گۆڕان، كۆمەڵ ‌و هاوپەیمانی بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردن دەكەن لە ناوچەكانی جێناكۆك

January 11, 2018 at 4:43 pm

كەركوك، 2010، هاوڵاتییەكی كورد دوای بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو
بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی ‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش، بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عیراق لە ناوچەكانی جێناكۆك.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-1ی وەكو دوامۆڵەت بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتی بە مەبەستی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دیاریكردبوو، تائێستاش زیاتر لە 28 هاوپەیمانی تۆماركراوە.

میدیای بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویكردەوە هەرسێ‌ لایەنی گۆڕان، كۆمەڵ ‌و هاوپەیمانی گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانی عیراق بكەن لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك.

وریا محەمەد، ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان هەواڵی رێككەوتنەكەی بۆ میدیای حزبەكەی پشتڕاستكردۆتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە حزبە كوردییەكان، چەند كۆبوونەوەیەكیان لە هەفتەكانی رابردوودا لە كەركوك ئەنجامدا بۆ پێكهێنانی یەك هاوپەیمانی لەو پارێزگایە، بەڵام هەمویان كۆك نەبون ‌و نەگەیشتنە رێككەوتنی هاوبەش.

هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان ‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە 12ی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانیان لە یەك رۆژدا دیاریكراوە، بەڵام هێشتا پەرلەمان و لایە سیاسیەكانیش لەسەر ئەو وادەیە یەكلایینەبونەتەوە.

فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق دەربارەی هەڵبژاردنەكان بەسەر دوو بۆچوندا دابەشبون، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەدان لە وادەی دیاریكراویدا بەرێوەبچێت و بەشێكیشیان داوادەكەن، پرۆسەكە دوابخرێت تا گەڕانەوەی ئاوارەكان تا لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانیش ئەنجامبدرێت.

45 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری