پارێزگاری كه‌ركوك داوای پاراستنی “ده‌ستكه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كان” ده‌كات

December 7, 2017 at 2:42 pm

پردێ، تشرینی یەكەمی 2017، چەند رۆژێك دوای ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ناحیه‌ی پردێ له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه فۆتۆ: كه‌ركوك ناو‌

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، جه‌خت له‌ گرنگی پاراستنی ئه‌من و ئاسایشی شاره‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ له‌ پێناو پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كان كه‌ له‌ ئه‌نجامی “كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ و سه‌پاندنی یاسا” له‌ پارێزگاكه‌ به‌ده‌ستهاتوون.

ئه‌‌و وتانه‌ی راكان سه‌عید له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا هاتووه‌ دوابه‌دوای سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئه‌منی باڵای كه‌ركوك كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7-12 به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ “له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئیدانه‌ی تیرۆكردنی رائید سامر عەبدولنەبی كرا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی نه‌ناسراوه‌وه‌”، ئه‌و ئەفسەره‌ كه‌ له‌ دیوانی پارێزگای كه‌ركوك ده‌وامی ده‌كرد دوێنی چوارشه‌ممه‌ 6-12 لەنێو ئۆتۆمبێلێكەوە لە بەرانبەر ماڵی خۆیان لە گەڕەكی فەیلەق لە شاری كەركوك‌ ته‌قه‌ی لێكراو كوژرا.

راكان سه‌عید داوایكرد هێزه‌ ئه‌منییه‌كان په‌له‌بكه‌ن له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و راده‌ستكردنی تاوانباران به‌ دادگا.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ گرنگی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی كه‌ركوك له‌ پێناو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی “كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی حه‌ویجه‌ و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری و سه‌پاندنی یاسا له‌ كه‌ركوك به‌دیهاتوون”.

دۆسیەی كەركوك ‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە كەوتنە ژێر دەستی دژەتیرۆر بە هاوكاری پۆلیس، دوای گەرانەوەی هێزە عیراقییەكان ‌و كشانەوەی پێشمەرگە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكی حكومەتی ناوەندی بەناوی سەپاندنی یاسا.

3 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری