نیوەی رفێنراوانی ئێزیدی رزگاركراون
47 گۆڕ دۆزراونەتەوە‌و 100 هەزار كەس كۆچیان كردووە

December 3, 2017 at 5:27 pm

دهۆك، 7-11-2017، شادبوونەوەی كچە رزگاربویەكی ئێزیدی بە كەسوكاری فۆتۆ: نوسینگەی كاروباری رفێنراوان

كەركوك ناو
نیوەی هاوڵاتیانی ئێزیدی رفێنراوی لای داعش رزگاركراون‌و زیاتر لە 100 هەزار كەس، وڵاتیان بەجێهێشتووە‌و تەنیا لە قەزای شەنگالیش، 43 گۆڕی بە كۆمەڵ دزراونەتەوە، بەپێی دوایین ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان.

بەپێی ئامارێكی ئەو بەرێوەبەرایەتییەی وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی كە ئەمڕۆ یەكشەممە 3-12 بڵاوكراوەتەوە، تاوانەكانی داعش دژ بەپێكهاتەی ئێزیدی لە ئابی 2014وە تائێستا خراوەتەڕوو.

وەكو لە ئامارەكەدا هاتووە، ژمارەی ئێزیدی لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتووە‌و كۆچیان كردووە.

لە ماوەی ئەو سێ‌ ساڵەدا “هەزار‌و 293 ئێزیدی شەهیدبوون‌و نزیكەی سێ‌ هەزار منداڵ هەتیو كەوتوون، بەجۆرێك 1759 منداڵ باوكی لەدەستداوە‌و 407یان دایكیان نەماوە، 359 منداڵ دایك‌و باوكی لەدەستداوە‌و 220 منداڵیش دایك‌و باوكیان لە دەستی داعشدایە”.

تەنیا لە سنوری قەزای شەنگال، تائێستا 47 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، هەروەها داعش لە هێرشەكانیدا 68 مەزارگە‌و شوێنی ئاینی ئێزیدییەكانی تەقاندۆتەوە.

ئەو ئێزیدییانەی لەلایەن داعشەوە رفێنراون، شەش هەزار‌و 417 كەس بوون‌و لەو ژمارەیەش، سێ‌ هەزار‌و 547یان لە رەگەزی مێ‌‌و ئەوانیتر لە رەگەزی نێر بوون.

هەر بەپێی ئامارەكە، لەكۆی ژمارەی رفێراوان تائێستا سێ‌ هەزار‌و 207 ئێزیدی رزگاركراون لەنێویاندا هەزار‌و 137 ژن‌و كچ، 335 پیاو لەگەڵ 904 منداڵی كچ‌و 831 منداڵی كوڕ، بەڵام هێشتا سێ‌ هەزار‌و 210 ئێزیدی چارەنووسیان دیارنیە كە بەسەر هەردوو رەگەزەكەدا دابەشبوون.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن