یەكێتی: لایەنێكی كوردی رێگرن لە دانانی پارێزگاری كەركوك

February 12, 2018 at 8:38 pm

كه‌ركوك/2005/ لایەنگرانی یەكێتی‌ له‌ بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان فۆتۆ: فەریق هەڵەبجەیی

كەركوك ناو
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لایەنێكی سیاسی هەرێم تۆمەتباردەكات بە رێگری لە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك و بەپێویستی دەزانن، میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق بدۆزرێتەوە.

پۆستی پارێزگاری كەركوك، نزیكەی چوار مانگە لەلایەن لێپرسراوێكی پێكهاتەی عەرەبی شارەكەوە بە وەكالەت بەرێوەدەبرێت و تائێستا ئەنجومەنی پارێزگا نەیتوانیووە بۆ دانانی پارێزگاری نوێ‌ كۆبێتەوە، ئەوەش بەهۆی ناكۆكییەوە دەربارەی چەند پرسێك.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، دوای كۆبونەوەیەكی ئاسایی ئەمڕۆ دووشەممە 12-2 لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی دەربڕی بەوەی “لایەنێكی سیاسی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبەكەی شانبەشانی بەشێك لە پێكهاتەكانی توركمان وعەرەبی كەركوك رێگری دەكەن لە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە”، بەبێ‌ ناوهێنانی ئەو لایەنە.

هەروەها هاتووە “دەستبەكاربونی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك دەبێتە مایەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە و دروستبوونی متمانە لەلایەن هاوڵاتیان و رێگریكردن لەو پێشێلكارییانەی لە كەركوك دەكرێت”.

داوا لە حزب و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمیش دەكەن، دوور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و بەبەرنامەیەكی هاوبەشەوە” هەوڵی ئاسایكردنەوەی رەوشی ناوچەكانی جێناكۆك و جێبەجێكردنی ماددەی 140 بدەن.

سلێمانی، 12-2-2018، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

راكان سەعید، جێگری پارێزگاری كەركوك لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە راسپێردراوە بۆ راییكردنی كارەكانی پارێزگار لە جێی نەجمەدین كەریم، كە بە بڕیاری پەرلەمان لە ئەیلولی هەمان ساڵدا لەو پۆستە دورخرایەوە.

یەكێتی لە چەند مانگی رابردودا هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ دانانی رزگاری عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكە وەكو پارێزگاری كەركوك، بەڵام هەوڵەكانیان بەهۆی یەكدەنگنەبونی كورد و ناڕەزایی بەشێك لە توركمان و عەرەبەكان سەركەوتوو نەبووە.

نزیكەی چوار مانگە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، لە پشكی یەكگرتوو نەگەراوەتەوە بۆ كەركوك لەگەڵ ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی گەرانەوەی هێزە عیراقیەكان، جگە لەوەش هەردوو پێكهاتەی توركمان و عەرەب مەرجیان هەیە بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەكاندا.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت، كە 26 ئەندامی لە لیستی برایەتی زۆرینە كورد، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعەو سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەب شەش ئەندام.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە حاكم قادر، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی ئامادەكاری راپۆرتی “ناوچە دابڕێنراوەكان” لە ناوچەكانی كەركوك و بادینان و سەهلی موسڵ و شەنگال بۆ كۆنگرەی حزبەكە جەختیكردۆتەوە لە دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ جێبەكردنی ماددەی 140 بەپێی یاساو دەستوور، تا لە راپۆرتەكەدا جێی بكرێتەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن