بەڵگەكانی “تەعریب”ی سەرگەڕان بڵاودەكرێتەوە
پارێزگاری كەركوك: ئەو خەڵكەی گەڕاوەتەوە پێشتر دەركرابوون

January 9, 2018 at 1:28 pm

ئەو نوسراو و بەڵگانەی نوسینگەی كەركوكی ماددەی 140 بڵاویكردۆتەوە

عومەر جەواد – كەركوك
نوسینگەی کەرکوکی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، لە رێی چەند بەڵگەیەكەوە باس لە “تەعریب”كردنەوەی گوندەكانی سەرگەڕان دەكات لەلایەن ئیدارەی ئێستا كەركوكەوە بەڵام پارێزگار تۆمەتباركردنی لەو پرسەدا رەتدەكاتەوە‌و دەڵێت، ئەو هاوڵاتیانەی گەڕاونەتەوە ناوچەكە پێشتر بە زۆر دەركرابوون.

پەڵكانە و چەند گوندێكی تری ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبزی پارێزگای كەركوك، چەند هەفتەیەكە بۆتە جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵك‌و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەكە و زەوییە كشتوكاڵییەكان، بەوتەی كورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەركردنیان دەدرێت لەكاتێكدا عەرەب بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن.

كاكەرەش سدیق، لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوێنێ‌ دووشەممە پارێزگاری كەركوكی بە وەكالەت تۆمەتباركرد بە جوڵاندنی یەكەكانی سوپا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵی هاوڵاتیانی كورد و زەوییە كشتوكاڵیەكانیان لە ناحیەی سەرگەڕان.

لەو كۆنگرەیەدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەبوو ناوبراو باسی لەوەكرد دۆخی ناحیەكە سەقامگیر نیە بەهۆی چەند نوسراوێكی پارێزگارەوە، ئەو هەنگاوانەیشی بە “پێشێلكاری دەستور” ناوبرد، بەوپێیەی جوڵاندنی سوپا تەنیا لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدایە‌و پێیوایە، پاڵنەری سیاسی لە پشت نوسراوەكانەوەیە.

كاكە رەش كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە، هەوڵەكانی گەرانەوەی هاوڵاتیانی عەرەب بۆ ئەو سنورە، بە جارێكیتر “تەعریب”كردنەوە وەسف دەكات.

كەركوك، 8-1-2018، كۆنگرەی رۆژنامەوانی لێپرسراوی نوسینگەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی نوسراوەكانی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، كە كۆپییان لای (كەركوك ناو) هەیە‌و لە مانگی 11ی ساڵی رابردوودا ئاراستەی قایمقامی دوبز و ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین كراوە، داواكراوە هاوكاری هاوڵاتیانی عەرەب بكرێن بۆ بگەرانەوە بۆ پەڵكانە و گوندەكانی تری سەرگەڕان، هەمان داواكاریشی ئاراستەی قەزای داقوق و ناحیەی لەیلان كردووە.

گوندەكانی سەرگەڕان هاوشێوەی تەواوی سنوری پارێزگای كەركوك، بەشێكە لە ناوچەی جێناكۆك بەپێی ماددەی 140ی دەستور كە چارەنوسی لە نێوان حكومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستاندا یەكلاییدەكاتەوە.

راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت تۆمەتباركردنی لەو دۆسیەیەدا رەتدەكاتەوە‌و بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەو گوندتنە خانوی ئەو هاوڵاتییانەی تێدایە كە دوای ساڵی 2003 دەركراون، هێشتا خانوەكان و زەویەكان بە ناویانەوەیە”.

ئەوەشی رونكردەوە “ناڵێین زەوییەكان بە خێرایی دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەو خێزانانە نزیكەی 13 ساڵە لە ماڵ و زەویەكانیان دورن كە بەپێی یاسا بە ناوی خۆیانەوەیە”، باسی لەوەشكرد خەڵك لە گەرانەوەدا روبەروی دژایەتی دانیشتوانەكە بونەتەوە بۆیە پێویست بووەیاسا حوكم بەسەر هەمواندا بكات.

بەپێی ئەو بەڵگانەی نوسینگەی كەركوكی ماددەی 140 بڵاویكردۆتەوە، چەند هۆزێكی عەرەب لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە نامەیەك خواستی خۆیان بۆ نیشتەجێبون لە جێی خێزانە كوردەكان لە سنوری سەرگەڕان نیشانداوە لەسەر داوای حكومەتی ئەوكاتی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن.

لە نوسراوێكی دیكەشدا كە مێژوەی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، ئەمینداریەتی ئەوكاتی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێك ئاماژەی بە بڕیاری حكومەت كردووە لەسەر داوای لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانە كشتوكاڵییانەی لە ناوچەی تەعریب كراودا ئەنجامدراون.

كەركوك، 30-12-2017، سەردانی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردیەكان بۆ گوندی پەڵكانە فۆتۆ: كەركوك ناو

تەعریب، پرۆسەی گواستنەوەی هاوڵاتیانی كورد بو لە ناوچەكانی خۆیان‌و نیشتەجێكردنی خەڵكی پێكهاتەی عەرەب بوو لە جێگاكانیاندا، بە بڕیاری حكومەتی بەعس.

پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت جەختیكردەوە “رازی نابین بە دەركردن‌و كۆچی بە زۆر لە كەركوك، ئەگەر هەر لایەنێك ئەنجامی بدات و رێگەش نادەین دەستدرێژی‌و زیادەڕۆیی بكرێت بەرانبەر هیچ هاوڵاتیەك لە هەر نەتەوە و ئایینێكی پارێزگاكە بێت”.

راكان سەعید رونیكردەوە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمدواییەی كەركوك بە ناوی سەپاندنی یاساوە بووە تا هەموو كەسێك مافی خۆی ببات، وەكو چۆن پێشتر كورد گەرایەوە زەوییەكانی خۆی كە لێی سەندرابۆوە.

كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەوتونەتەوە ژێر دەستی هێزە عیراقیەكان دوای كشانەوەی پێشمەرگە، ئەوەش لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی یاسا كاتێك پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتنە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی ماددەی 140 دەڵێت لە سەردەمی رژێمی بەعس لە عیراق زیاتر لە چوار هەزار خێزان لە سنوری سەرگەڕان دەركراون و لە دوای 16ی ئۆكتۆبەریشەوە، هانی خێزانە هاوردەكان دراوە بگەڕێنەوە.

بەپێی ماددەی 140 دەبێت چارەنوسی ئەو ناحیەیە ‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك بەسێ‌ قۆناغی ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و راپرسی یەكلابكرێنەوە بەڵام تائێستا تەنیا بەشێكی زۆر كەم لە قۆناغی یەكەم جێبەجێكراوە‌و چەند ساڵێكە، بودجە بۆ ئەو پرۆسەیە دابین نەكراوە.

لە هەفتەكانی رابردوودا، فراكسیۆنەكانی پەرلەكانی عیراق و لایەنە سیاسییە جیاوازەكان چەندین بەیاننامە لەبارەی كێشەكانی سەرگەڕان بڵاوكردۆتەوە و بەشێكیشیان سەردانی ناوچەكەیان كردووە، سەرباری بەڵێنی چارەسەری ئەو دۆسیەیە بەڵام هێشتا بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن