یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق جارێكیتر هەموار كرایەوە

February 11, 2018 at 5:13 pm

بەغدا، 2017، كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران

كەركوك ناو
یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، جارێكیتر هەموار كرایەوە و لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكاندا، رێگە بە هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی دەدات ببنە كاندید بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان.

پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەكشەممە 11-2دا، بە زۆرینەی دەنگ هەمواری دووەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەند كرد، ئەوەش لەسەر داوای كۆمسیۆن و بەشێك لە پەرلەمانتاران بۆ جێگیركردنی چەند گۆڕانكارییەك.

بەپێی دەقی هەمواری دوەمی یاساكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق، رێگە دەدرێت لەسەدا 20ی كاندیدی لیستەكان لە هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی بن، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر و لە هەمواری یەكەمدا بڕیاردرابوو تەنیا هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس مافی كاندیدبونیان هەبێت.

لە گۆڕانكارییەكی تری هەمواری یاساكەدا، ژمارەیەكی كوردسییەكانی پەرلەمانی عیراق لە 328وە زیاد كراوە بۆ 329 كورسی، بەهۆی تەرخانكردنی كورسییەكانی كۆتا لە پارێزگای واست بۆ كوردانی فەیلی، بەوەش كۆتا لە هەڵبژاردنی داهاتودا 9 كورسییان دەبێت.

بەشێكی تری هەموارەكە تایبەت بە رێكارەكانی كۆمسیۆن بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردن و باس لەوەشكراوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەمان وادەی پەرلەماندا بەرێوەناچێت و كاتێكی تری بۆ دیاریدەكرێت، بە مەرجێك لە شەش مانگی تێنەپەڕێت.

لە 22ی مانگی رابردووش، پەرلەمان هەمواری یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەند كرد و تێیدا لەگەڵ زنجیرەیەك گۆڕانكاریدا، وادەی 12-5ی ئەمساڵی بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەكە جێگیركرد.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، زیاتر لە 200 حزب و هاوپەیمانی كێبڕكێی بەدەستهێنانی 329 كورسی دەكەن، كە بە سەر پارێزگاكاندا دابەشكراوە و لە سەرتاسەری وڵاتدا، 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری