دادگای فیدراڵی بۆ (كەركوك ناو): دۆسیەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك لە تایبەتمەندی ئێمە نییە

February 5, 2018 at 4:07 pm

كەركوك، 20-3-2017، هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان‌و عیراق لەسەر قەڵا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو
دادگای باڵای فیدراڵی لە عیراق، رەتیدەكاتەوە یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك لە دەسەڵاتی ئەواندا بێت، ئەوەش بەبڕوای سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكە هەڵوەشاندنەوەی سكاڵاكانە دژی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵا.

ئەیاس سامۆك، وتەبێژی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ دووشەممە 5-2 بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە دوای تاوتوێی تانەی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا دەربارەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێم لە كەركوك، گەیشتون بەو بڕیارە دۆسیەكە لە تایبەتمەندی دادگاكەیاندا نییە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا پێویستە لەسەر ئەو دۆسیەیە، پەیوەستە بە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی نەبەستراو بە هەرێمەكانەوە.

وەڵامەكەی دادگای فیدراڵی دوای ئەوەهات، ژمارەیەك لە ئەندامانی هەردوو كوتلەی توركمانی و عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تانەیان دا لە بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای هەرێم لە شارەكە، ئەوەش بە وتەی سامۆك.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، 28-3-2017 هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی لە فەرمانگەكانی شارەكە پەسەندكرد لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان بایكۆتیانكرد، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

كەركوك، 28-3-2017، ساتی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەناو هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: وریا كاكەیی

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ شارەكە بە (كەركوك ناو)ی وت “دادگای فیدراڵی پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لە كەركوك یەكلاكردەوە و رایگەیاندووە ئەو پرسە پەیوەندار نیە بەوانەوە”.

وەكو تاڵەبانی باسیكرد بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی “سەرجەم ئەو تانانەی لە بڕیارەكەی ئەنجومەن درابوون هەڵدەوەشێندرێتەوە و ئاڵای كوردستانیش لە تەك ئاڵای عیراق لە كەركوك هەڵدەكرێت.. بۆیە ئەوەی ئێمە كردوومانە یاسایی و دەستوورییە”.

پێشتر‌و لە 16-8-2017 دادگای كارگێڕی لە بەغدا، بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندەوە بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێم لەسەر فەرمانگەكانی پارێزگاكە ‌و جەختیكردەوە‌ لەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت “سەرپێچی ئاشكرای یاسای كردووە”.

ئەو بڕیارەی دادگای كارگێڕی دوای سكاڵای ژمارەیەك ئەندامی بەرەی توركمانی ئەنجومەنی پارێزگا هات دژی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو.

پەرلەمانی عیراقیش لە 1-4-2017دا، پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە پارێزگای كەركوك خستەدەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ بڕیاردرا تەنیا ئاڵای عیراق هەڵبكرێت، دوای ئەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.

لەكاردانەوەی ئەو هەنگاوەدا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك 4-4-2017، كۆبونەوەیەكی بە بێ‌ ئامادەبونی عەرەب‌و توركمان ئەنجامدا‌و تێیدا، بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراقی رەتكردەوە.

ئاڵای هەرێمی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو لە كەركوك داگیران، دوای ئەوەی هێزە عیراقییەكان گەڕانەوە ناوچەكانی جێناكۆك و پێشمەرگە كشایەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن