قایمقامی كاتی بۆ دوزخورماتوو دادەنرێت
شەلال عەبدول: لەپشوودام‌و نایاساییانە لەپۆستەكە لابرام

January 11, 2018 at 10:36 pm

قەزای دوزخورماتوو، شەقامێكی سەرەكی ناوەندی دوزخورماتوو فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ژینۆ خەلیل
پۆستی قایمقامی دوزخورماتوو بەكاتی پڕدەكرێتەوە، دوای رۆژێك لە دورخستنەوەی شەلال عەبدول هەرچەندە ناوبراو گۆڕانكارییەكە بە نایاسایی ناودەبات، بەوپێیەی ئاگادار نەبووە‌و لە پشووی فەرمیدا بووە.

لیس حەمید، بەرێوەبەری ناحیەی عەلەم ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-1 بە وەكالەت كرایە قایمقامی دوزخورماتوو، تا ئەوكاتەی كاندیدی پۆستەكە بە فەرمی لەلایەن ئەنجومەنی قەزاكەوە هەڵدەبژێردرێت، كە لەئێستادا بەهۆی ناكۆكی كوتلەكانەوە كێشەی تێكەوتووە.

شەلال عەبدول، قایمقامی دورخراوەی قەزاكە كە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە دوزخورماتوی جێهیشتووە و لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە بە (كەركوك ناو)ی وت “بەرێوەبەری ناحیەی عەلەم بە وەكالەت كراوەتە قایمقام تا كێشەكان یەكلاییدەبێتەوە”.

ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو، دوێنێ‌ چوارشەممە 10-1 بە دەنگی 12 ئەندام لە كۆی 21 ئەندامی ئەنجومەنەكە بڕیاریدا بە دورخستنەوەی شەلال عەبدول لە پۆستی قایمقام.

شەلال عەبدول دەڵێت “ئەم دانیشتنە نایاساییە، چونكە بەبێ‌ ئاگاداری خۆم لە پۆستەكەم دورخراومەتەوە لەكاتێكدا من لەپشوی فەرمی خۆمدا بوم، شێوازی دەنگدانەكە یاسایی نییە، توركمان بە زۆر فشاریان خستۆتە سەر ئەندامە عەرەبەكان بەشداری كۆبونەوەكە بكەن ‌و هیچكام لە ئەندامە كوردەكانیش بەشدار نەبون”.

“ئەمە سڕینەوەی كوردە لەو ناوچەیە‌و دژایەتیكردنی كوردە، دەیانەوێت كوردی ئاوارە نەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچەیە بۆیە هەمو پۆستەكانیان لەكورد سەندەوە” بە وتەی شەلال عەبدول.

بەپێی رێككەوتنێك لە نێوان لێپرسراوانی حەشدی شەعبی و پارێزگاری سەڵاحەدین لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو، پۆستی قایمقامی دوزخورماتوو دەدرێتە توركمان و سەرۆكی ئەنجومەنی قەزاكە بەر پێكهاتەی عەرەب دەكەوێت، كوردیش پۆستێكی سیادی پێدەدرێت.

مەلا حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای خورماتوو بە(كەركوك ناو)ی وت “ئەوە یەكەم دانیشتن نەبوو بۆ لابردنی قایمقام لە پۆستەكەی، هەفتەی ڕابردوش دانیشتنیان كردوە‌و سەركەوتونەبون، بەڵام دوێنێ‌ توانییان نیساب تەواو بكەن بە ئامادەبونی ئەندامانی توركمان ‌و عەرەب، لە كاتێكدا ئێمە ئاگاداری ئەو كۆبونەوەیە نەبوین”.

بڕیاربوو لە مانگی 12ی 2017دا كۆبونەوەی ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو ئەنجامبدرێت بۆ دانانی حەسەن زەینلعابدین، كاندیدی پێكهاتەی توركمان بۆ پۆستی قایمقام، بەڵام ئەندامە كوردەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد و كێشە كەوتە پرۆسەكەوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە كەركوك‌و ناوچەكانی جێناكۆكی هەردوو پارێزگای نەینەوا، دیالە‌و قەزای دوزخورماتوو زیاتر لە 20 پۆستی ئیداریی‌و ئەمنی گۆڕانكارییان تێدا كراوە یان بە وەكالەت پڕكراونەتەوە.

16-10ی ساڵی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی عیراق بە بڕیاری حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، گەرانەوە بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك لەوانەش قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەهۆیەوە هەزاران خێزانی كورد ئاوارەبوون.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی “جێناكۆك”ی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتوون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن