لە هەرێمی كوردستان رێژەكە بەرزبۆتەوە
دەیان پێشێلكاری لە 2017دا دژی رۆژنامەنوسان تۆماركراون

January 11, 2018 at 7:20 pm

رۆژنامەنووسانی عیراق لە ژینگەیەكی پڕ مەترسیدا روماڵی رووداوەكان دەكەن فۆتۆ: روانگەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری (JFO)

كەركوك ناو
لە عیراق و هەرێمی كوردستان، دەیان پێشێلكاریی جیاواز لە نێویاندا تیرۆركردن دژی رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن تۆماركراون، ئەوەش بەپێی ئاماری سەندیكا و رێكخراوەكان.

كۆمەڵەی عیراقی بۆ داكۆكی لە مافەكانی رۆژنامەنوسان لە راپۆرتی ساڵانەیدا بڵاویكردەوە، لە 2017دا هەرێمی كوردستان خراپترین و مەترسیدارترین ناوچە بووە لە عیراق بۆ ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی، 147 رۆژنامەنوس روبەروی دەستدرێژی و پێشێلكاریی بونەتەوە.

نوسینگەی هەرێمی كوردستانی ئەو كۆمەڵەیە ئیدانەی پێشێلكاریی و هەرەشەكان دەكات دژی رۆژنامەنوسان، لە نێویاندا تەقەكردن لە رۆژنامەنوس، سوتاندنی دەزگا راگەیاندنەكان، هەرەشەی كوشتن ‌و لێدان و چەندین حاڵەتی تر.

بەپێی ئامارەكانی ئەو كۆمەڵەیە لە سەدا 68ی پێشێلكارییەكان لایەنی سەر بە حكومەت و هێزە ئەمنییەكان ئەنجامیانداوە، لە سەدا 26 لەلایەن لێپرسراوای حزبەكان و ئەندامانیانەوە بووە، سەدا 3ی كەرتی تایبەت و ئەو كەسانە ئەنجامیانداوە كە لەو كەرتەدان، لە سەدا 2یش نەناسراو بوون و سەدا یەك خودی دەزگاكان مافەكانی رۆژنامەنوسانیان پێشێلكردووە.

شیفا گەردی، كچە پەیامنێری كەناڵی رووداو، لەكاتی رووماڵكردنی شەڕەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی گەڕەكی مەئموندا لە 25-2-2017‌و لە بەری ڕاستی شاری موسڵ فۆتۆ: پەیجی فەرمی ئەو رۆژنامەنووسە لە فەیسبووك

زۆربەی ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2017دا بە چەندین پرۆسەی سەربازی و ئەمنیدا تێپەڕیون، جگە لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی فەرمانبەران و هاوڵاتیان دژی هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر، كە بەشێكیان بارگرژی لێكەوتەوە و رۆژنامەنوسان بەهۆیەوە قوربانییان دا.

لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان سەر بە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-1 لە راپۆرتیی ساڵانەیدا ئاشكرایكرد كە لە ساڵی رابردوودا 137 پێشێلكاری جیاواز دژی 203 رۆژنامەنوس تۆماركراون.

لە نێو ئەو پێشێلكارییانەی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان سێ‌ حاڵەتی تیرۆر، یەك خۆكوشتن، دوو شەهیدبون، پێنج داخستنی دەزگا، 20 دەستگیركردن، پێنج برینداربوون و 25 لێدان هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانە ژمارەیەی پێشێلكارییەكان دژی رۆژنامەنوسان لە 2017دا سێ‌ هێندە زیادیكردووە بەراورد بە ساڵی 2016 كە 45 حاڵەتی جیاوازی پێشێلكاری دژی 80 رۆژنامەنوس تۆماركراون.

هەردوو رۆژنامەنووس سەودەت فارس لە كەناڵی سەلاحەدین‌و حەرب هەزاع لە كەناڵی هنا سەلاحەدین لەلایەن قەناس بە دەستەكانی داعشەوە كوژران

هاوكات لیژنەی ئازادییە رۆژنامەوانییەكان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق، لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردووە لە ساڵی 2017دا ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی كوژراون گەیشتۆتە 15 كەس و 42 حاڵەتی تری پێشێلكاری جۆراوجۆریش ئەنجامدراوە.

لە دوو ساڵی رابردوودا، چەند پارێزگا و ناوچەیەكی عیراق شەڕ‌و پێكدادانی توندی تێدابوو دژ بە داعش و روماڵی ئەو رووداوانەش، بوە هۆی كوژران ‌و برینداربونی دەیان رۆژنامەنوس.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن