هالە چۆن بەسەر شێرپەنجەدا سەركەوت؟

February 5, 2018 at 1:11 am

كەركوك، 4-2-2018، هەڵدانی میزەڵان بۆ پاڵپشتی توشبوانی شێرپەنجە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك
هالە لەرێی پشكنینی ئازارێكی ئاسایی پشتیەوە زانی شێرپەنجەی هەیە، بەڵام بەبێ‌ ترس و بە ئومێدی چاكبوونەوە چارەسەری وەرگرت، بۆیە لە چەند مانگێكدا بە یەكجاری ماڵئاوایی لەو نەخۆشییە كوشندەیە بكات.

ئەو ئافرەتە كریستیانە لە كەركوك، یەكێك بوو لە بەشداربوانی مەراسیمی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجە و یەكشەممە 4-2 لە چالاكییەكدا، هانی توشبوانی دەدا ئومێدیان بە ژیان هەبێت تا بەسەر نەخۆشییەكەیاندا سەردەكەون.

“هەستم بە ئازاری پشتم كرد و چوومە پزیشك، دوای پشكنین لە مانگی چواری 2015دا زانینی شێرپەنجەی (قۆلۆن)م هەیە لە ئاستی پێشكەوتوو، بۆیە نەشتەرگەریم كرد و دەستمكرد بە وەرگرتنی چارەسەری كیمیایی بۆ پێنج مانگ ‌و دواتر چارەسەری هێوركەرەوە، ئەوەبوو كۆتایی هەمان ساڵ بە یەكجاری رزگارم بوو لە نەخۆشیەكە” هالە سوبحی بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

هالە كە لە 45 ساڵی تەمەنیدایە و فەرمانبەرە لە كەركوك دەڵێت بەشداریكردنی لە مەراسیمەكانی تایبەت بەو نەخۆشییە، نیشاندانی ئەزمونی سەركەوتنی و هاندانی توشبوانە تا بەهێز بن و بەسەر شێرپەنجەدا زاڵ بن، بەوەش زوو چاكدەبنەوە.

كەركوك، 4-2-2018، هالە سوبحی باسی ئەزمونی چاكبونەوەی بۆ توشبوانی شێرپەنجە دەكات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

4-2ی هەموو ساڵێك رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجەیە، لە سەنتەری كەركوكی تایبەت بە لووەكان و نەخۆشیەكانی خوێن، بۆ پاڵپشتی توشبوان گۆرانی ‌و میوزیك پێشكەشكران لەگەڵ هەڵدانی میزەڵان بە ئاسماندا.

نیاز ئەحمەد، بەرێوەبەری ئەو سەنتەرە كە چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە دەكات لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت ساڵانە لە كەركوك ناوی زیاتر لە 800 بۆ 1000 كەس تۆمار دەكرێت كە توشی شێرپەنجە بوون”.

وەكو دكتۆر نیاز رونیكردەوە، ئاوارەبونی خەڵكی پارێزگاكانی تری عیراق بەهۆی شەڕی داعشەوە ئامارەكەی زیادكردووە و جگە لەوەش، توشبوانی نەخۆشییەكانی خوێن و هیمۆفیلیا هەن، كۆی ژمارەی نەخۆشیەكان لە سەنتەرەكەیاندا لە نێوان 1500 بۆ 1600 توشبودایە.

كێشەی سەرەكی بەردەم توشبوانی شێرپەنجە، نەبونی دەرمان و گرانی نرخەكەیەتی، بۆ ئەوەش گلەیی لە حكومەت دەكەن.

بەرێوەبەری سەنتەری كەركوكی تایبەت بە لووەكان و نەخۆشییەكانی خوێن دەڵێت ئەو نەخۆشییانە پێویستی بە هاوكاری ماددی زۆر هەیە و لە ساڵی رابردوودا، كەمتر لەسەدا 20ی دەرمانیان لە بەغداوە بۆ ئەو مەبەستە پێگەیشتووە.

ئەو سەنتەرە لەمانگی شوباتی 2016 بە هوكاری كۆمەڵێك سەرمایەدار كراوەتەوە، بەڵام ئامێر‌و دەرمانیان لەئاستی پێویستدا نین.

حوسێن ئیبراهیم، بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بەوكالەت بە (كەركوك ناو)ی وت “سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریداوە بڕی 250 ملیۆن دینار لەدەرەوەی بودجەی ئەمساڵ رەوانە بكات بۆ كڕینی كەلوپەل و دەرمان بۆ نەخۆشی شێرپەنجە”.

شێرپەنجە لە جیهاندا، بە دووەم هۆكاری مردن دادەنرێت و نەخۆشییەكی كوشندەیە، زیاتر لە 100 جۆری هەیە و چەندین هۆكاری هەیە لە نێویاندا جگەرەكێشان، ڤایرۆسەكان، بۆماوەیی و پیسبونی ژینگە.

جەلال حەمید (63 ساڵ)، رەگەزنامەی هۆڵەندای هەیە و زیاتر لە 20 ساڵە لەو وڵاتە نیشتەجێیە، بەڵام كاتێك پزیشكەكان پێیانوتووە نەخۆشییەكەی گەیشتۆتە كۆتایی رێگا و چارەسەری نییە، گەڕاوەتەوە بۆ شارەكەی خۆی؛ كەركوك.

“پێشتر توشی شێرپەنجەی قوڕگ بوم و بە نەشتەرگەری چاكبومەوە، بەڵام دواتر توشی شێرپەنجەی مەمك و قۆڵۆن بوم، سەردانی پزیشك لە هۆڵەند و توركیا سودی نەبوو، وتیان كۆتایی هاتووە و چارەسەری نییە”، جەلال كاتێك ئەو قسانەی دەكرد هێشتا بە ئومێدی چارەسەر سەرقاڵی پشكنین بوو.

ئەو وتی “چەند رۆژێك لەمەوبەر گەڕامەوە بۆ كەركوك، هاتومەتە ئەم سەنتەرە (سەنتەری كەركوكی تایبەت بە لووەكان) بۆ پشكنین، لە هۆڵەندا بە پێنج جار ئینجا شادەمارێكیان دەدۆزییەوە خوێنم وەربگرن بەڵام لێرە كچ‌وكوڕێكی گەنج زۆر بەئاسانی شادەمارەكەیان دۆزییەوە”.

كەركوك، 4-2-2018، شارا نەوزاد دیاری بەسەر منداڵانی توشبوو بە شێرپەنجەدا دەبەخشێتەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ساڵانە رێكخراو و دەزگا جیاوازەكانی تر، چەندین چالاكی بۆ پاڵپشتی توشبوانی شێرپەنجە لە كەركوك ئەنجامدەدەن، ئەوەش بۆ دوو ئامانج كە كۆكردنەوەی كۆمەكی دارایی و بەخشینەوەی ئومێدە بە نەخۆش.

شارا نەوزاد، كچە قوتابی زانكۆیە لە كەركوك و لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجەدا، لەگەڵ هاوڕێكانیدا بە دیاری منداڵانی تووشبوویان بەسەركردەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت “راستە دیارییەك هیچ كەمناكاتەوە لەو نەخۆشیە بەڵام بۆ چەند ساتێك دڵی ئەو منداڵە خۆش دەكات و ئازارەكانی لە بیردەباتەوە”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری