توركمانی كەركوك بە هاوپەیمانێتیەك دەچنە هەڵبژاردنەوە

January 12, 2018 at 10:55 am

كەركوك، نیسانی 2014، دەنگدانی گەنجێكی توركمانی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك – كەركوك ناو
هەشت لایەنی سیاسی توركمان، هاوپەیمانێتییەكیان لە پارێزگای كەركوك پێكهێنا‌و بە یەك لیست، بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق دەكەن.

بە پێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆی لایەنە توركمانیەكان، دوێنێ‌ پێنجشەممە 11-1 لیستێكی هاوبەش بە ناوی (بەرەی توركمانی كەركوك) لە كۆمسیۆن تۆماركراوە، ئەوەش بە بەشداری هەشت حزبی سیاسی ئەو پێكهاتەیە بۆ هەڵبژاردنە گشتییەكان.

وەكو سەرچاوەكە باسیكرد لەو هاوپەیمانێتیەدا بەرەی توركمانی عیراقی، حزبی قەراری توركمانی، رێكخراوی بەدر، حزبی یەكگرتوی ئیسلامی توركمانی، حزبی عەدالەی توركمانی، حزبی توركمان ئیلی، بزوتنەوەی نەتەوەیی توركمانی‌و حزبی وەفا بەشدارن.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، دوێنێ‌ پێنجشەممەی وەكو دوامۆڵەت بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتی بە مەبەستی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دیاریكرد و زیاتر لە 28 هاوپەیمانی، تۆماركران.

10 لایەنی سیاسی عەرەبیش، تۆماركردنی یەكەم هاوپەیمانێتییان بە سەرۆكایەتی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت راگەیاند، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی عیراق.

هەروەها یەكێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بەشداری چەند لایەنێكی تری سیاسی كەركوك هاوپەیمانێـتییان پێكهێنا، هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان ‌و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموكراسیش بڕیاریاندا بە یەك لیست لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، بچنە هەڵبژاردنەوە.

هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان ‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە 12ی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانیان لە یەك رۆژدا دیاریكراوە، بەڵام هێشتا پەرلەمان و لایە سیاسیەكانیش لەسەر ئەو وادەیە یەكلایینەبونەتەوە.

پارێزگای كەركوك 12 كورسی لە پەرلەمانی عیراق بۆ دانراوە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی نیسانی 2014دا حزبە كوردیەكان هەشت كورسی، توركمانی دوو كورسی و عەرەب دوو كورسی بە دەستهێنا.

جگە لە پەرلەمانی عیراق، كەركوك لە بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدایە كە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانەوە لە ساڵی 2005وە ئەنجامنەدراوە.

فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق دەربارەی هەڵبژاردنەكان بەسەر دوو بۆچوندا دابەشبون، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەدان لە وادەی دیاریكراویدا بەرێوەبچێت و بەشێكیشیان داوادەكەن، پرۆسەكە دوابخرێت تا گەڕانەوەی ئاوارەكان تا لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانیش ئەنجامبدرێت.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن