له‌‌سه‌ر كارپێكردنی مۆلیده‌، كه‌سێك ده‌كوژرێت

December 7, 2017 at 1:20 pm

كه‌ركوك/ته‌موزی 2017/ یه‌كێك له‌ بازاڕه‌كانی شاره‌كه‌ فۆتۆ: بنار سه‌ردار

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

له‌سه‌ر كارپێكردنی مۆلیده‌ له گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوای كه‌ركوك ناكۆكی ده‌كه‌وێته‌ نێوان خاوه‌نی مۆلیده‌ و هاوڵاتییه‌كی گه‌ڕه‌كه‌كه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هاوڵاتییه‌كه‌ ده‌كوژرێت.

روداوه‌كه‌ كاتژمێر 7ی ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 6-12 رویداوه‌ كاتێك هاوڵاتییه‌كه‌ له‌سه‌ر كاتی كارپێكردنی مۆلیده‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نی مۆلیده‌كه‌ ده‌بێته‌ ده‌مه‌قاڵێی و شه‌ڕیان، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی پۆلیسی كه‌ركوك.

عەقید نەوزاد ستار، به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوای كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ناكۆكییه‌كه‌ له‌سه‌ر كارپێكردنی مۆلیده‌ بووه‌، هاوڵاتییه‌ك به‌ ‌ناوی مەریوان رەسوڵ فه‌تاح (تەمەن ۳٨ساڵ) دەچێتە سەر خاوەن مۆلیدەی گەڕەکەكه‌ و دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ ده‌مه‌قاڵێیان خاوه‌نی مۆلیده‌كه‌ به‌ردێك ده‌هاوێژێت و به‌ر سه‌ری مه‌ریوان ده‌كه‌وێت و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ گیانله‌ده‌ستده‌دات”.

دادوه‌ر بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ سێ كه‌س ده‌ركردووه‌، كه‌ یه‌كێكیان خاوه‌نی مۆلیده‌كه‌یه‌.

عه‌قید نه‌وزاد وتی “هێشتا هیچ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیرنه‌كراون، چونكه‌ دوای روداوه‌كه‌ به‌ره‌ و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتون”.

مەریوان رەسوڵ فه‌تاح (تەمەن ۳٨ساڵ) ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ 6-12-2017 له‌ كه‌ركوك كوژرا

ئه‌و ناكۆكییه‌كه‌ له‌سه‌ر كارپێكردنی مۆلیده‌ له‌كاتێكدایه‌ ره‌وشی كاره‌بای كه‌ركوك به‌ به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی تر خراپ نییه‌، به‌پێی راگه‌یاندنی كاره‌بای كه‌ركوك رۆژانه‌ 16 كاتژمێر كاره‌بای نیشتیمانی هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی بۆ مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان دانراوه‌، ده‌بێت رۆژانه‌ له ‌كاتژمێر 7ی به‌یانی بۆ 9ی به‌یانی كاربكه‌ن له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر كاره‌بای نیشتیمانیی نه‌بێت. له ‌كاتژمێر 3ی دواینیوه‌ڕۆش هه‌ركاتێك كاره‌بای نیشتیمانی نه‌بێت ده‌بێت به‌هه‌مان شێوه‌ كاربكه‌ن.

3 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری