لە پەرلەمانی عیراق چی روویدا؟

February 5, 2018 at 9:21 pm

بەغدا، 5-2-2018، كۆبونەوەی نارەزایی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردییەكان بەهۆی هەوڵی خوێندنەوەی پرۆژەیاسای بودجە فۆتۆ: تۆماری ڤیدیۆیی دانیشتنی پەرلەمان

كەركوك ناو
پەرلەمانی عیراق، جارێكیتر شكستی هێنا لە گفتوگۆی پرۆژەیاسای بودجە، دوای ئەوەی ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لە نێوان فراكسیۆنە كوردییەكان و دەستەی سەرۆكایەتی روویدا.

هەرچەندە تاوتوێی پرۆژەكە لە بەرنامەی كاری ئەمڕۆ دوشەممە 5-2دا نەبوو، بەڵام دواتر و بەهۆی ئامادەبونی رێژەی یاسایی ئەندامانەوە سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا خوێندنەوەی بۆ بكرێت، ئەوەش ناڕەزایی ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران بە تایبەت فراكسیۆنە كوردییەكانی لێكەوتەوە.

ناڕەزایی فراكسیۆنە كوردییەكان و سونەكان، بەهۆی جێنەكردنەوەی داواكارییەكانیانە لە پرۆژەكەدا و لە كۆبونەوەشیاندا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق جەختیان لە جێبەجێكردنی كردۆتەوە وەكو مەرجی دەنگدان بە بودجە.

لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا جەبار عەبادی، ئەندامی لیژنەی دارایی رونیكردەوە داواكاری فراكسیۆنە ناڕازییەكان لە راپۆرتێكدا خراوەتەڕوو، بەشێكیان جێیان دەكرێتەوە لە یاساكەدا و بەشێكی تریان، زیادناكرێن، ئەوەش بەپێی تۆماری كۆبوونەوەكە كە سایتی پەرلەمان بڵاویكردۆتەوە.

فراكسیۆنە كوردییەكان داوا دەكەن پشكی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە بە سەدا 17، بودجەی تایبەت بۆ هەڵەبجە تەرخانبكرێت، پارەی پێشمەرگە بدرێت و شایستە داراییەكانی جوتیاران خەرجبكرێن، لەگەڵ چارەسەری دۆخی ئابوری كەركوك و ناوچەكانی جێناكۆك.

فەرهاد قادر، پەرلەمانتاری عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت “دەیانویست خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بكەن، بەڵام وەكو فراكسیۆنە كوردییەكان نیسابی یاساییمان شكاند و نەمانهێشت ئەو دانیشتنە ئەنجامبدرێت”.

بەپێی تۆماری ڤیدیۆیی دانیشتنەكە ‌و لە كاتی سوربونی سەرۆكی پەرلەمان بۆ گفتوگۆی پرۆژەیاسای بودجە، پەرلەمانتارێكی كورد هەوڵدەدات راپۆرتەكە لە دەستی سەرۆكی لیژنەی دارایی بە زۆر وەربگرێت، بەڵام سەلیم جبوری هەرەشەی سزادانی دەكات و ئەو هەڵسوكەوتە بە نەگونجاو وەسف دەكات.

لە بەردەوامی هەوڵی خوێندنەوەی پرۆژەكەدا ژمارەیەكی تری پەرلەمانتارانی كورد، دەچنە نزیك شوێنی دانیشتنی سەرۆكایەتی پەرلەمان و رێگری دەكەن، سەرباری هۆشداری سەرۆكی پەرلەمان، ئەوان بە دەنگی بەرز ناڕەزایی دەردەبڕن.

وەكو لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت، ژمارەی پەرلەمانتارانی ناڕازی لە شوێنی خوێندنەوەی پرۆژەیاساكە زیاتر دەبێت و ئاڵۆزی رودەدات، جگە لە بەردەوامی دەمەقاڵێی نێوان پەرلەمانتاران، بەهۆیەوە سەرۆكی پەرلەمان بڕیاردەدات بە دواخستنی دانیشتنەكەدا.

عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانیشتنەكەدا دەڵێت ئەو بودجەیەی ئێستا دانراوە بەشی یەك پارێزگای هەرێم ناكات و كۆبوونەوەكانیشیان لەگەڵ عەبادی، نەگەیشتۆتە دەرەنجامی ئەرێنی و بەڵێنیان وەرنەگرتووە.

بەغدا، 5-2-2018، كۆبونەوەی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عیراق دەربارەی پرۆژەی بودجە فۆتۆ: راگەیاندنی جێگری سەرۆكی پەرلەمان

فراكسیۆنە كوردییەكان، چەند دانیشتنێكی پێشتری پەرلەمانی عیراقیان بایكۆت كردووە و پێنجشەممە 1-2یش لەبارەی تێبینیەكانیان بۆ بودجە، لەگەڵ سەرۆكوەزیراندا كۆبوونەوە.

جگە لە كورد، فراكسیۆنە سونەكانیش تێبینییان لەسەر بودجە هەیە و زنجیرەیەك داواكارییان بە تایبەت بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی دەستی داعش، رادەستی عەبادی كردووە.

سەلاح جبوری، لە هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا جەختیكردۆتەوە لە چوارچێوەی كۆبونەوەكانیاندا رێككەوتن لەسەر هەشت داواكارییان دراوە لە كۆی 12 داواكاری، بۆیە ئامادەییان دەربڕیووە بۆ گفتوگۆی پرۆژەیاسای بودجە تا ئەوكاتەی نوسراوی رەسمی جێكردنەوەی داواكانیان دەنێردرێت بە پێچەوانەوە، ئەوانیش هەڵوێستی تریان دەبێت.

لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان، بەر لەوەی بەهۆی بارگرژییەكانەوە كۆتایی بە گفتوگۆكانی بهێنرێت، تاوتوێی چەند پرسێك كرا لە نێویاندا هەمواری دوەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و دەركردنی بڕیارێك، بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ لەلایەن حكومەتەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری