گفتوگۆی پێكهاتەكان بێ‌ ئەنجامە
پۆستەكانی كەركوك لەسەر سێ‌ ئاست دابەشدەكرێن

February 6, 2018 at 9:59 pm

كەركوك، 28-3-2017، هەڵكردنی ئاڵای عیراق‌و هەرێمی كوردستان لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگار فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

كاروان ساڵحی – كەركوك
پۆستەكانی پارێزگای كەركوك، بڕیارە لەسەر سێ‌ ئاست دابەشبكرێنەوە و پێكهاتەكانیش لە چەند كۆبوونەوەیەكدا بۆ تاوتوێی ئەو پرسە، نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك و پێشنیاری جیاوازیان هەیە.

حكومەتی عیراق لەڕێی لیژنەیەكەوە كاردەكات بۆ دابەشكردنی 19 پۆستی باڵای پارێزگای كەركوك بەسەر پێكهاتەكانی شارەكە، كە هەریەكە لە عەرەب، كورد و توركمان یەكی شەش پۆست و كریستیانەكان پۆستێكیان بەردەكەوێت.

دوایین كۆبونەوەی پێكهاتەكان بۆ تاوتوێی ئەو پێشنیارە، یەكشەممە 4-2 بەبێ‌ رێككەوتن كۆتایی هات و هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە، ئەوەش لە راگەیەندراوێكی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت دەردەكەوێت ‌و تێیدا تەنیا هاتووە، باس لە میكانیزمی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و هاوبەشی كراوە بە جۆرێك دادپەروەری بەدیبهێنێت.

ئەو پۆستانەی بڕیارە دابەشبكرێنەوە پێكهاتون لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، سەرۆكی زانكۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شار‌و قەزاو ناحییەكان، لێپرسراوی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و چەند پۆستێكی گرنگی تری پارێزگاكە، جگە لە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن كە هێشتا جێی ناكۆكی زۆری پێكهاتەكانە بەوەی لەو پرۆسەیەدا بێت یان نا.

رەملە حەمید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی گردبونەوەی عەرەبی بە (كەركوك ناو)ی وت “تائێستا نەگەیشتوین بە هیچ رێكەوتنێك، ئەو نوسراوەی لە بەغداوە هاتوە داوادەكات دابەشكردنی پۆستەكان لە ئاستە باڵاكانەوە بێت، ئەوەش پێویستی بە ئامادەیی ئەنجومەنی پارێزگا هەیە”.

وەكو ئەو باسیكرد بەشی دوەمی گۆڕانكارییەكان پۆستەكانی قەزا و ناحیەكانە، لە ئاستی سێیەمیشدا داواكراوە پۆستەكانی بەرێوەبەرایەتیە گشتیەكان دابەشبكرێنەوە.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە دانیشتنەكانی پەكیكەوتووە، بەهۆی نەگەرانەوەی سەرۆك و بەشێك لە ئەندامانی بۆ شارەكە.

كەركوك، 4-2-2018، كۆبونەوەی پارێزگار لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێكهاتەكان دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكان فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

ئەندامەكەی پێكهاتەی عەرەب لە ئەنجومەن دەڵێت ئەوان داوایانكردووە لە ئاستی سێیەمەوە (بەرێوەبەرایەتیەكانەوە) پرۆسەكە دەستپێبكات، بەڵام كورد پێی رازی نییە.

پێكهاتەی كورد كە زۆرینەی پۆستە باڵاكانی بە دەستەوە بووە لە كەركوك، لەسێ‌ مانگی زیاتر لە 27 پۆستی ئیداری و ئەمنییان پڕكراونەتەوە یان گۆڕانكارییان تێداكراوە، لە نێویاندا پارێزگار.

گۆڕانكارییەكان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە دەستیپێكردووە، كاتێك هێزە عیراقیەكان گەڕانەوە بۆ كەركوك و پێشمەرگە كشایەوە، لەوكاتەوە زۆربەی لێپرسراوی كورد نەگەڕاونەتەوە.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی برایەتی (یەكێتی) بە (كەركوك ناو)ی وت “داوامانكردوە گەر پۆستەكان بگۆڕدرێن دەبێت لە پۆستەكانی سەرەوە دەستپێبكات بۆ خوارەوە”.

كورد مەرجێكی تری ئەوەیە گۆڕانكارییەكە تەنیا لە كەركوك نەبێت، بەڵكو موسڵ و دیالە و ناوچەكانی تری جێناكۆك بگرێتەوە.

مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتە دووشەممە 5-2 بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند رازی نابن بە دابەشكردنی پۆستەكان و تا دۆخی شارەكە ئاسایی نەكرێـەوە، دان بە هیچ سیستەم و میكانیزمێكدا نانێن بۆ بەڕێوەبردن.

پێكهاتەكانی كەركوك، زیاد لە جارێك لەگەڵ پارێزگار كۆبونەوەیان كردووە دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام جگە لە رێكنەكەوتنی پێكهاتەكان لە ناو هەر پێكهاتەیەكیشدا ناكۆكی هەیە.

نەجات حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت لەگەڵ ئەندامی تری ئەنجومەن وەكو پێكهاتەی توركمان بەشداربون لە كۆبوونەوەكە نەك بەرەی توركمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت “دانیشتنەكە تەنها راو بۆچون بوو، نەگیشتوین بە هیچ ئەنجامێك”.

2015/ كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

پێشنیارەكەی حكومەتی ناوەندی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، دراوەتە دەست وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پارێزگاكان و هەر ئەویش سەرۆكی لیژنەكەیە، كە بەشداری كورد تێیدا لە ئاستی باڵادا نییە.

ئەحمەد عەسكەری كە بەشداری بەشێك لە كۆبونەوەكانی كردووە بۆ ئەو مەبەستە دەڵێت داوایانكردووە لیژنەكەی بەغدا پێشتر خۆیان رێكبكەون و بەرچاوڕونی بدەنە پێكهاتەكان، تا لەكەركوك دەربارەی وردەكارییەكان گفتوگۆ بكەن.

دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك لەكاتێكدایە 13 ساڵە هەڵبژاردن نەكراوە ‌و ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعەو سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.

عەلی مەهدی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەرەی توركمانی بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێمە بەر لە 10 رۆژ لەگەڵ پارێزگار كۆبوینەوە و لیستی پۆستەكانی خۆمان رادەست كرد، بۆیە پێویست نیە بەشداری كۆبونەوەی تر بكەین”.

پێكهاتەی توركمان، چەند ساڵێكە بەهۆی ناكۆكی ناوخۆییەوە نەیانتوانیووە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، كە لەپشكی ئەوانە پڕبكەنەوە، لە ئێستاشدا كورد بە تایبەت یەكێتی نیشتمانی هەوڵدەدات جارێكیتر پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە.

رەملە حەمید، ئەندامی ئەنجومەن لە پێكهاتەی عەرەب دەڵێت كاردەكەن بۆ ئەوەی لیستەكانی ناو ئەنجومەن پێشتر رێكبكەون و دەرەنجامی گفتوگۆكانیان، رەوانەی بەغدا بكەن تا گۆڕانكارییەكان لەرێی ئەنجومەنەوە بێت.

پارێزگای كەركوك، وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی مام جەلال، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن