لە كەركوك چی دەگوزەرێت؟
(كەركوك ناو) دیوی ناوەوەی روداوەكان ئاشكرادەكات

January 2, 2018 at 12:00 pm

كه‌ركوك/16-10-2017/ ساتی هاتنی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناو كه‌ركوك و پاشه‌كشێی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاره‌كه‌ فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

كەركوك – كەركوك ناو

بەیانییەكی زوو بوو، هێزێكی زۆر لە گەڕەكی شۆرجە جێگیركرابوون دوای بەڕێكردنی شەوێكی پڕ لە بارگرژی، ئەحمەد لەوكاتەدا بە ماتۆڕسكیلێكەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕایەوە، یەكێك لە بازگەكان رایگرت و دوای پشكنینی مۆبایلەكەی، دەستبەجێ‌ قۆڵبەستیان كرد.

ئەحمەد نازم تەمەنی 17 ساڵە ‌و كاری لەفە فرۆشتنە لە نزیك ناحیەی قادركەرەم، لەو رۆژەدا بۆ پشووی هەینی، دەبوو لە نێو خێزانەكەیدا بێت، بەڵام بەهۆی روداوێكەوە كە ئاگاداری نەبوو، كەوتە زیندانی دژەتیرۆری عیراق.

“لەگەڵ دوو هاوڕێی دیكەمدا لەسەر ماتۆڕسكیل بوین… گەیشتینە نزیك دووڕیانی چوار براكە لە شۆرجە ‌و هێزێكی دەزگای دژەتیرۆر رایگرتین، دەستبەجێ دەستیانكرد بەپشكنینی مۆبایلەكانمان”، ئەحمەد بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو دەڵێت “بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر وێنەی برا پێشمەرگەكەم لە مۆبایلەكەمدا، من دەستگیركرام و رێگەیاندا دوو هاوڕێكەم بڕۆن”.

شەوی پێش دەستگیركردنی ئەحمەد، (11ی تشرینی دوەمی 2017) زۆرینەی خەڵكی شۆرجە بە هۆی دەنگی تەقە و چەكی قورسەوە بە خەبەر بوون، بەپێی رونكردنەوەی ئەوكاتەی دژەتیرۆر، لە نزیك چێشتخانەی ناسڕ لەو گەڕەكە، بەنارنجۆك و ئاربیجی هێرشیانكراوەتەسەر‌و ئەوانیش، بە توندی وەڵامیان داوەتەوە.

لە كاتی روداوەكەدا، هێزی زۆری ئەمنی بڵاوەیانپێكرا، هەموو رێگا سەرەكییەكان شۆرجە داخران و كاتێك رۆژ بۆوە، هەڵمەتێكی پشكنین و گەڕانی ماڵەكان دەستیپێكرد، بە بەكارهێنانی سەگی پۆلیس، دەستیانگرت بەسەر دەیان پارچە چەك‌ و ژماره‌یەك گەنجیش دەستگیركران.

عەمید خەتاب عومەر، فەرماندەی گشتی پۆلیسی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “هەندێكجار خەڵكانی دیكە لە شوێنی روداوەكان یاخود بەگومان دەستگیركراون‌و دوای تەداخولكردنمان توانیومانە ئازادیان بكەین، دوای ئەوەی بۆمان رونبۆتەوە لە هیچ تاوانێكدا تێوەنەگلاون”.

ئەحمەد لە نێو ئەو دەستگیركراوانەدا بوو، لەگەڵ گەیشتنی هەواڵەكە بە خێزانەكەی، دایكی باری تەندروستی تێكدەچێت ‌و رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی دەكەن، تا سێ‌ رۆژ لە ژێر چاودێری پزیشكیدا دەمێنێتەوە.

پردێ/ 23-10-2017/ سێ رۆژ دوای ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ناحیه‌ی پردێ له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه فۆتۆ: كه‌ركوك ناو‌

پەخشان سابیر (37 ساڵ)، دایكی ئەحمەدە و ئەوەندە بە هەواڵی دەستگیركردنی كوڕە بچوكەكەی توشی شۆك بووە، وەكو كەسوكاری دەڵێن، تائێستاش بە فشاری دەرمان لەسەر پێی خۆی دەوەستێت.

كوڕەكەی پەخشان (ئەحمەد)، دوای مانگێك لە دەستبەسەركردنی دادگای كەركوك بەكەفالەت ئازادیكرد، پاش ئەوەی خانەوادەكەی بە چەند شایەتحاڵێك بێتاوانییان سەلماند.

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، كاتێك هێزە عیراقیەكان لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی یاسا گەڕانەوە بۆ كەركوك دوای كشانەوەی پێشمەرگە، چەندین روداوی تەقەكردن و هێرشی كەسانی نەناسراو تۆماركراون.

لە ئێستادا دژەتیرۆری عیراق لە گەڕەكەكان كشاونەتەوە، زیاتر لە باڵەخانەی مەكتەبی سەركردایەتی كەركوك/گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان‌ و باڵەخانەكی تری ئەو پارتە لەگەڕەكی تەپە جێگیربون.

زیاتر لە جارێك ئەو هێزە كراونەتە ئامانج، بەهۆیەوە زیانی زۆر بەر خانوی هاوڵاتیانی گەڕەكی ئیمام قاسم كەوتووە بە تایبەت ئەوانەی كەوتونەتە سەر چەمی خاسە، جگە لە برینداربونی چوار هاوڵاتی.

یەكێك لە بریندارەكان خوێندكاری زانكۆیە و دوای روداوێكی تەقەكردن، بەرەو شارێكی هەرێمی كورستان ئاوارەبون و ئامادەنەبون لەم راپۆرتەدا قسە بكەن.

بەپێی ئامارێك كە چالاكوانان كۆیانكردۆتەوە و بە (كەركوك ناو)یاندا، لە ماوەی دوو مانگ و نیوی رابردوودا نزیكەی 49 گەنج لە شارەكە دەستگیركراون و لەو ژمارەیە، 20 یان چەكداربون لە ریزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش، تائێستاش تەنیا 21 دەستگیركراو ئازادكراون.

فەرماندەی پۆلیسی كەركوك دەستگیركردنەكان ناشارێتەوە و ئاشكرایكرد “بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو پەلامارانە خەڵك دەستگیركراوە، بەڵام لەئێستادا لەلای هەواڵگری دەزگای دژەتیرۆر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت”.

عەمید خەتاب عومەر ئەوەشی رونكردەوە، لەم دۆخەدا ناكرێت دەزگا ئەمنییەكان ناسنامەی دەستگیركراوەكان لەسەر بنەمای پێكهاتە ئاشكرابكەن، بەڵكو وەكو تۆمەتبار و ئاژاوەگێڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت هەر كەسێك بن.

كه‌ركوك/16-10-2017/ هاوڵاتیانی كه‌ركوك رێگریده‌كه‌ن له‌ جێهیشتنی شاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن لێپرسراوان و به‌شێك له‌ پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

روداوەكانی كەركوك تەنیا تەقەكردن و هێرشی راستەوخۆ نین، لە دوو مانگی رابردودا چەندین تەرم دۆزراونەتەوە و دەیان حاڵەتی دزیكردن بە تایبەت ئۆتۆمبێل، تۆماركراون‌و بەپێی ئامارەكانی پۆلیس، 36 ئۆتۆمبێل دزراون.

لیوا روكن موعن سەعدی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان ‌و بەرپرسە لەمەلەفی ئەمنی كەركوك، لە دوایین كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كە رێژەی تاوان بۆ سەدا 60 كەمبۆتەوە، بكوژی هاوڵاتیان بە زوویی دەستگیردەكرێن ‌و توانراوە 27 ئۆتۆمبێلی دزیش بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەكانیان، دوای ئاشكراكردنی چەند باندێك‌ و دەستبەسەركردنیان.

بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە چەند رێگەیەكەوە دەگاتە چەند گروپێكی جیاواز كە بەوتەی خۆیان چالاكی لەناو كەركوك ئەنجامدەدەن ‌و هەر یەكێك لەو گروپانەش، پەیجێكی تایبەتیان لە فەیسبوك كردۆتەوە.

یەكێك لەو گروپانەی خۆیان بە “هێزی ئارابخا” ناساندووە، بۆ (كەركوك ناو) بەبێ‌ ناساندنی خۆیان قسەیان كرد، رەتیانكردەوە لە هیچ هێرشێكدا دژی هێزە عیراقییەكان بەشداربووبن، باسیان لەوەكرد “لەلایەن حزبێكەوە راسپێردراین بۆ هێنانەوەی ژمارەیەك نوسراو و بەڵگە لە ماڵێكدا،… دوای چاودێری ورد ‌و لەهەلێكدا، لەرێی چوار ئۆتۆمبێلی مەدەنییەوە بە تیمێك چوینە ئەو ماڵەكە و چەكدارە پاسەوانەكانمان چەك كرد، تەواوی نوسراوەكانمان گەڕاندەوە”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لایەنی ئەمنیەوە دەست (كەركوك ناو) كەوتون، لە لێكۆڵینەوەكاندا لەگەڵ دەستگیركراوان هیچ لایەنێكی سیاسی تۆمەتبار نەكراوە بەوەی راستەوخۆ لە پشت روداوەكانەوە بێت.

عەقید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی راگەیاند دوابەدوای هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنیەكان لە بازگەی كەركوك – لەیلان‌و دوو بارەگای بەرەی توركمانی، توانراوە دەستبگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێڵێكی جۆری یارس كە دوو پارچە چەكی ئاربیجی و كڵاشینكۆفی تێدابووە، كە لەسەر شەقامی پەنجاعەلی بەجێهێڵدرابوو كاتێك زانیویانە لایەنی ئەمنی بەدوایاندا دەگەڕێن.

بەشێك لە هێرشەكان، دەخرێنە ئەستۆی شانە نوستوەكانی داعش وەكو لێپرسراوانی خۆیان دەڵێن، بە تایبەت كوژرانی ژمارەیەك ئەفسەر و پلەداری ئەمنی كەركوك لە رۆژەكانی كۆتایی ساڵی 2017.

راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە راگەیەندراوێكدا هەفتەی رابردوو باسی چالاكی داعش كرد لەكاتێكدا بە فەرمی كۆتاییهاتنی دەسەڵاتیان راگەیەندراوە، پێشتریش دژەتیرۆر لە شارەكە نەیشاردەوە ژمارەیەكی زۆر شانەی نوستوی ئەو رێكخراوە، لەدەوروبەری كەركوك ماون، بۆیە بە سێ پشتێنەی ئەمنی پارێزگاكە دەپارێزن.

لە باكوری كەركوكیش، هێشتا بارگرژییەكانی نێوان هێزە عیراقیەكان و پێشمەرگە هێورنەبونەتەوە، بەهۆیەوە بەشێك لە هاوڵاتیان ئاوارەبون.

غەفوور مەمەد (45 ساڵ)، دانیشتوی گوندێكی سنوری ناحیەی پردێیە ‌و بەهۆی نزیكی لە هێڵی تەماسی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان ئاوارەی ناوشاری كەركوك بووە، بە (كەركوك ناو)ی وت “كاتێك شەڕ گەیشتە ناوچەكەمان خەریكبوو بەهۆی تۆپێكەوە تەواوی خانەوادەكەمان بكوژرێن.. لە مەڕو ماڵات و حەوزی ماسیدا زیانی زۆرمان كرد، هەمومان بەجێهێشت، ئێستایش ناتوانین بگەڕێینەوە”.

روداوەكانی دوو مانگی رابردوی قەزای داقوق، كەمترنەبون لە شاری كەركوك لە تەقاندنەوەی بۆمب و نارنجۆك و تەقەكردن، بۆیە لەسەر راسپاردەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك سەرپەرشتی واژۆكردنی پەیماننامەی شەرەفی كرد لەلایەن پێكهاتەكانی ئەو قەزایەوه‌ ‌و هێزێكی سوپاش جێگیركران، بۆ چاودێری لایەنەكان و ناچاركردنیان بە پابەندبوون بەو پەیماننامەیەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری