كەركوك كۆیاندەكاتەوە
حزبە كوردیەكان بۆ هەڵبژاردن هەوڵی هاوپەیمانێتی دەدەن

January 7, 2018 at 10:12 pm

كەركوك، 2010، هاوڵاتییەكی كورد دوای بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محەمەد – كەركوك
حزبە كوردییەكان لە كەركوك، هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و لیستێكی هاوبەش، ئەوەش لە پێناو پاراستنی پێگەی جارانیان لەو پارێزگایە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.

دوایین كۆبونەوەی حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە كەركوك، یەكشەممە 7-1 بەرێوەچوو بۆ تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنەكان و ئەگەری بەستنی هاوپەیمانێتی، بەڵام بەبێ‌ رێككەوتن كۆتاییهات و بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە، دواگفتوگۆ لەوبارەیەوە بكرێت.

رەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتیی نیشمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت “وەكو یەكێتی لە شاری كەركوك، یاداشتێكمان داوە بە سەرجەم حزبە كوردستانیەكان بۆ دروستكردنی لیستێك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی عیراق”.

هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان ‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە 12ی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانیان لە یەك رۆژدا دیاریكراوە، بەڵام هێشتا پەرلەمان و لایە سیاسیەكانیش لەسەر ئەو وادەیە یەكلایینەبونەتەوە.

“دوو كۆبونەوەمان ئەنجامداوە، سەرجەم حزبەكان ئامادەن بە یەك لیست بەشداری بكەن، پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە لیستی هاوبەش”.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتی درێژكردۆتەوە و 11ی ئەم مانگە، وەكو دوامۆڵەت دانراوە.

لێپرسراوەكەی كەركوك دەڵێت ئامانج لە دروستكردنی ئەو لیستە هاوبەشە، “یەكڕیزی نێو ماڵی كوردە لە شاری كەركوك”.

كەركوك، 7-1-2018، كۆبونەوەی حزبە كوردییەكان بەبێ‌ بەشداری پارتی فۆتۆ: كەركوك ناو

حزبە كوردییەكان، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و گەرانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك، وەكو پێشتر چالاكییان نەماوە و هێشتا پارتی نەگەڕاوەتەوە، بەشداری كۆبونەوەكانیشی نەكردووە.

محەمەد خورشید، لێپرسراوی لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێمە زیاتر لە هەموو لایەنێك پەرۆشی یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردین، ئێمەش رەزامەندی خۆمان نیشانداوە بۆ بەشداریكردن لە دروستكردنی لیستێكی هاوبەشی سەرجەم حزبە كوردستانیەكان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عیراق”.

بە بڕوای ناوبراو “كورد لە كەركوك دەبێت كوردایەتی بكات نەك حزبایەتی، تاكە چارەسەر بۆ دۆخی كورد لە شارەكە، یەكڕیزی و تەبایی ناوخۆمانە”.

پارێزگای كەركوك 12 كورسی لە پەرلەمانی عیراق بۆ دانراوە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی نیسانی 2014دا حزبە كوردیەكان هەشت كورسی، توركمانی دوو كورسی و عەرەب دوو كورسی بە دەستهێنا، كورد چاویان لەوەیە پێگەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو لە دەست نەدەن.

محەمەد گۆڵدەرەیی، سكرتێری مەكۆی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان بە (كەركوك ناو)ی وت “لەسەرەتاوە بۆچونی ئێمە ئەوەبووە دەبێت كورد لە شاری كەركوك بەیەك لیست بەشدار بێت لە هەڵبژاردنەكانی عیراق، چونكە بە یەكڕیزی و تەبایی سەردەكەوین، پەرش و بڵاوی كورد لە شارەكە، خزمەت بە هاوڵاتیان ناكات”.

“باشترین چارەسەر لەم دۆخەدا، دروستكردنی لیستێكی هاوبەشی حزبە كوردستانیەكانە لە شاری كەركوك، ئێمەش وەكو گۆڕان ئامادەین بۆ بەشداریكردن لەو لیستەدا”.

كەركوك، نیسانی 2014، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

جگە لە كورد، حزبە سیاسیەكانی پێكهاتەكانی دیكەش گفتوگۆكانیان دەربارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەستپێكردووە و بەشێك لە حزبەكانیش، لەگەڵ ئەوەدان پرۆسەكە بۆ ماوەیەك دوابخرێت.

محەمەد جەلیل، لێپرسراوی راگەیاندن‌و هەڵبژاردنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە شاری كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “چیتر نابیت كەركوك بكەینە قوربانی هەولێر و سلێمانی، چیتر نابێت كەركوك بكرێتە ململانێی نێوان دوو حزبەكەی هەولێر و سلێمانی، لە هەڵبژاردنی رابردووشدا ئێمە داوای دروستكردنی لیستی هاوبەشمان كرد، بەڵام لە كۆتایی رۆژدا ڕێككەوتنەكە هەڵوەشایەوە”.

جگە لە پەرلەمانی عیراق، كەركوك لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانەوە لە ساڵی 2005وە ئەنجامنەدراوە.

لێپرسراوەكەی كۆمەڵ دەڵێت چارەسەر ئەوەیە پێكەوە لە كەركوك بەشداری هەڵبژاردن بكەن بە لیستێك، تا ڕۆڵ و پێگەی كورد بە قورسایی بمێنێتەوە.

فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق دەربارەی هەڵبژاردنەكان بەسەر دوو بۆچوندا دابەشبون، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەدان لە وادەی دیاریكراویدا بەرێوەبچێت و بەشێكیشیان داوادەكەن، پرۆسەكە دوابخرێت تا گەڕانەوەی ئاوارەكان تا لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانیش ئەنجامبدرێت.

یاساكانی تایبەت بەهەڵبژاردنیش، هێشتا لە پەرلەمانی عیراق كۆدەنگی لەسەر نیە بۆ پەسەندكردنی و دەستەی سەرۆكایەتی لەگەڵ لیژنە‌و فراكسیۆنەكان رێككەوتون، لە رۆژانی داهاتودا بە چڕی تاوتوێی ئەو پرسە بكەن، لە نێویاندا نەهێشتنی ناكۆكییەكان دەربارەی هەڵبژاردن لە كەركوك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری