەڵێت داعش لەبەرئەوەی شكستیهێناوە “هەوڵدەدات بەناو و تتكتیكی سەربازی نوێوە دەست بە چالاكی بكات بۆ سەرقاڵكردنی هێزە ئەمنی‌و هەواڵگرییەكان، لە هەفتەی ڕابردووشەوە ژمارەیەك لەو هێزە هێرشیانكردە سەر گوندەكانی قەرەلوس‌و ناوچەی ندە”.

جموجۆڵە چەكدارییەكان لە دیالە لە كاتێكدایە، نزیكەی دو مانگە گۆڕانكاری لە دۆسیەی سەربازی‌و ئەمنی ناوچەكانی جێناكۆكی ئەو پارێزگایە روویداوە، دوای ئەوەی هێزە عیراقییەكان لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی گەرانەوە‌و هێزەكانی پێشمەرگەش كشانەوە.

لەو كاتەوە ناوبەناو بارگرژیی سەرهەڵدەدات‌و لە جەلەولا‌و خانەقینیش، تائێستا ژمارەیەك هاوڵاتی بەهۆی تەقەكردن‌و رفاندنەوە كوژراون.

شەوی 21-11ی ئەمساڵ لە گوندی شیركە لە باكوری قەزای خانەقین، سێ چەكدار هەڵیانكوتاسەر ماڵی هاوڵاتییەك بە ناوی مەعروف حسێن، كە ئەندامی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە‌و كوشتوویانە‌و لە هەمان رووداودا، كورێكیشی بریندار بووە.

ئەو رووداوە چوارەمین حاڵەتی كوشتن بوو بە فیشەك كە لە قەزای خانەقین تۆماربكرێت لە ماوەی مانگێكدا، جگە لەوەش لە ناحیەی جەبارە دوو هاوڵاتی رفێنراون‌و لە ناحیەی قەرەتەپەش، یەكشەممە 3-12 تەرمی دوو هاوڵاتی دۆزرانەوە كە لە ریزەكانی پۆلیسی نەوت‌و گازدا بوون.

سەلام ئەسعەد، لێپرسراوی بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت “هاوڵاتیە كوژراوەكە (مەعروف حسێن)، دوو فیشەك بە تەرمەكەیەوە بوو، یەكێك لە فیشەكەكان بەر سەریی و یەكێكی تریش بەر قاچی كەوتبوو”.

شەقامێكی سەرەكی لە ناوەندی قەزای خانەقین-ی پارێزگای دیالە فۆتۆ: هاوڕێ‌ ئازاد

لە چەندین ناوچەی تری دیالە بە تایبەت جێناكۆك، روداوی تەقینەوەی بۆمبی چێنراو و تەقەكردن و پەلاماردان تۆماركراون، ناحیەی قەرەتەپەی سەر بە قەزای خانەقین چەندجارێك بە هاوەن بۆردومان كراوە، جموجۆڵی چەكدارییش لە حەمرین بینراوە.

رەحیم عەزیز، سەرۆكی ئەنجومەنی ناحیەی قەرەتەپە بە (كەركوك ناو)ی وت “داعش ناوبەناو بۆردومانی ناحیەی قەرەتەپە دەكات، دوایین جار هەفتەی ڕابردوو بوو بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبوو”.

بەبڕوای ئەو لێپرسراوەی قەرەتەپە، “داعش لەم سنورە كۆتایی پێنەهاتووە، چونكە بە درێژایی نزیكەی 60كم‌و بە پانی نزیكەی 12كم لە نێوان قەرەتەپە و ناوچەی عوزیم چۆڵە‌و بۆتە هۆی دروستبوونی كەلێنی ئەمنی”.

هەروەها بە پێویستی زانی رێگری لە جموجۆڵە چەكدارییەكان بكرێت‌و پێیوایە ئەو ناوچە چۆڵە، گرنگە نزیكەی بەك لیوای سەربازی بۆ تەرخانبكرێت چونكە پێشتریش هێزی لێ‌ نەبووە.

زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای دیالە، لە دوای ساڵی 2003‌و روخانی رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدا حسێن، جێی توندوتیژی بووە‌و لە ناوەڕاستی ساڵی 2014یشدا كەوتنە ژێر دەستی داعش، بەڵام بە هاوبەشی لەلایەن هێزە عیراقییەكان‌و پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵكرانەوە.

2 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری