- Kirkuknow - http://kirkuknow.com/kurdish -

دوو پەرلەمانتاری كەركوكی پەیامێك ئاڕاستەی عەبادی دەكەن

سۆران محەمەد – كەركوك
دوو پەرلەمانتاری نوێنەری شاری كەركوك، داوا لە سەرۆكوەزیرانی عیراق دەكەن كار بە دەستور و یاساكان بكات لە ناوچەكانی جێناكۆك، بە تایبەت لە پرسی “تەعریب”كردنەوەی چەندین ناوچە و لادانی لێپرسراوانی كورد لە پۆستەكانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە رێبوار تەها ‌و محەمەد عوسمان، ئەندامانی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، ئاماژەیان گۆڕانكارییە دیموگرافی و ئیدارییەكانی كەركوك كرد لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە.

محەمەد عوسمان لەو كۆنگرەیەدا جەختیكردەوە “لە ناوچەكانی سەرگەڕان، دووبز، داقوق‌و لەیلان‌و هەموو ناحیە و قەزاكانی تری كەركوك هەڵمەتی تەعریبكردن دەستیپێكردووە،.. دابەشكردنی زەوی لە شارەكە دوور لە یاسا ‌و ئاگاداری دەوڵەت بەردەوامە، بەوەش ژیان و پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەناوچەكە تێكدەچێت”.

پەڵكانە و چەند گوندێكی تری ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبزی پارێزگای كەركوك، چەند هەفتەیەكە بۆتە جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵك‌و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەكە و زەوییە كشتوكاڵییەكان، بەوتەی كورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەركردنیان دەدرێت لەكاتێكدا عەرەب بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن.

كەركوك، 11-1-2018، كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێبوار تەها و محەمەد عوسمان پەرلەمانتارانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

“لادانی بەرپرسە كوردەكان لە پۆستەكانیان لە قایمقام ‌و لە بەڕێوبەرە گشتیەكان ‌و سەرۆك بەشەكان بووە بە دیارە، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و هەموو بنەما یاساییەكانی عیراقە، بەبێ ئەوەی یەك بەرپرسی كورد بچوكترین كەموكورتی یاسایی هەبێت، بەكارهێنانی ناوی چەكدارانی حەشدی شەعبی وەك هەڕەشە بۆ سەر فەرمانگەكان.. دەستگیركردنی خەڵك بەبێ‌ فەرمانی دادوەر هەیە”.

ئەو دوو پەرلەمانتارەی نوێنەری كەركوك داوایان لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كرد پابەندی دەستوور و مادە دەستووریەكان بێت، بە تایبەت لە ناوچەكانی جێناكۆك ‌و كە دەبێت هێزی هاوبەش تێیاندا هەبێت.

هەروەها هۆشدارییاندا لەوەی ئەگەر چارەسەری ئەو كێشانە نەكرێت، رەنگە بارگرژی سەرهەڵبدات ‌و ئەو كەسانەی پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە بێدەنگ نابن، بە وتەی ئەو دوو پەرلەمانتارە.

كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەوتونەتەوە ژێر دەستی هێزە عیراقیەكان دوای كشانەوەی پێشمەرگە، ئەوەش لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی سەپاندنی یاسا كاتێك پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتنە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.