“رێگە نەدرا بچنە گەڕەكە كوردنشینەكان”
شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان دەچێتە دوزخورماتوو

December 7, 2017 at 8:55 pm

دوزخورماتوو/ 16ی تشرینی یه‌كه‌م/ دوكه‌ڵی شه‌ڕ له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: دڵشاد ئه‌نوه‌ر

ژینۆ خەلیل – كەركوك ناو
شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە سەردانێكدا بۆ دوزخورماتوو لەگەڵ نوێنەری پێكهاتە جیاوازەكاندا كۆدەبنەوە بەڵام رێگەنادرێت بچنە گەڕەكە كوردنشینەكان، ئەوەش بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی ئەو قەزایە.

سەردانەكەی شاندی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-12 لەرێی پێنج ئۆتۆمبێلەوە بووە بۆ باڵەخانەی ئەنجومەنی قەزاكە‌و لە گفتوگۆكانیاندا، تاوتوێی دۆسیەی ئاوارەكان‌و ئەمنیەتی ناوچەكەیان كردووە، بە تایبەت لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە.

سەردار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ی وت “وەفدەكە لەگەڵ هەرسێ‌ نەتەوەی كورد‌و عەرەب‌و توركمان كۆبووەوە، ئێمە وەكو كوردەكان داوامانكرد سەردانی گەڕەكە كوردیەكان بكەن‌و ئەو خانوانە ببینن كە سوتێنران‌و تەقێندرانەتەوە، بەڵام حەشد‌و پۆلیسی عێراقی ڕێگەیان نەدا”.

پاساوی هێزە عیراقییەكان‌و حەشدی شەعبی بۆ رێگری لە نەتەوە یەكگرتووەكان، وەكو سەردار ئەحمەد دەڵێت داواكردنی ئەولەویاتی رەزامەندی پارێزگای سەڵاحەدین بووە، تا بتوانن سەردانی گەڕەكەكان بكەن.

ناحیه‌ی زنانه‌/17ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئاواره‌بوونی هه‌زاران خێزانی دوزخورماتوو فۆتۆ: عه‌لی مه‌حمود

هێرشی هێزەكانی سوپای عیراق بۆ سەر قەزای دوزخورماتوو كوژرانی چەند مەدەنییەكی لێكەوتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماڵ و بازاڕی خێزانە كوردەكانی قەزاكە روبەڕوی سوتان و تاڵانكردن بوونەوە، ئەوەش بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كە تیمی رۆژنامەنووسانی (كەركوك ناو) لە دوای روداوەكانی 16ی تشرینی یەكەم ئەنجامیاندا.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو باسی لەوەكرد شاندەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، تاوەكو دوانیوەڕۆ لە قەزاكە ماونەتەوە‌و هەرچەندە لەسەر داوای نوێنەرانی كورد سەردانەكەیان ئەنجامدابوو، بەڵام رێگەی چونە گەڕەكە كوردنیشینەكانیان پێنەدرا.

دوزخورماتوو لەگەڵ ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە كەوتنە ژێر دەستی هێزە عیراقییەكان دوای كشانەوەی پێشمەرگە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی یاسا، پاش ئەوەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عیراق بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

پەرلەمانی كوردستان، لە دانیشتنێكدا دوێنێ‌ چوارشەممە بەپێویستی زانی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە قەزای دوزخورماتوو بچنە دەرەوە‌و روداوەكانی ئەو ناوچەیەش لە 16ی ئۆكتۆبەردا، بە تاوان دژ بە خەڵك بناسرێن.

ئەوەش دوای ئەوەهات ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا رۆژی پێشتر (سێشەممە 5-12) وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی راسپارد بۆ دانانی پلانێك بە ئامانجی گەرانەوەی ئاوارەكانی قەزای دوزخورماتوو.

قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگا سەڵاحەدین، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت.

7 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری