“یەكێتی و پارتی تێدایە”
لێپرسراوێك لە كەركوك: هاوپەیمانێتیەکی كوردی پێكهێنراوە

January 11, 2018 at 8:23 pm

كەركوك، نیسانی 2014، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك _ كەركوك ناو
یەكێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بەشداری چەند لایەنێكی تری سیاسی کەرکوک هاوپەیمانێـتییان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عیراق پێكهێناوە، ئەوەش بە وتەی لێپرسراوێکی حزبی.

نوێنەری زۆرینەی حزبە سیاسییە كوردییەكان لە كەركوك، بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-1 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاوپەیمانێتییەكەیان ئاشكرابكەن بەڵام بۆ كاتێكی تر دواخرا، هەرچەندە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ناوەكەیان تۆماركردووە.

هاشم عەلی، لێپرسراوی ناوەندی بزوتنەوەی گەلی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت “ناوی لیستەكە بەفەرمی لەلایەن كۆمسیۆنەوە تۆمار كراوە، چەند حزبێك پێیان باش بوو رۆژانی داهاتوو ناوی حزبە بەشداربوەكانی ئەو لیستە ئاشكرابكرێت”.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممەی وەكو دوامۆڵەت بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتی بە مەبەستی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دیاریكرد و زیاتر لە 28 هاوپەیمانی، تۆماركران.

“سەرەتا بڕیاربوو ناوی لیستەكە بنرێت (كەركوك ناسنامەمانە) بەڵام بەپێی زانیارییەكان ناوێكی نزیك لە ناوی لیستەكەی ئێمە هەبووە لە یەكێك لە پارێزگاكان بۆیە گۆڕیمان بە (كەركوك چارەنوسمانە)”.

حزبە كوردییەكان لە كەركوك، لەسەر داوای یەكێتی و بە پاڵپشتی پارتی چەند كۆبوونەوەیەكیان لە رابردوودا ئەنجامدا بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و لیستێكی هاوبەش، ئەوەش لە پێناو پاراستنی پێگەی جارانیان لەو پارێزگایە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.

كەركوك، 2010، هاوڵاتییەكی كورد دوای بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

پارێزگای كەركوك 12 كورسی لە پەرلەمانی عیراق بۆ دانراوە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی نیسانی 2014دا حزبە كوردیەكان هەشت كورسی، توركمانی دوو كورسی و عەرەب دوو كورسی بە دەستهێنا، كورد چاویان لەوەیە پێگەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو لە دەست نەدەن.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی ‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لیستیێكی هاوبەشیان راگەیاند بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك.

پارتە عەرەبی و توركمانییەكانیش لە هەمان پارێزگا، دوو هاوپەیمانی سەرەكی و لیستیان هەیە بۆ هەڵبژاردنەكان.

هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان ‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە 12ی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانیان لە یەك رۆژدا دیاریكراوە، بەڵام هێشتا پەرلەمان و لایە سیاسیەكانیش لەسەر ئەو وادەیە یەكلایینەبونەتەوە.

جگە لە پەرلەمانی عیراق، كەركوك لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانەوە لە ساڵی 2005وە ئەنجامنەدراوە.

فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق دەربارەی هەڵبژاردنەكان بەسەر دوو بۆچوندا دابەشبون، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەدان لە وادەی دیاریكراویدا بەرێوەبچێت و بەشێكیشیان داوادەكەن، پرۆسەكە دوابخرێت تا گەڕانەوەی ئاوارەكان تا لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانیش ئەنجامبدرێت.

275 بینین

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری