پۆلیسه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی دوزخورماتوو ئازادكران

December 7, 2017 at 1:52 pm

قەزای دوزخورماتوو، شەقامێكی سەرەكی ناوەندی دوزخورماتوو فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

17 پۆلیسه‌كه‌ی قەزای دوزخورماتوو كه‌ بەهۆی بەشداریكردنیان لە پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان به‌بڕیاری حكومه‌تی به‌غدا ده‌ستگیركرابوون، ئازادكران.

محەمەد فایەق، وتەبێژی قایمقامیەتی قەزای دوزخورماتوو كە زیاتر لە مانگێكە لە دەرەوەی قەزاكەیە ‌و نەگەڕاوەتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت “شه‌وی رابردوو 12 له‌ پۆلیسه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان به‌ كه‌فاله‌‌ت ئازادكران، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ش 7-12 ئه‌وانی تر به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكران”.

وتیشی “ئێستا پۆلیسه‌كان له‌ماڵی خۆیان و ئازادكران و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌”، به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانیاری تر بدات.

سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ لەرێی وەزارەتی ناوخۆی عیراقییەوە، ناوی 29 پۆلیسی سەر بەقەزای دوزخورماتوو رەوانەی پارێزگای سەڵاحەدین كراو داواكراوە بۆ چەند رێكارێك سەردانی تكریت بكەن، بەڵام ئەوانەی بەدەم داواكارییەكەوە رۆیشتوون دەستبەسەركراون.

مەلا حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین پێشتر به‌ (كەركوك ناو)ی وت “لەو 29 پۆلیسەی داواكرابون 17 یان دەستگیركراون، دوانیان پاسەوانی منن، ئەو پۆلیسانە لە كاتی دەوامی فەرمی خۆیان لەلایەن سوپای عیراقیەوە دەستگیركراون‌ و نێردراون بۆ تكریت”.

هۆكاره‌كه‌شی بۆ به‌شداریكردن له‌ ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕانده‌وه‌.

لە 25-9ی ئەمساڵ، دوزخورماتوو هاوشێوەی ناوچەكانی تری جێناكۆك بەشداریكرد لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، كە بەهۆیەوە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی بەغدا‌و هەولێر گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

دوزخورماتوو/ 16ی تشرینی یه‌كه‌م/ دوكه‌ڵی شه‌ڕ له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: دڵشاد ئه‌نوه‌ر

محەمەد فایەق، وتەبێژی قایمقامیەتی قەزای دوزخورماتوو وتی پێشتر ‌و لە 18ی 10ی ئەمساڵدا، 12 پۆلیسی دوزخورماتوو بەهۆی بەشداری لە ریفراندۆم بۆ ماوەی شەو و رۆژێك لە تكریت دەستبەسەربون، بەڵام بە هەوڵی قایمقامی ئەوكات ئازاد كران.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە كورد، توركمان‌و عەرەب پێكهاتوون.

لە دوای روداوەكانی 16-10ی ئەمساڵ‌و گەرانەوەی هێزە عیراقیەكان لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی یاسا، زۆرینەی هاوڵاتیانی پێكهاتەی كوردی قەزاكە ئاوارەی هەرێم بوون‌و هێشتا نەگەراونەتەوە، جگە لە سوتاندن‌و تەقاندنەوە‌و تاڵانكردنی دەیان دوكان‌و خانوو.

3 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری