25 پۆلیسی دوزخورماتوو ئازادكران
پۆلیسێك: وتمان لە ریفراندۆمدا دەنگمان نەداوە

December 7, 2017 at 5:27 pm

ناوەندی قەزای دوزخورماتوو لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

زۆرینەی پۆلیسە دەستگیركراوەكانی قەزای دوزخورماتوو بە كەفالەت ئازادكران، دوای ئەوەی رەتیانكردۆتەوە لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا دەنگیان دابێت، بەڵام هێشتا چارەنوسی چوار دەستگیركراوی تر یەكلایینەكراوەتەوە.

سەرەتای ئەم مانگە، لەلایەن بەغداوە ناوی 29 پۆلیس سەر بەقەزای دوزخورماتوو رەوانەی پارێزگای سەڵاحەدین كرا‌و داواكرا بۆ چەند رێكارێك سەردانی تكریت بكەن، بەڵام دوای ئەوەی بە دەم داواكارییەكەوە رۆیشتن بەتۆمەتی بەشداری‌و دەنگدان لە ریفراندۆم دەستگیركران.

مەلا حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كە لەنێو دەستگیركراوەكاندا دوو پاسەوانی تێدابوو بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێوارەی دوێنێ‌ چوارشەممە 25 لەو پۆلیسانە ئازاد كراون بەكەفالەت كە یەكێكیان پاسەوانی منە، بەڵام چواریان ماونەتەوە بەهۆی نەبونی كەفیلەوە‌و بڕیارە ئەوانیش ئازادبكرێن”.

لە 25-9ی ئەمساڵ، دوزخورماتوو هاوشێوەی ناوچەكانی تری جێناكۆك بەشداریكرد لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، كە بەهۆیەوە پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی بەغدا‌و هەولێر گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

فەلاح یاسین، یەكێكە لەو پۆلیسانەی دوای چەند رۆژێك لە دەستگیركردنی ئازادكراوە بە (كەركوك ناو)ی وت “لەكاتی دەوامی ئاسایی خۆمان لەلایەن ئینزیباتی سەڵاحەدین داواكراین بۆ لیژنەی لێپرسینەوە، 27 كەسمان چوینە ئینزیباتی سەڵاحەدین‌و بەڵام لەوێ‌ دەستگیركراین‌و پێیان وتین ئێوە دەنگتان بەڕیفراندۆم داوە”.

“دواتر بە هەوڵی لێپرسراوان كەفالەتمان بۆ كرا‌و وتەمان لێوەرگیرا كە دەنگمان نەداوە بە ریفراندۆم‌و ئازاد كراین”.

ئەو پۆلیسە لە بارەی ماوەی دەستبەسەركردنەكەیانەوە جەختیكردەوە “مامەڵەیان باش بوو لەگەڵمان، بەبێ‌ هیچ سوكایەتی‌و ئازاردانێك ئێوارەی دوێنێ‌ ئازاد كراین”.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە كورد، توركمان‌و عەرەب پێكهاتوون.

لە دوای روداوەكانی 16-10ی ئەمساڵ‌و گەرانەوەی هێزە عیراقیەكان لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی یاسا، زۆرینەی هاوڵاتیانی پێكهاتەی كوردی قەزاكە ئاوارەی هەرێم بوون‌و هێشتا نەگەراونەتەوە، جگە لە سوتاندن‌و تەقاندنەوە‌و تاڵانكردنی دەیان دوكان‌و خانوو.

4 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری