فەرماندەیەكی پێشمەرگە: هێزە عیراقییەكان بیری نەوتیان داگیرنەكردووە

February 10, 2018 at 8:34 pm

سەڵاحەدین، 7-2-2018، ئۆپەراسیۆنی هێزە عیراقییەكان لە سنوری دوزخورماتوو فۆتۆ: بەرپەرچدانەوەی خێرا

ژینۆ خەلیل – سەڵاحەدین

هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی زنانە، رەتیدەكەنەوە هێزە عیراقییەكان هیچ بیرێكی نەوتیان لە سنوری دوزخورماتوو داگیركردبێت، ئەوەش دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لە ناوچەكەدا.

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزە عیراقییەكان، كۆتایی هەفتەی رابردوو لە رۆژهەڵاتی قەزای دوزخورماتوو ئەنجامدرا بۆ پاككردنەوەی ناوچەكانی ئەو سنورە لە توندوتیژی و گروپی چەكدار، لە نێویاندا بیرە نەوتییەكان.

موقەدەم عەبدولئەمیر حەمداوی، وتەبێژی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و بەشداربوو لەو ئۆپەراسیۆنە بە (كەركوك ناو)ی وت “لە پاككردنەوەی ناوچەكانی سنوری دوزخورماتو توانیمان پێنج بیرە نەوت لە پەڵكانە ‌و غەرە لەژێر دەستی ئەو چەكدارانە دەربهێنین”.

دوابەدوای ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەشێك لە میدیاكان بڵاویانكردەوە كە هێزە عیراقییەكان دەستیان بەسەر ئەو بیرە نەوتییانەدا گرتووە و ناكشێنەوە.

محەمەد جەوری، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكانی زنانەی سنوری دوزخورماتوو ئەوە رەتدەكاتەوە ‌و بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەو هێزانە بەتەواوی ناوچەكەیان چۆڵكردوە‌و هیچ بیرەنەوتێك لەژێر دەستی هێزە عیراقییەكاندا نییە، تەنها ئەو ناوچانەیان لەچەكدارانی داعش پاككردوەتەوە كە پێنج بیرەوتی تێدا بووە”.

هەروەها جەختیكردەوە “ئەو ناوچانە لەدەستی پێشمەرگەدایە ‌و هێزە عیراقییەكان بەتەواوی كشاونەتەوە لەناوچەكە”.

ئامانجی سەرەكی ئۆپەراسیۆنەكە وەكو هێزە عیراقییەكان بڵاویانكردەوە، گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بوو بۆ سنورەكە و پاراستنی باشوری پارێزگای كەركوك، رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین، باكوری دیالە ‌و رێگای نێوان بەغدا – كەركوك، بەڵام پێشمەرگە بەشدارنەبون لەو ئۆپەراسیۆنەدا.

قەزای دوزخورماتوو تاكە ناوچەی جێناكۆكی سەر بە پارێزگا سەڵاحەدینە، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە ئەمنیەتی ناوچەكە كەوتۆتە دەستی هێزە عیراقییەكان دوای كشانەوەی پێشمەرگە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن