پەرلەمانی كوردستان: دەبێت روداوەكانی دوزخورماتوو بە تاوان بناسرێن

December 6, 2017 at 7:52 pm

ناحیه‌ی زنانه‌/17ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئاواره‌بوونی هه‌زاران خێزانی دوزخورماتوو فۆتۆ: عه‌لی مه‌حمود

كەركوك ناو
پەرلەمانی كوردستان، بەپێویستی دەزانێت چەكدارانی حەشدی شەعبی لە قەزای دوزخورماتوو بچنە دەرەوە‌و روداوەكانی ئەو ناوچەیەش لە 16ی ئۆكتۆبەردا، بە تاوان دژ بە خەڵك بناسرێن.

لە دانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆ چوارشەممەی پەرلەمان، تاوتوێی راپۆرتێك كرا دەربارەی رەوشی دوزخورماتو لە دوای روداوەكانی 16ی 10ی ئەمساڵ‌و گەرانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، دوابەدوای كشانەوەی پێشمەرگە.

بەپێی بەیاننامەیەكی پەرلەمان لیژنەی ئامادەكاری راپۆرتەكەدا بڕیاریداوە “هەموو ئەو تاوانانەی بەسەر خەڵكی دووزخورماتوودا هاتووە بە دۆكیۆمێنت بكرێن لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەتی یاسایی و لە رێگەی دادگاوە مافەكانیان بۆ بگەڕێتەوە و ئەو تاوانانەش بە تاوان دژ بەخەڵكی مەدەنی بناسرێندرێن”.

هەروەها بەپێویستی دەزانن هێزی چەكداری حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو بچنە دەرەوە، خەڵكی ئاوارە بگەڕێنەوە، بە پێی رێككەوتنی عیراقی_ئەمریكی هێزێكی تایبەت ژیانی خەڵك بپارێزێت.

هەزاران خێزانی دوزخورماتوو، بەهۆی روداوەكانی ئۆكتۆبەرەوە ئاوارەبوون‌و تائێستا، نەگەراونەتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دوێنێ‌ سێشەممە 5-12 وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی راسپارد بۆ دانانی پلانێك بە ئامانجی گەرانەوەی ئاوارەكانی قەزای دوزخورماتوو.

هێرشی هێزەكانی سوپای عیراق بۆ سەر قەزای دوزخورماتوو كوژرانی چەند مەدەنییەكی لێكەوتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماڵ و بازاڕی خێزانە كوردەكانی قەزاكە روبەڕوی سوتان و تاڵانكردن بوونەوە، ئەوەش بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كە تیمی رۆژنامەنووسانی (كەركوك ناو) لە دوای روداوەكانی 16ی تشرینی یەكەم ئەنجامیاندا.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دوێنێ‌ سێشەممە لە كۆبونەوەیەكی ئاساییدا تاوتوێی رەوشی ناوچەكانی جێناكۆكی كرد‌و بڕیاریدا، بە كۆكردنەوەی بەڵگە و بەدۆكیومێنتكردنی ئەو تاوانەی لەو ناوچانە روویانداوە كە “هەندێكیان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگن، تا لە چوارچێوە كارپێكراوەكاندا رێكاری یاسایی بەرامبەر بكەرانی ئەو تاوانانە بگیرێتەبەر”.

قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگا سەڵاحەدین، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت.

7 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری