(كەركوك ناو) ئەركی هێزە نوێیەكەی دوزخورماتوو بڵاودەكاتەوە

January 12, 2018 at 9:59 pm

سەڵاحەدین، 13-12-2017، گەیشتنی هێزی سەربازی حەشدی شەعبی بۆ دوزخورماتوو فۆتۆ: راگەیاندنی حەشد

عومەر جەواد – كەركوك ناو
هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، لە قەزای دوزخورماتوو كار بۆ سەپاندنی ئاسایش دەكەن لەرێی دەستگیركردنی هەڵاتوان لە یاسا، نەهێشتنی دیاردەی چەكداریی ‌و بنەبڕكردنی بۆردومانی گەڕەكە جیاوازەكان، ئەوەش بەوتەی لێپرسراوێكی باڵای سەربازی.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەو هێزە بە چەكی قورس و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە رەوانەی دوزخورماتوو كران و لە نێو چەند گەڕەكێكدا جێگیركران، ئەوەی دوای وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی قەزاكە بە بڕیاری حكومەتی ناوەندی عیراق.

محەمەد مەهدی بەیاتی، سەركردە لە حەشدی شەعبی و لێپرسراوی لقی باكوری رێكخراوی بەدر دەڵێت حەشد و بەرپەرچدانەوەی خێرا هەماهەنگی تەواویان هەیە لە دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەو هێزەی هاتووە كاردەكات بۆ سەپاندنی یاسا و دەستگیركردنی ئەوانەی لە یاسا دەرچوون لە هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان”.

رەوانەكردنی ئەو هێزە هاوكات لەگەڵ هەوڵەكان بۆ هێوركردنەوەی دۆخی دوزخورماتوو، وە‌فدێكی حەوت كەسی لە ئاوارەكانی قەزامەش دوزخورماتووش هەفتەی رابردووتر لە بەغدا چاویان بە ژمارەیەك لە لێپرسراوان كەوت بۆ باسكردنی كێشەكان و داوایانكرد، هاوكاریانبن بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

لێپرسراوە باڵاكەی حەشدی شەعبی دەڵێت ئەو هێزە چەند ئەركێكی گرنگی لە بەردەمدایە، لە نێویاندا چارەسەری ئەو شوێنانەی لێیەوە بۆردومانی گەڕەكەكان دەكرێت لەگەڵ نەهێشتنی دیاردەی چەكداری، لابردنی بەربەستە كۆنكرێتیەكان لە گەڕەكانی نیشتەجێبون.

بەیاتی باسی لەوەشكرد كاردەكەن بۆ دانانی قایمقامی نوێ و هەوڵدەدەن شارەكە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەشتا و نەوەكانی سەدەی رابردوو.

دوزخورماتوو/19-10-2017/ ئاواره‌كانی قه‌زاكه‌ له‌ سنوری گوندی ئومەرسۆفی سەر بە ناحیەی نەوجول له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی دوزخورماتوو فۆتۆ: عه‌لی مه‌حمود

هەفتەی رابردوو، ئەنجومەنی پارێزگای دوزخورماتوو بە دەنگی 12 ئەندام لە كۆی 21 ئەندام بڕیاریدا بە دورخستنەوەی شەلال عەبدول لە پۆستی قایمقام و لە ئێستادا، بە كاتی بەرێوەبەری ناحیەی عەلەم لەو ئەركەدا دانراوە.

بەیاتی ئاماژەی بە داواكاری سەركردایەتی توركمانی كرد بەر لە گەڕانەوەی هێزە عیراقیەكان بۆ ناردنی هێزی فیدراڵی، دەڵێت خەڵكی شارەكە دەوروبەری قەزاكە و ئەو هێزەیشی هاتووە، ناوەندی دوزخورماتوو دەگرێتەدەست.

ئەمڕۆ هەینی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوبونەوەی هێزی سەربازی بە چەكی قورس و دەبابەوە لە دوزخورماتوو بڵاوكرایەوە، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی دروستكرد.

سەردار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ی وت “هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە بەغداوە هاتوون و لە گەڕەكی رزگاری كوردنشینی دوزخورماتوو جێگیربوون، دەرگای چەند ماڵێكیان شكاندووە ‌و باس لە تاڵانی دەكرێت”.

بە وتەی ناوبراو ئەو هێزە، دەبابە و چەكی قورسیان پێیە، نیازی ئەوەیە ئۆپەراسیۆنێكی گەڕان و پشكنین ئەنجامبدەن.

دوزخورماتوو، 2016، مزگەوتی وەهاب لە ناوەندی شارەكەدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەوەش لەكاتێكدایە پەرلەمانی عیراق، دووشەممەی رابردوو 8-1 لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی دەربارەی پێشێلكاریی و روداوەكانی قەزای دوزخورماتوو پێكهێنا، بڕیارە لە سەردانێكی مەیدانیدا راپۆرتێك ئامادەبكەن.

مەلا كەریم شكور، لێپرسراوی بازنەی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا رۆژنامەوانیدا رونیكردەوە زۆرینەی خێزانە كوردەكان هێشتا لە دەرەوەی دوزخورماتوو ماونەتەوە، بۆیە پێویستیان بە هێزێكی سەربازی هەیە بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ هەمواندا بكات، بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەكان.

هێرشی هێزەكانی سوپای عیراق بۆ دوزخورماتوو لە چەند مانگی رابردوودا كوژرانی چەند مەدەنییەكی لێكەوتەوە، ماڵ و بازاڕی خێزانە كوردەكانی قەزاكە روبەڕوی سوتان و تاڵانكردن بوونەوە، ئەوەش بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كە تیمی رۆژنامەنووسانی (كەركوك ناو) لە دوای روداوەكانی 16ی تشرینی یەكەم ئەنجامیاندا.

دوزخورماتوو لەگەڵ ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە كەوتنە ژێر دەستی هێزە عیراقییەكان دوای كشانەوەی پێشمەرگە، كاتێك پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عیراق بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگا سەڵاحەدین، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت.

ژینۆ خەلیل بەشداری لە ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا كردووە

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن