نه‌وتی كه‌ركوك له‌ مامەڵەى تانکەر و بۆریدا

February 12, 2018 at 3:07 pm

كه‌ركوك/17-10-2017/ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

وەزارەتى نەوتى عیراق سەرقاڵى ئامادەکارییە بۆ هەناردەكردنی نەوتى کەرکوک، بۆ هەریەکە لە تورکیا و ئێران، له‌ڕێی بۆریی و تانكه‌ره‌وه‌، هه‌وڵه‌كان له‌كاتێكدایه‌ ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ سه‌رقاڵی گه‌ڵاڵه‌كردنی یاداشتێكه‌ بۆ حكومه‌تی  عیراق و ده‌یانه‌وێت رۆڵیان هه‌بێت له‌ گفتوگۆی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی پارێزگاكه‌.

پلانەکەى عیراق لەسەر دوو ئاست خۆى دەبینێتەوە، یەکێکیان دروستکردنى بۆرییەکى نوێیە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا و له‌ڕێیه‌وه‌ نەوتى کەرکوك هەنارده‌بکرێت، ئەوەى دیکەشیان هەناردەکردنى نەوتە بە تانکەر بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ نه‌وتی پارێزگاكه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوه‌وه‌ راگیراوه‌ دوای پاشه‌كشێی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ كۆنترۆڵی زۆرینه‌ی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمیان كردبوو.

بۆرى نوێی نەوت

وەزارەتى نەوتى عیراق بەشێوەیەکى کرداریی هەوڵەکانى دەستپێکردوە بۆ دروستکردنى بۆرییەکى نوێی نەوت بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا، كه‌ بەپێی تەندەرى دروستکردنى بۆرییەکە کە کۆتایی مانگى 12ى ساڵى رابردوو وەزارەتى نەوتى عیراق بڵاویکردەوە، تواناى هەناردەکردنى رۆژانەى یەک ملیۆن بەرمیلى رۆژانە دەبێت.

ئامانج لە دروستکردنى ئەو بۆرییە گواستنەوەى بەشێک لە نەوتى کەرکوکە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا لەسەر دەریاى سپى ناوەڕاست.

سەرچاوەیەک لە کەرتى نەوتى کەرکوک بۆ (کەرکوک ناو) ئاماژەى بەوەدا، بە دروستکردنى ئەو بۆرییە عیراق دەتوانێت دور لە هەرێمى کوردستان نەوتى کەرکوک هەنارده‌بکات، چونکە بۆرییە کۆنەکە لە رۆژئاواى زاخۆ لەگەڵ بۆرى نەوتبەرى هەرێم تێکەڵکراوە، بەڵام بۆرییە نوێیەکە بەسەربەخۆ نەوت دەگوازێتەوە.

ئەحمەد عەسکەرى، سەرۆکى لیژنەى وزە لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک به‌ (کەرکوک ناو)ی وت “بە دروستکردنى ئەو بۆرییە عیراق راسته‌وخۆ نه‌وتی كه‌ركوك بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌نێرێت و پێویستی به‌ بۆری نه‌وتی هه‌رێم نابێت”.

رێڕەوى پێشنیارکراوى بۆرییە نوێیەکە بە تەنیشت بۆرییەکەى ئێستاوەیە، کە بە ناوچەى فەتحە لە پارێزگاى سەڵاحەدین و روبارى دیجلە و خابوردا تێدەپەڕێت، کە بە سیستمێکى پێشکەوتوو کاردەکات و لەدورەوە کۆنتڕۆڵدەکرێت و دەتوانێت لێچون ئاشکرابکات.

بۆرییە نوێیەکە دواى وێستگەى پێوان بە بۆرییەکەى ئێستاوە دەبەسترێت و دواتر بەردەوام دەبێت لەخاکى تورکیا تا دەگاتە بەندەرى جەیهان، ئه‌وه‌ش به‌پێی ته‌نده‌ره‌كه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت بڵاویكردۆته‌وه‌.

7ی ئازاری 2017، سەردانی پەرلەمانتاران بۆ وەزارەتی نەوتی عیراق فۆتۆ: پەیجی شوان داودی لە فەیسبووك

کارەکانى کۆنتڕۆڵ و پێوان بە سیستەمی نوێ ئەنجام دەدرێن و دوو ژور بۆ کۆنترۆڵ دروستدەکرێن کە یەکێکیان لەوێستگەى یەکەم و ئەوەى دیکەیان لە بەندەرى جەیهان دەبێت.

سەرچاوەکەى کەرتى نەوتى کەرکوک کە داوایکرد ناوى نەهێنرێت باسى لەوەکرد، لە ئێستادا بەرهەمى نەوتى کێڵگەکانى کەرکوک، نزیکەى 140 هەزار بەمیلى رۆژانەیە، هەموى دەدرێت بە پاڵاوگەکانى قەیوان، کەڵەک، دوکان، کەرکوک، بەغدا.

ئەو رێژەیە بەرهەمى نەوتى کێڵگەکانى ئاڤانا و باى حەسەنى تێدا نییە کە لە دواى روداوەکانى 16 ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوەوە بەرهەمهێنان تێیاندا وەستاوه‌و بەرهەمى پێشویان 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بوو.

هەرچەندە تائێستا دیار نییە کەى هەناردەى نەوتى کەرکوک دەستپێدەکاتەوە، بەڵام چەند مانگێکە وەزارەتى نەوتى عیراق هەوڵەکانى دەستپێکردووە بۆ گەشەپێدانى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک و هەناردەکردنى نەوتەکەى.

وەزارەتى نەوتى عیراق رۆژى 18 مانگى رابردوو یاداشتێکى لێک تێگەیشتنى لەگەڵ کۆمپانیاى  (BP)جیهانى واژۆکرد، بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمى نەوتى کەرکوک، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕى فەرمى وەزارەتەکە.

جەبار لوعەیبى، وەزیرى نەوتى عیراق لە مەراسیمى ئیمزاکردنى یاداشتەکەدا سوربونى وەزارەتەکەى بۆ گەشەپێدانى کێڵگەکانى کەرکوک راگەیاند، لەپێناو کردنەوەى لاپەڕەیەکى نوێ بۆ کارەکانى کۆمپانیاى نەوتى باکور و بەرەوپێشبردنى رۆڵى لە بەرزکردنەوەى بەرهەمدا.

بەپێی یاداشتەکە، کۆمپانیاکە هەڵدەستێت بە روپێوى و ئامادەکردنى توێژینەوە لەپێناو کارکردن لەسەر گەشەپێدانى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک و زیادکردنى بەرهەم، بەجۆرێک کە رێژەى مام ناوەندى بگاتە 750 هەزار بەرمیلى رۆژانه‌.

گواستنەوە بە تانکەر بۆ ئێران

لە پاڵ کارکردن بۆ هەناردەى نەوتى کەرکوک لەرێگەى بۆرییەوە بۆ  تورکیا، وەزارەتى نەوتى عیراق ساڵى رابردوو رێککەوتنێکى لەگەڵ ئێران واژۆکرد بۆ هەناردەى بەشێک لە نەوتى کەرکوک بە تانکەر بۆ پاڵاوگەى کرماشان.

بەپێی رێککەوتنەکە، رۆژانە لەنێوان 30 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوتى خاوى کەرکوک بە تانکەر دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەى کرماشان، له‌ بەرانبەردا هەمان بڕى نەوت بەهەمان کوالێتى لەلایەن ئێرانەوە لە بەندەرەکانى باشورى عیراقەوە لەسەر کەنداو رادەستى عیراق دەکرێتەوه‌.

بەوتەى سەرچاوەکەى کەرتى نەوتى کەرکوک، هەناردەکردنى نەوتى خاو لەرێگەى تانکەرەوە کارێکى گونجاو نییە و تێچوى زۆرە، بەڵام پرسى هەناردەکردنى نەوت بە تانکەر بۆ ئێران “زیاتر سیاسییە وەک پرسێکى تایبەت بە وزە”.

تاران، 30-7-2017، واژۆكردنی چەند بڕیارێك لەلایەن هەردوو وەزیری نەوتی عیراق‌و ئێرانەوە فۆتۆ: وەزارەتی نەوتی عیراق

کۆتایی ساڵى رابردوو جەبار لوعەیبى، وەزیرى نەوتى عیراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران بۆ ماوەى ساڵێکە و دەکرێت نوێبکرێتەوە.

چاوەڕواندەکرا هەفتەى رابردوو هەناردەکردنى نەوت بە تانکەر بۆ ئێران بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام دوو بەرپرسى کەرتى نەوتى عیراقى رۆژى دوشەممە بۆ ئاژانسى رۆیتەرز هۆکارى دواکەوتنى پڕۆسەکەیان بۆ لایەنى تەکنیکى گێڕایەوە.

بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، هێزە عیراقییەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆ دەستپێکردنى هێرشێک لەم هەفتەیەدا بە ئامانجى دابینکردنى ئاسایش لە سنورى زنجیرە چیاکانى حەمرین، بە ئامانجى بەکارهێنانى ناوچەکە بۆ گواستنەوەى نەوت بە تانکەر بۆ ئێران.

ئۆپەراسیۆنەکە سنورێک دەگرێتەوە کە دەکەوێتە نێوان کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک و خانەقین لەسەر سنورى ئێران.

ئەنجومەنى پارێزگا یاداشتێکى ناڕەزایی بەرزدەکاتەوە

لەگەڵ هەوڵەکانى وەزارەتى نەوتى عیراق بۆ هەناردەکردنى نەوتى کەرکوک، لیژنەى وزەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک “یاداشتێکى ناڕەزایی” ئامادەکردوە تا لەلایەن ئەنجومەنەوە رەوانەى وەزارەتەکە بکرێت، بەو پێیەى لە رێککەوتنەکانى تایبەت بە نەوت “پشتگوێخراون”.

ئەحمەد عەسکەرى سەرۆکى لیژنەکە بە (کەرکوک ناو)ى وت “ئێمە لە رێککەوتنەکانى تایبەت بە هەناردەى نەوتى کەرکوک پشتگوێخراوین، بۆیە یاداشتێکمان ئامادەکردوە و رادەستى ئەنجومەنمان کردووە تا ئەویش رەوانەى وەزارەتى نەوتى بکات، وێنەیەکیشى لێ بدرێت بە پەرلەمان و حکومەتى عیراق”.

ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەدواى روداوەکانى 16 ئۆکتۆبەرەوە دانیشتنێکى چەند خولەکى ئەنجامداوەو بەهۆى ناکۆکى نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانییەوە تائێستا نەیتوانیوە کۆبونەوەى دیکە ئەنجام بدات.

كه‌ركوك/13-11-2017/ عه‌بدولجه‌بار لعێبی، وه‌زیری نه‌وتی عیراق فۆتۆ: ئیبراهیم عه‌لی

عەسکەرى جەختیکردەوە، کە لەم رۆژانەدا یادشتەکە رەوانەى بەغدا دەکرێت، ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە پەنا دەبەنە بەر دادگاى فیدراڵى، چونکە بەپێی دەستور دەبێت وەزارەت هەماهەنگى لەگەڵ پارێزگاکان بکات لە دۆسیەى نەوتدا.

ئەمە یەکەمجارە یاداشتێکى لەو شێوەیە ئامادەبکرێت، لەدواى روداوەکانى 16 ئۆکتۆبەرەوە کە  بەهۆیەوە هەناردەى نەوتى کەرکوک راگیرا.

ڕێبوار تەها یەکێک لە نوێنەرانى کەرکوک لە پەرلەمانى عیراق بە (کەرکوک ناو)ى وت “ئەوەى لاى ئێمە گرنگە ئەوەیە داهاتى نەوت بۆ کەرکوکییەکان بێت، چۆن هەناردە دەکرێت ئەوە پەیوەندى بە وەزارەتى نەوتەوە هەیە”.

باسى لەوەشکرد، کە ئەوان لە هەوڵى بەردەوامدان بۆ ئەوەى کەرکوک شایستە داراییەکانى خۆى وەربگرێت، هەروەها لەبودجەى ئەمساڵى عیراقدا پشکى پتڕۆدۆلارى  بۆ دابنرێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن