هەڵكۆڵین لە سەرابدا

February 12, 2018 at 12:27 pm

فۆتۆ: ئەیمی كریستیان / ئۆكسفام

كەركوك ناو – ئۆكسفام
خۆڵە نەرمەكە لەسەرخۆ دێتە خوارەوە كاتێك ئاسنە تیژەكە بەر زەوییەكە دەكەوێت، فەلاح ئابیە دوبارە پاچەكە لە ئاستی سەری بەرزتر دەكاتەوە ‌و بە توندی دەیكێشێت بە زەوییدا، لەوكاتەدا دوو لە هاوڕێكانی بە تەنیشتیەوە وەستاون و چاوەڕێن، بە خانەكەنازەكانی دەستیان ئەو خۆڵە لابدەن كە شیی دەبێتەوە.

ئاسمانی شین، نەخشێنراو بەپەڵە هەورەكان و خۆرێكی چێشتتەنگاوی‌ پایز لەگەڵ كارە سەختەكەی ئەمڕۆی‌ فەلاح و تیمەكەیدا نایەنەوە لە موسڵ، ئەوان سەرقاڵی گۆڕ هەڵدانەوەن لە گۆڕستانێكی گەورەی‌ خۆرئاوای‌ شارەكە. “ئەمڕۆ پێویستە 22 گۆڕ هەڵبدەینەوە”، فەلاح لەكاتی پاچ وەشاندندا وای وت.

تیمەكەی‌ فەلاح كار بۆ بەشی پزیشكی دادی‌ دەكەن، كە لەلایەن نەخۆشخانەی‌ گشتی موسڵەوە پاڵپشتی دەكرێت. سەرەڕای ئەوەی‌ ئەوان زۆربەی‌ رۆژەكانیان بە هەڵكەندنی گۆڕ بەسەردەبەن بۆ ئەو كەسانەی‌ لەم دواییەدا مردوون، بەڵام كارەكەی‌ ئەمڕۆیان جۆرێكی جیاوازترە، ئەوان كاردەكەن لەسەر پڕۆگرامێكی تایبەت بۆ یارمەتیدانی دەوڵەت بەمەبەستی ناسینەوەی‌ ناسنامەی‌ ئەو تەرمانەی‌ پێشتر بەخاك سپێردراون.

“ئەو كارەی‌ ئێمە لێرە ئەنجامیدەدەین زۆر هەستیارە و زۆریش پێویستە”، دكتۆر عەزیز كە لە نەخۆشخانەی‌ گشتی موسڵ كاردەكات وادەڵێت. “زۆر گرنگە بزانین ئەوانەی مردوون كێن و بۆچی مردوون. پێویستە دڵنیابین ئەو كەسانەی‌ لەم گۆڕانەدا نێژراون هەمان ئەو كەسانەی‌ كە پێویستە لەم گۆڕانەدابن، دوای‌ دەرهێنانەوەی‌ تەرمەكانیش پشكنینی DNA یان بۆ دەكرێت”.

حامید حەسەن مەحمود، ئەمڕۆ تەماشای‌ فەلاح و تیمەكەی‌ دەكات لەكاتی‌ كاركردندا، ئەو گۆڕەی‌ ئێستا هەڵدەدرێتەوە گۆڕی‌ مەحمودی‌ برایەتی. “كە لە تەقینەوەیەكی خۆكوژیدا كوژرا لە خاڵێكی پشكنیندا. سەری‌ دیار نەبوو كاتێك تەرمەكەمان ناشت،” حامد وای‌ وت. لەناكاو پاچەكەی‌ فەلاح بەر تەنێكی رەق كەوت و دەستی بەكارهێنا بۆ ئەوەی‌ بزانێت ئەو شتە چییە، بەڵام بینی پارچە دارێكە و لە چاڵەكە دەریهێنا، دواتر سێ لە ئەندامانی‌ تیمەكە چونە نێو گۆڕەكە ‌و بە وریاییەوە كیسەیەكی‌ پلاستیكی رەنگ ڕەشیان هێنایە دەرەوە.

هەموان لە دۆخێكی بێدەنگیدان لە كاتێكدا تیمەكە سەرقاڵی كردنەوەی‌ ئەو كیسە ڕەشە پلاستیكیەن بەمەبەستی‌ پشكنینی ئەوەی‌ ئاخۆ چی لە تەرمی‌ مەحمود ماوە كە لە بەتانییەكی‌ سورەوە پێچراوە. پزیشكی‌ دادوەری‌ دەستكێشەكانی لەدەستكرد و بەوریاییەوە كیسەكەی‌ كردەوە پێش ئەوەی‌ دەست بكات بە پشكنینی، راستەوخۆ لەوە دڵنیابووەوە تەرمەكە سەری‌ نیە و پشكنینەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی مردنەكە بەهۆی‌ تەقینەوەوە بووە، دوای‌ ئەوە‌ نموونەیەك لە تەرمەكە وەردەگرێت و كیسەكە دادەخاتەوە.

“ئۆكسفام هاوكاریی نەخۆشخانەكەی‌ كردووە بە چەند رێگایەك دوای‌ كۆنتڕۆڵكردنەوەی‌ موسڵ”، دكتۆر عەزیز وای وت، ئەو پاچانەی‌ فەلاح و تیمەكەی‌ بەكاریدەهێنن لەلایەن ئیریش ئید (هاریكارێكی ئێرلەندی)وە پێشكەش بە ئۆكسفام ‌و نەخۆشخانەكە كراون، لەگەڵ چەندین هاوكاری تر وەكو ئەو تولانەی لە دوورخستنەوەی‌ مێشوولەدا بەكاردێت بۆ ئەو نەخۆشانەی‌ دووچاری‌ سوتاوی‌ بوون یان برینی قوڵیان هەیە، “هیوای بەردەوامی یارمەتییەكانی ئۆكسفام دەخوازین تا كارەكانمان نەوەستێت ‌و بتوانین بایەخ بدەین بەو كەسانەی‌ پێویستیان بە چاودێری‌ پزیشكی خێرا هەیە”.

نەخۆشخانەی گشتی موسڵ رۆژانە نزیكەی‌ 800 نەخۆش سەردانی دەكات، سەرەڕای دابینكردنی پاچەكان، ئۆكسفام یارمەتی نەخۆشخانەكە دەدات لە رێگەی‌ دابینكردنی كەلوپەلە پێویستەكانی‌ وەك تانكی ئاو، بەشە خۆراك بۆ حاڵەتە لە ناكاوەكان، بەتانی و تول.

حامید راوەستاوە ‌و تەماشای فەلاح و سەدام حەمدی هاوڕێی دەكات، كاتێك كیسە پلاستیكیە نوێیەكە كە تەرمی‌ براكەی‌ تێدایە دەخەنەوە نێو گۆڕەكەیی و خۆڵی تازەی بەسەردا دەكەن، دواتر خاكەنازەكەیان دادەنێن و پاچەكان دەخەنە سەر شانیان و بەرەو گۆڕێكی تر دەڕۆن. ئەمڕۆ 21 گۆڕی تریان ماوە هەڵیبدەنەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن