سازان گەڕانەوەی مەیخانە بۆ دوزخورماتوو پەکدەخات

February 8, 2018 at 2:09 pm

له‌ زۆرێك له‌ شاره‌كانی عیراق كردنه‌وه‌ی مه‌یخانه‌ كارێكی ئاسایی، به‌ڵام بۆ قه‌زای دوزخورماتوو پێچه‌وانه‌یه‌ فۆتۆ: هه‌ردی عه‌بدوڵا

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

له‌کاتێکدا پێکهاته‌کانی دوزخورماتوو له‌سه‌ر پرسەکانی وەک ده‌سه‌ڵات، ئاواره‌کان و خاوه‌ندارێتی قه‌زاکه‌ ناکۆکی توندیان هه‌یه‌، بەڵام رێگریکردن لەکردنه‌وه‌ی یه‌که‌م مه‌یخانه‌ دوای‌ 15 ساڵ لەو قەزایەدا یه‌کیاندەخاتەوە.

بازرگانێکی کریستیان، لە چەند رۆژی رابردودا، شکستیهێنا له‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌کانی بۆ‌ کردنه‌وه‌ی یه‌که‌م مه‌یخانه ‌و فرۆشگەیەکی مەیفرۆشی له‌ قه‌زای دوزخورماتوو، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ بە توركمان، عه‌ره‌ب و كوردەوە رێگربون لەسەرکەوتنی هەوڵی ئەو بازرگانە.

بارزان ملحم خزر، ئه‌و بازرگانەیە که‌ ویستی داخوازیی ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌دیبهێنێت که‌ له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ی مه‌یخانه‌ و فرۆشگەیەکی مەیفرۆشین له‌و شارەدا‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ناحیه‌ی گه‌یاره‌ له‌ باشوری موسڵ و تکریتی مه‌ڵبه‌ندی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین سه‌رکه‌وتوو بوو لەو هەوڵەیدا، که‌ پێشتر دوو ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش بون.

بارزان کۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، مۆڵەتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینی به‌ده‌ستهێنا بۆ کردنه‌وه‌ی مه‌یخانه‌یه‌ك له‌ ناوه‌ندی دوزخورماتوو.

قه‌زای دوزخورماتوو له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین

علی حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی دوزخورماتوو لە پێکهاته‌ی تورکمان به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “ئه‌و بازرگانه‌ نوسراوی مۆڵه‌تپێدانی له‌لایه‌ن پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین-ه‌وه‌ پێدرا تا رێگه‌ی پێبده‌ین مه‌یخانه‌که‌ له‌ ناوه‌ندی شار بکاته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ رێگه‌مان نه‌دا”، پاساوی ئه‌و ته‌نیا ئه‌وه‌بوو “گونجاو نییە” بۆ قه‌زاکه‌یان.

دوزخورماتوو له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، قه‌زایه‌کی فره‌ پێکهاته‌ی ئاینی و مه‌زهه‌بیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌، هه‌ندێك كات ئاین زاڵه‌ به‌سه‌ر بڕیاره‌کانی ئیداره‌ی شاره‌که‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له ‌دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2003وە کردنه‌وه‌ی مه‌یخانه ‌و فرۆشتنی مه‌ی رێگه‌پێدراو نەبووە.

عه‌لا یوسف (28ساڵ)، که‌ ناوی خوازراوی گه‌نجیکی دوزخورماتوه‌ به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ وتی “ئیتر مه‌ی- و مه‌یخانه‌ش ئاواره‌بون و ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌”، وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی “مه‌ی شتێكی ئه‌وتۆ نییه‌” تا باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی بكرێت بۆ دوزخورماتوو.

عه‌لا به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “پێمسه‌یره‌ رێگه‌ناده‌ن مه‌یخانه‌ یان دوکانێکی فرۆشتنی مه‌ی بکرێته‌وه‌، ئه‌و پرسه‌ ئه‌وه‌ ناهێنێ خۆیان پێوه‌ی سه‌رقاڵ بكه‌ن… بڕیاری رێگه‌نه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ی مه‌یخانه‌ هیچ كات رێگریی نه‌کردووه‌ له‌ که‌مکردنه‌وه‌ی ژمارەی مه‌یخۆران، هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت ئه‌توانم شه‌وی یه‌ک تۆ‌ن مه‌ی بۆ په‌یدابکه‌م”.

له‌ قه‌زاکه‌دا، مه‌ی به‌ نهێنی ده‌فرۆشرێت و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌یکڕن له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌که‌ ده‌یخۆنه‌وه‌ یان شوێنی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام مۆڵه‌تپێدراونین.

له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ کورد ئیداره‌ی قه‌زاکه‌ ده‌دات، به‌ڵام رێگه‌ی نه‌داوه‌ بەکردنه‌وه‌ی مه‌یخانه‌، ئێستا که‌ تورکمان هێزی یه‌که‌مه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی عه‌ره‌ب رێگه‌یاننه‌دا ئەو کارە بکرێت، ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ تاکه‌ شتێك بێت که‌ پێکهاته‌کان له‌سه‌ری کۆکن.

مه‌یخانه‌ و مه‌ی فرۆشی له‌ دوزخورماتوو رێگه‌پێدراو نییه‌ فۆتۆ: هه‌ردی عه‌بدوڵا

محه‌مه‌د فایه‌ق که‌ چه‌ند ساڵێکه‌ لێپرسراوی‌ راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی دوزخورماتوه‌ و له‌ روداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ر کاتێک هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم کشانه‌وه‌ ئه‌ویش شاره‌که‌ی جێهیشت و له‌ پێکهاته‌ی کورده‌، وتی “کاتێک ئێمه‌ (کورد) ده‌سه‌ڵاتداربوین نه‌مانهێشت مه‌ی به‌ئاشکرا بفرۆشرێت، ته‌نیا هه‌ندێک گه‌نج به‌نهێنی له‌نێو ئۆتۆمبێله‌کانیان ده‌یانفرۆشت”.

سەردار ئەحمەد، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاکه‌ کە کوردە بە (کەرکوک ناو)ی وت “ڕەنگە ئەوکاتەی بەڕێوەبردنی دوزخورماتو بەدەست کوردەوە بوو کەس داوای نەکردبێت دوکانی فرۆشتنی مه‌ی بکرێته‌وه‌… ئێستا من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م رێگه‌یان پێبدرێت”، ئه‌و وتانه‌ی له‌کاتێکدایه‌ ئێستا هه‌ردو پێکهاته‌ی کورد و تورکمان له‌ ململانێیه‌کی سه‌ختدان به‌هۆی روداوه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو که‌ هه‌زاران خێزانی کورد ئاواره‌بون و به‌شێکیان ماڵه‌کانیان سوتێنران.

دوزخورماتوو سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌ ناوچه‌ی جێناکۆکه ‌و خاوه‌ندارێتی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ جێبه‌جێکردنی ده‌ستوری عیراق، پێکهاته‌کانی له‌ ململانێدان و ناکۆکییان هه‌یه له‌سه‌ر پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان، ده‌سه‌ڵات، ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانیش عیراقیش که‌ بڕیاره‌ له‌ 12-ی ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

ئه‌و ناکۆکییانه‌ هه‌رچییه‌ک بن بوونە رێگر لەبەردەم بارزانی بازرگان که‌ له‌ هه‌ولێر داده‌نیشێت تا هەنگاوێکی تر لە بواری کارەکەی خۆیدا گەشەبکات، دوای ئه‌وه‌ی ئاسانتر لە گه‌یاره‌ یه‌کێک له‌ ناوچه‌ گرنگه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و تکریت-یش به‌هه‌مان شێوه رێگرییەکانی تێپەڕاند‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن